سوپای ئەمریکا دەروازەکانی شارێکی دەوڵەمەند بە نەوتی لە سوریا داخست

  2021-03-01  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیک) ی ڕوسیا بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا سەرجەم دەروازەکانی شاری شەدادیەی دەوڵەمەند بە نەوتی لە سوریا داخست، کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەو هێزانەی لێیە و دەکەوێتە باشوری شاری حەسەکەی سوریاوە.

ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا فەرمانی کردووە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە داخستنی دەروازەکانی شارەکە و ڕێگریکردن لە هەرچوونە دەرەوە و هاتنێک بۆی، لەگەڵ داخستنی تەواوی بازاڕ و کۆگا بازرگانییەکان.

ئاژانسە رووسیەکە لە زاری سەرچاوە ناخۆییەکانی پارێزگای حەسەکە بڵاویکردەوە، هۆکاری یەکەم بۆ داخستنی شارەکە، ئەو ڕاگەیاندنی باری نائاساییە کە سوپای ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاندووە، پەیوەندیی هەیە بەو هێرشەوە کە کراوەتە سەر چەند خالێکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک کارگەی غازی (جبسە) لە ناوچەکە.

هۆکاری دووەمیش پەیوەندیی هەیە بە داخستنی بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی کێڵگەکانی نەوتی جبسە، بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تیایدا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناوچەکە دوو زیندانی چەکدارانی داعشی تیادایە، کە هەزاران چەکداری زیندانیکراوی عەرەب و بیانی لە خۆ دەگرێت.



ڕیکلام