پەرلەمانی سوید.. لە مەزڵومیەتی کوردەوە بۆ ستەمکاری کوردی

  2021-03-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێرە پەرلەمانی سویدە، تا دوێنێ لەم پەرلەمانە باس باسی مەزڵومیەتی کورد وباسی ئەنفال و هەڵەبجە بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەر لەم پەرلەمانە ناوی کورد لەگەڵ ستەمکاریی و دژە ئازادی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەهێنرێت.


ئەمەش لە ئەنجامی شێوازی مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بیروڕای ئازاد و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان، ئامینە کاکە باوە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە ولەسەر لیستی پارتی چەپ ئەندامی پەرلەمانی سویدە، رۆژی سێشەممە دوو دۆسیەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان بردە ناو هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی سویدەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیشی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بانگهێشتی پەرلەمان کرابوو.

ئەو دوو دۆسیەی کە ئامینە خستییە روو سزادانی پێنج لە دەستگیرکراوەکانی بادینان و دۆسیەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بوو لە شاری سلێمانی ئامینە نزیکەی نیو کاتژمێر قسەی لەبارەی هەر دوو دۆسییەکە کرد و ناوبەناویش بۆ زانینی هەڵوێستی حکومەتی سوید لە بەرامبەر ئەو پێشلکاریانەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی سوید دەکرد.

ئامینە کاکە باوە لە قسەکانیدا وتی: حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی 26 رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی بادینانی زیندانیکردووە، بەهۆی ئەوەی رەخنەیان گرتووە دەشڵێت حکومەتی هەرێم چەندینجار خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەربڕینی ئازادی بیروڕای سەرکوت کردووە و رۆژنامەنووسانی ڕەخنەگریش فڕێندراون و دواتر تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.

ئامینە کاکە باوە دەڵێت ئەوەی جێگەی مەترسییە بەکارهێنانی یاساکانی سەردەمی سەدامە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی رەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن بەتایبەت مادەی 156ی سزادانی عێراقی.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند ئەم بابەتە نەک هەر بۆ من بەڵکو بۆ بەشێكی زۆر لە کوردانیش جێگەی سەرنجە، چونکە ئەوان دەیان ساڵ بۆ ئازادی شەڕیان کردووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئامینە کاکە باوە داوایکرد حکومەتی سوید کار بکات بۆ رازیکردنی حکومەتی هەرێم بۆ رێزگرتن لە ئازادییەکان و ئازادکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکانی بادینان.

بە وتەی ژمارەیەک لە چالاکی کورد کە ئامادەی نیشتنەکە بوون خاتوو ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید،کە خۆشی یەکێکە لە دۆستە دێرینەکانی کورد بەڵێنیداوە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بکات و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بیان جوڵێنێت.

جوڵاندنی پرسی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی سوید لە کاتێکدایە ساڵی 2012 پەرلەمانی سوید وەک یەکەم پەرلەمانی ئەوروپی شاڵاوەکانی ئەنفالی بە تاوانی جینۆساید دژ بە گەلی کورد ناساند.

بەڵام ئێستا بارودۆخ تەواو پێچەوانە بووەتەوە پێشتر باسی ئەو پێشێلکاریانە دەکرا کە دژی کورد ئەنجامدراون و کورد وەک گەلێکی ستەم دیدە نیشان دەدرا، کەچی ئێستا رەخنە لە حکومەتی کوردی دەگیرێت بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە ئەم کابینەی حکومەتی هەرێم ئەنجامی دەدات تەنیا پەرلەمانی سوید نییە کە رەخنە لە پێشێلکارییەکانی حکومەتی هەرێم دەگرێت، لە بواری ئازادی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ.

بەڵکو دوای دەستگیرکردنی چالاکان و رۆژنامەوان و خۆپیشاندەرانی دهۆک لە ساڵی رابردوو وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی توندیان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە لەو بارەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هۆشداری دایە مەسرور بارزانی و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە عێراق دووجار لەو بارەوە هۆشداری داوە و دەڵێت بە وردی چاودێری دادگایکردنی دەستگیراوانی بادینان دەکەن.

هەروەها رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەوانان CPJ رایگەیاند حکومەتی هەرێم وازی لەوە هێناوە وا پیشانی بدات کە گرنگی بە ئازادی رادەربڕین دەدات ئەوە جگە لە ناڕەزایی رێکخراوەکانی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و رێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ بەپێی هەموو لێکدانەوەکان، ئەو رەخنانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە جیهانییەکان.


ڕیکلام