چین 200 هەزار دۆزی کۆرۆنا بە دیاری پێشکەشی عێراق دەکات

  2021-03-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق داوای لە چین کرد، بڕی یەک ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی دژی کۆرۆنای پێ بفرۆشێت، حکومەتی چینیش ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی ئەو داوایە لە مانگی نیسانی داهاتوودا دەگات و بڕی 200 هەزار دۆزیشی بە دیاری پێشکەش دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فوئاد حسین وەزیری دەرەوە لەگەل وانگ ییی هاوتا چینییەکەی بە تەلەفۆن قسەی کردووە و گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و تاوتوێکردنی دۆخی کۆرۆنا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە فوئاد حسین سوپاسی حکومەت و گەلی چینی کردووە، لە پشتیوانییەکانی لە عێراق، دواترینیان پێشکەشکردنی بڕی ٥٠ هەزار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا وەک دیاری بۆ عێراق.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەکردووە، ئەرکی حکومەتی چینە هاوکاری گەلی عێراق بکات، جەختیشیکردەوە لەم نزیکانەدا بڕی ٢٠٠ هەزار دۆزی دیکەی زیادە وەک دیاری بۆ عێراق دەنێرن.

لەبەرامبەر داوای فوئاد حسین کە حکومەتی عێراق ئامادەیە بڕی یەک ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بکڕێت، لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی چین جەختیکردووەتەوە، چین ئامادەیە داخوازییەکانی گەلی عێراق دابین بکات.

وەک لە بەیاننامەکدا ئاماژەی پێکراوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە بەهیزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەو کۆمپانیا چینییانەی کە لە عێراق کار دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٧٥٠ هەزار و ٢٦٤ کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش ٦٧٧ هەزار و ٧٤٢ کەس چاکبوونەتەوە .

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە ڕۆژانە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بڵاویاندەکاتەوە، تا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ١٣٦٩٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام