تەنها لە نەخۆشخانەیەك زیاتر لە 116 هەزار دۆلار پارەی زیادە لە نەخۆش وەرگیراوە

  2021-03-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، نەخۆشخانەیەكی ئەهلی پارەی زیادەی لە 33 نەخۆش وەرگرتووە كە بڕی زیاتر لە 116 هەزار دۆلار بووە، بۆیە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە هەموو ئەو كەسانەی پارەی زیادەیان لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان لێوەرگیراوە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێكهێنرا بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان وەرگیراوە. 
 
پێشتر وەزارەتی تەندروستی بڕی پارەی نەخۆشخانە ئەهلیەكانی بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا دیاری كردبوو، بەڵام زیاتر لەو پارەیە لە نەخۆشەكان وەرگیرا و بەو هۆیەوە وەزارەتەكە بڕیاریدا لێكۆڵینەوە بكات، ئەوەش دوای ئەوە هات كە وەزاەرتەكە دووجار بڕیاری داشكاندنی نرخەكانی دەركردبوو. 

حەوێزی باسی لەوەشكرد، هەندێك نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەكان خەرجی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیە لیژنەكە سەردانی هەموو نەخۆشخانەكان دەكات، ئەوەشی روونكردەوە "تەنها لە یەك نەخۆشخانەی ئەهلی دەركەوتووە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە كە دەكاتە بڕی زیاتر لە 116 هەزار دۆلار كە لە ئەمڕۆوە بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوه. 

پێشتر وەزارەتەكە لە 13ی ئابی 2020دا رایگەیاندبوو تا ئێستا کەمتر لە 1%ی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان خەوێندراون ئەویش تەنها بۆ چاودێری چڕی هەناسەدان بووە. 

پێشتریش لە رۆژی 10ی ئابدا وەزارەتەكە بە نوسراوی فەرمی رایگەیاندبوو: نرخی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە رێژەی نێوان (40٪ بۆ 50٪) لە کۆی گشتی خزمەتگوزارییەکان بە گوێرەی جۆرەکانی چارەسەری، کەمدەکرێتەوە. هیچ نەخۆشخانەیەک بۆی نیە زیاتر لەو نرخانەی دیاریکراوە پارە لە هاووڵاتی وەربگرێت.


ڕیکلام