ئەنجوومەنی وەزیران: خەرجییەکان ڕێکدەخرێنەوە بەمەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆریی ئاسایی

  2020-06-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و بڕیاریدا بەڕێکخستنەوەی خەرجییەکان بەمەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆریی ئاسایی و درێژکردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو تا 1ی ئەیلول .

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەتەوە و گفتوگۆی کردووە دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریدایە، بەمەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە .

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردووەتەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی موچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشینبوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردرا، لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن .

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی ١٥% درێژبکرێتەوە تاوەکو ڕۆژی 1ی ئەیلول .

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانووستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کراون و بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاڕاستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێیگەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لەچوارچێوەی دەستووری عێراق.




ڕیکلام