دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە سەرۆکی ئەمریکا دەسەندرێتەوە

  2021-03-13  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یاسا دانەرانی حزبی دیموکراتی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاردەکەن لەسەر دەرکردنی هەموارێکی یاسایی بۆ سەندنەوەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە لایەن سەرۆکەوە، کە چەند دەیەیەکە بەکارهێنراوە بۆ هێرشەکانی دەرەوەی وڵات.

گریگۆری میکس ئەندامی کۆنگرێس لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات ڕایگەیاند، بەم نزیکانە گفتوگۆی هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە سەرۆک دەسەندرێتەوە، کە پێشتر ڕێگەی پێدرا بۆ بەکارهێنانی لە جەنگی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٢.

لە لایەکی ترەوە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانیش بە هەمان شێوە دەیانەوێت دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ بگەڕێنەوە بۆ کۆنگرێس و سەندنەویە لە کۆشکی سپی.

لە دوای هێرشە ئاسمانییەکان لە سوریا، کە لە ماوەی ڕابردودا بە فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەنجامدران، ژمارەیەک لە ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا داوایان کرد، دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە یاسای لە سەرۆک بسەندرێتەوە.

ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ڕابردوودا رەزامەندی نیشاندا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە لایەن سەرۆکەوە، بەڵام لە ئەنجومەنی پیران پەسەند نەکرا، کە ئەو کات کۆمارییەکان زاڵبوون بەسەر بڕیارەکانیدا.

بە گوێرەی دەستوری ئەمریکا، راگەیاندنی جەنگ لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدابە نەک سەرۆک، بەکار ئەو دەسەڵاتە گۆڕانی بەسەردا هات، دوای بڕیاری کۆنگرێس بە پێدانی دەسەڵات بە سەرۆک، بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی، کە نەبەستراوەتەوە بە کاتێکی دیاریکراوەە، وەک ئەو کاتەی لە دوای ڕوداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ دەسەڵاتی دا بە سەرۆکی ئەمریکا جەنگی لە دژی ڕێکخراوی قاعیدە راگەیاند.

باربەرا لی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی زیاتر لە ٤٠ جار بەکارهێنراوە، وەک بیانوویەکی بۆ هێرشکردن لە ١٩ وڵاتدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بەو حەنگە بهێنرێت کە کۆتایی نایەت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە دەبێت پێداچوونەوە بکرێت بە یاسای بەکارهێنانی هێزی سەربازیدا.



ڕیکلام