وەزارەتی نەوت: تا ئێستا هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەست نەکردووین

  2021-03-14  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی لە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە.

حامید یونس زەوبەعی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ناوەند تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی بەرهەمهاتووی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە.

جەختیشیکردەوە لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهیوای گەشتن بە ڕێککەوتنێکی دوولایەنە کە بەشێوەیەکی گشتی خزمەت بە وڵاتەکە بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای سعودیە ئێستا عێراق دووەم وڵاتە لە ڕووی زۆرترین هەناردەی نەوتەوە لەناو ڕێکخراوی ئۆپیکدا، بەو هۆیەشەوە پێگەی سیاسی بۆ دروست بووە و کاریگەریی هەیە لەسەر بڕیار و سیاسەتەکانی ڕێکخراوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بنیات بنرێن، کە خزمەت بە وڵات بکات.

جەختیشیکردەوە ساڵی ڕابردوو عێراق ڕۆڵێکی گەورەی گێراوە لەگەڵ ئۆپیک، لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان و دۆوینەوەی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێن و بەرکاربەراندا، هەر ئەوەش وایکردووە نرخی نەوت بەرزبێتەوە بۆ سەروی ٦٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.



ڕیکلام