جەلالی سام ئاغا: كتێبەكەم بەبێ ژمارەی سپاردن بڵاودەكەمەوە

  2021-03-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەلالی عومەری سام ئاغا، وەڵامێك ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری دەكات و دەڵێت ئەگەر ژمارەی سپاردن نەدەن بە كتێبەكەی ئەوا بەبێ ژمارەی سپاردن بڵاویدەكاتەوە و ئەگەر وەزارەتەكەش پێیوایە یاساشكێنی كردووە دەتوانێت بیدات بە دادگا.


جەلالی عومەری سام ئاغا، بە نوسراوێكی فەرمی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری دەداتەوە و رایگەیاند: قەدەغەكردن و ڕێ پێنەدانی كتێب یا سانسۆر خستنە سەر فكر و نووسین و بڵاوكردنەوە، لە لایەن ئەوانەوە كە لە فكر و قەڵەم دەترسن مێژوویەكی دورودرێژی هەیە، ئەوانەی لە وشە دەترسن زیاتر ئەو ڕژێم و دەسەڵاتە دیكتاتۆر و سەركوتكەرانەن كە نەك هەر لە وشە، بەڵكو لە سێبەری خۆشیان دەترسن.

ئەو كە ماوەی رابردوو ژمارەی سپاردن نەدرا بە كتێبەكەی وتی "بێزار و پەستین بەوەی كە لە هەرێمدا پڕۆسەی ژمارەی سپاردنی كتێب كە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فكرییە گۆڕدراوە بۆ سانسۆر و سنوردانان بۆ ئازادییەكان". 

ئەو لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەی ئاماژەی بەوەكردووە "سەرجەم نوسینەكانی بەرگی یەكەمی كتێبەكەمان كە ئێوە سانسۆرتان لەسەر داناوە و ژمارەی سپاردنی پێ نادەن! (10- دە ساڵ) پێش ئێستا، لە چوارچێوەی دوو كتێبدا بڵاوكراونەتەوە، جگە لەوەی لە هەموو ڕاگەیاندنەكان بەتایبەتی ڕۆژنامەكاندا لە بەردەستی خوێنەراندا بوون". 

ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەو بەرهەمی ئێستاشی كۆكردنەوەو ڕێكخستنەوەی ئەو نووسراوانەیە كە پێشتر بڵاوی كردونەتەوە و دەشڵێت "ئەوانەی بەئاگان لە بواری ڕاگەیاندن و نووسین، دەزانن ئەم هەوڵەی ئێمە چەند تەندروستانە و یاساییانە بە پشویەكی درێژەوە هەنگاوی بۆ نراوە". 

ئەو نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی وەزارەتی رۆشنبیری دەربڕیوە و دەڵێت "ناوەڕۆكی كتێبەكەمان، كەمترین بابەتی بە قەڵەمی ئێمە تێدایە، تەنها ئەو دەمانە نەبێت، بەهۆی پرسێكەوە نوسینێكمان سەبارەت بە دۆستێك یان مرۆڤێكی بەئەمەك لە هاوڕێیانمان بڵاوكردبێتەوە، ئەوە نەبێت، كۆمەڵێك بەڵگەنامە و وتاری خاوەن قەڵەمی تێدایە سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەر دۆخێكی سەردەمی خۆی". 

جەلالی سام ئاغا راشیگەیاندووە ئەو كتێبە كەسانێك بێزار دەكات كە لەوكاتەی ئەو سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی/ سلێمانی بووە ئەوان خەریكی  "خەریكی گەندەڵی و تاڵانكردنی موڵك ‌و ماڵی گشتی بوون". 

ئەو رەتیكردووەتەوە كتێبەكە هیچ بابەتێكی نوێی دۆكۆمێنتی فەرمانگەیی تێدا بێت و دەشڵێت "هیچ نهێنییەكی نوێی سەرۆكایەتییەكەی خۆمانمان بڵاونەكردۆتەوە، چونكە ئێمە ئەرك و كاری وەزیفی خۆمان فەرامۆش نەكردووە و بەرژەوەندی كارە وەزیفییەكانمان نەخستۆتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆمانەوە". 

ئەو بەبیری هێناوەتەوە كە پێشتر كتێبێك لەدژی ئەو دیوانی چاودێری دارایی بەناوی خوازراوەوە بڵاوكراوەتەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و سانسۆرەكەیان دەنگیان نەبووە، هیواشی خواستووە لەسەر بڕیارەكەیان سورنەبن چونكە "ئەم كتێبە دواجار باجەكەی هەرچیی بێت ڕۆشنایی دەبینێت و دەكەوێتە بەردیدەی خوێنەران". 

ئەو رەخنە لە وەزارەتەكە دەگرێت و دەڵێت: بە هەڵە لە ژمارەی سپاردن تێگەیشتون، ژمارەی سپاردن لە بنەمادا بۆ پارێزگاری مافی موڵكییەتی نووسەرە بۆ ئەو بەرهەمەی نووسیویەتی، لە حاڵەتی پێنەدانی ژمارەی سپاردن دەتوانین لەو مافەی خۆمان خۆش بین و بێ ژمارەی سپاردن بڵاوی بكەینەوە، جا ئەگەر پێتان وایە تاوان و یاسا شكێنی دەكەین، فەرمون بماندەن بە دادگا. 

پێشتر نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بارەی هۆكاری پێنەدان ژمارەی سپاردن بە كتێبەكەی ئەو كەسایەتیەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو " كەسێك لەپۆستێكی ئیداریدا بێت، دوای ئەوەی لەو شوێنە نامێنێت، بۆی نیە ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانەی كە كەوتوونەتە بەردەستی بڵاویان بكاتەوە، چونكە لەبەڕێوەبرندا هەندێك دیكۆمێنیت هەیە بۆ بڵاوكردنەوە نین و ئەوە دەبێتە بەكارهێنانی شوێن بۆ مەبەستی تر". 

هەورامی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، بەپێی یاسا بەركارە كارگیڕییە و ئیدارەكانی هەرێم، فەرمانبەر لەكاتی بەردەوامی لەپیشەكەی و دوای پیشەكەشی بۆی نیە ئەو دیكۆمێنتانەی كە لەچوارچێوەی كاری ئیداریدا بەدەستی خستوون بەكاریان بهێنێت، چونكە ئەوە دەچێتە چوارچێوە قەدەغە كراوە ئیدارییەكانەوە.  


ڕیکلام