ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان واشنتۆن و تاران لەئارادایە

  2021-03-11  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا، لە زاری دیپلۆماتکارە خۆرئاواییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەگەری ئەوە هەیە گفتوگۆ لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە دەستپێبکاتەوە.

ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ زاری دپلۆماتکارە ئەوروپی و ئەمریکییەکانەوە بڵاویکردەوە، سەرباری ئەو قەیرانەی کە دروستبووە لەبەردەم هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان، چاوەرواندەکرێت گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاراندا لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ئەوا چاوەڕواندەکرێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، ڕێکبکەون لەسەر هەنگاوی دیکە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و خۆرئاوا، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئیمزا کراوە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، هەردوولا ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بوونەتەوە، لەوەی بتوانن هەنگاوی بچوک بنێن بۆ لێکنزیکبوونەوە، بە تایبەت دوای سێ هەفتە لە لێدوانێکی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کە ئامادەیی وڵاتەکەی دەربری بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا ئیدارەی بایدن لەژیر دوو فشاری گەورەدایە، لەلایەن فشاری هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران،  فشاری کۆنگرێسی وڵاتەکەی کە ژمارەیەک لە یاسا دانەرانی ئەمریکا دژی ئەوەن، واشنتۆن هیچ جۆرە سازشێکی نوێ بۆ تاران بکات و داوای ئەوە دەکەن ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران فراوانتر بێت، تا پرۆگرامی موشەکە بالیستییەکانی ئەو وڵاتەش بگرێتەوە.

لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پینج کۆ یەک لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و زنجیرەیەک سزای توندی ئابوری سەپاند بەسەر ئێراندا، لەو کاتەوەش ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنۆتن لە پەرەسەندندایە.



ڕیکلام