ڕۆیتەرز: ئیدارەی بایدن بە نهێنی گفتوگۆی لەگەڵ حوسیەکان کردووە

  2021-03-03  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، نوێنەرانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لەگەڵ گروپی حوسییەکان (ئەنساروڵا)ی یەمەن بە نهێنی لە شاری مەسقەتی پایتەختی دەوڵەتی عومان کۆبوونەتەوە.

ئاژانسەکە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دیدارەکە لە نێوان (تیمۆنی لیندرگینگ) نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ یەمەن و (محەمەد عەبدولسەلام) گەورە وتوێژکاری حوسییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ زانیارییەک دەربارەی ناوەرۆکی وتووێژەکان ئاشکرا نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لە ڕۆژی ٢٦ی شوباتی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بە واتای دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر بڕیارێکی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کە ناوی گروپی حوسییەکان (ئەنساروڵا)ی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتەکەی هێنایە دەرەوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنە نوێیانەدایە، کە ئیدارەی بایدن لە مانگی ڕابردووەوە گرتوویەتیە بەر لە بەرامبەر هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و رایگەیاند، کۆمەکە سەربازییەکانی بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە ڕادەگرێت.

ئاشکرایشیکردووە، شاندی ئەمریکا فشاریان لە حوسییەکان کردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر پارێزگای مەئرەب لە ناوەڕاستی یەمەن ڕابگرن و هانی گروپەکەشیان داوە بکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ سعودیەدا سەبارەت بە ڕاگرتنی ئاگربەست.

دوای ئەو دیدارەش حکومەتی سعودیە ئاستی نوێنەرایەتی خۆی لە گفتوگۆکان لەگەڵ حوسیەکان بەرزکردووەتەوە، بەشێوەیەک لە ئێستادا باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات لەگەڵ حوسییەکاندا.

لە کۆتاییدا ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، لەکۆتایی دیدارەکەدا ڕێکەوتن کراوە و بەم نزیکانەش دەقەکەی ئاراستەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت لە یەمەن، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئامادەکارییەکان بکات، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی یەمەن و حوسییەکان، بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست.



ڕیکلام