تورکیا: هەموو بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی دژی ئەنقەرە ڕەتدەکەینەوە

  2021-03-06  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڕیارەکانی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی ڕەتدەکاتەوە، سەبارەت بە دەستوەردانەکانی تورکیا لە دەوڵەتانی عەرەبی.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە بەڕێوەچووە، ڕەتدەکەنەوە و پشت بە هیچ بەڵگەیەن نابەستێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕیارانە پشتیوانی گەلانی عەرەبی لەگەڵدا نییە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو لێدوانانە هەوڵی شکستخواردوویانە بۆ داپۆشینی چالاکییە وێرانکارییەکانیان لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەی وەوارەتی دەرەوەی تورکیادا ئاماژە بەوەشکراوە، پاراستنی سەروەریی و یەکێتی خاکی وڵاتانی عەرەبی، لە کارە هەرە لە پێشینەکانی ئەنکەرەیە لە ناوچەکەدا.

داواشی لە کۆمکاری عەرەبی کردووە، هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ چەسپاندن و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئەو هەڵوێستانەی تورکیا لە کاتێکدایە، ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی لە بەیاننامەی کۆتایی خۆیدا ئیدانەی دەستوەردانەکانی تورکیای کردووە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبیدا، داواشیان لە ئەنکەرە کرد هێزەکانی لە سوریا و لیبیا و عێراق بکشێنێتەوە و دوور بکەوێتە کارە ئیستیفزازییەکانی، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.



ڕیکلام