ئازادکردنی بکوژی کونسوڵی تورکیا ناکۆکی لە نێوان دوو وەزارەتی ئەمریکا دروستکردووە

  2021-03-12  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی لە پلانی ئازادکردنی هاوڵاتییەکی بە رەچەڵەک ئەرمەنی گرت، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیندانیکراوە، تاوانبارە بە گوشتنی کونسولی تورکیا لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٢ و سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی هەیە.

ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەک بڵاویکردەوە، وەزارەتەکەی بیهوایەکی قوڵی هەیە سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی (هامبیک سانسۆنیان) ئەو هاوڵاتییە بە رەچەڵەک ئەرمەنییە.

جەختیشیکردەوە، هێرشکردنە سەر ئەو دیپلۆماتکارە بە تەنها تاوانێکی مەترسیدار نییە لە دژی کەسێک، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر سەرتاپای دیپلۆماسیەت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە تا ئێستاش جێگیرە، کە بە پێویستی دەزانێت توندترین سزا بسەپێنرێت بەسەر ئەنجامدەری کرداری تیرۆرکردنی ئەو دیپلۆماتکارە و ڕێگە نەدریت سزاکەی بۆ سوک بکرێت، چونکە ئەوە دڵنییاییە بۆ ئاسایشی دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا.

لە لایەکی ترەوە عەبدولحەمید گویل وەزیری دادی تورکیا لە نامەیەکدا بۆ داواکاری گشتی ئەمریکا، جەختیکردووەتەوە ئازادکردنی بە مەردی سانوسیان، بڕیارێکی زۆر هەڵەیە و پەیامیکی ترسناکە بۆ ئەو هێزانەی کە پێیان وایە تیرۆر هۆکاریکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.

هامبیک سانوسیان بە رەچەڵەک ئەرمینی و خاوەن رەگەزنامەی ئەمریکا، کە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەدایک بووە، ئەنداکی یەکەی (مغاویر)ی دادپەروەریی بۆ قەلاچۆکردنی بە کۆمەڵی ئەرمەنەکان، لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ کەسێکی دیکەدا کەمال ئاریکا کونسوڵی گشتی تورکیایان لە شاری لوس ئەنجولسی ئەمریکا کوشت.

لە ساڵی ١٩٨٤دا دادگای ئەمریکا سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی سەپاند بەسەر سانۆسیان، بێ ئەوەی هیچ پێداچوونەیەک بکرێت بە حکومەکەیدا.

بە گوێرەی یاسای ویلایەتی کالیفۆڕنیا، هەر کەسێک ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ زیندانیکردن بەسەر بەرێت، مافی ئەوەی هەیە داوای ئازادبوونی مەرجدار بکات، سانوسیان یەکێکە لەوانەی ئەو یاسایە دەیگرێتەوە.

تا ئیستا سانوسیان چەند جارێک ویستوویەتی سود لەو یاسایە وەربگرێت، بەڵام دادگای ئەمریکا لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٠ و ٢٠١٣  ئەو داوایانەی رەتکردووەتەوە.  



ڕیکلام