د.کەمال مەزهەر.. هەگبەى پڕ حەقیقەتى مێژوو

  2021-03-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

لە دیدارێکدا بە سەدام دەڵێت: "هەر کاتێک بەرپرسەکان پارە و ئاڵتون و سامانیان کۆکردەوە و میللەتەکەش هەژار بوو، ئەوا نیشانەى کەوتنى رژێمە"

"جوگرافیای کوردستان بوو بە تەوقی نەگبەتی و چووە ملی کوردەوە"، "هەڵەیە کە دەڵێن کورد نەوەی میدیا و کەیخوسرەوە"

ئەمانە بەشێکن لە وتەکانى د.کەمال مەزهەر، کە نزیکەى 60 ساڵى رەبەقى تەمەنى بەخشییە، خوێندنه‌وه ‌و نووسین ‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ مێژووی‌ كورد.

کەمال مەزهەر ئەحمەد، ساڵى 1937 لە ناحیەى ئاغجەلەرى سەر بە قەزاى چەمچەماڵ لە پارێزگاى کەرکوک لە دایکبووە

لەبارەى شوێنى لە دایکبوونییەوە د.کەمال دەڵێت: "لەو كاتەوە كە هەستی نەتەوەییم لا دروست بووە، زۆر شانازیم بەوە كردووە كە لە دایكبووی گوندی ئاغجەلەری سەر بەپارێزگای كەركوكم"

ساڵى 1959 بەشى مێژووى لە زانکۆى بەغدا تەواوکردووە، ساڵى 1963 لە یەكێتى سۆڤیەتی پێشوو دكتۆرای لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی بە دەستهێناوە و تێزی‌ دكتۆراكه‌ی‌ به‌ناونیشانی‌ "بزاڤی‌ رزگاریخوازی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له ‌كوردستانی‌ عێراق له ‌ساڵانی‌ 1918 – 1932" بووە

1969 دكتۆرای ناوکى لە هەمان پەیمانگەدا بەدەست هێناوە یەکەم فێرخوازى کورد و عێراق بووە ئەو بڕوانامەیە بەدەستبهێنێت تا ئەوکاتە له‌ دوای‌ 11ى ئازارى 1970 له ‌به‌شی‌ مێژووی‌ كۆلێژى ئه‌ده‌بیاتی‌ زانكۆی‌ به‌غدا وه‌كو مامۆستا دامه‌زراوه‌.

ساڵانى 1971 تا 1974 لە سەرۆکایەتى کۆمار کارى کردووە بۆ پرسە مێژووى و رۆشنبیرییەکان بۆ ماوەى 39 ساڵى تەواو مامۆستاى زانکۆى بەغدا بووە تا خانەنشینبوونى لە ساڵى 2009 دا

د.کەمال مەزهەر خاوەنى دەیان کتێبى مێژووى بە نرخە کە وەک گەوهەر لە کتێبخانەى کوردییدا دەدرەوشێنەوە، چەندین قوشبنى تاریکى مێژوویان خستووەتەبەر.

بە بڕواى شارەزایانى مێژوو کەمال مەزهەر یەکێکە لەو پسپۆڕانە کە دەتوانرێت وەک خاڵى وەرچەرخانى مێژووى کورد سەیر بکرێت.

بەجۆرێک ئەگەر شەرفخانى بەدلیسى وەک باوکى مێژووى کورد بناسرێت و ئەمین زەکى بەگ رچەشکێن و سەرمەشخەڵى مێژوونووسانى تازەى کورد بێت، ئەوا د.کەمال مەزهەر دەبێتە پاککەرەوەى لێڵاوى مێژووى کورد و دەرهێنانى لە تاریکى ئەفسانە و خورافیات بۆ حەقیقەت و پەیبردن بە راستییەکانى رابردوو.

بە درێژایی تەمەنى زانستى سەرپەرشتى زیاتر لە 100 نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا و لێکۆڵینەوەى کردووە بە زمانەکانى کوردى، عەرەبى و روسى.

د.کەمال مەزهەر پێیوابووە، نەبوونى دەرچەى دەریایى  کۆسپى نەگەیشتنى کوردستانە بە سەربەخۆیى لەمبارەوە نوسیویەتى: "بۆ ئێمه‌ جوگرافیا بوو به‌ته‌وقی‌ نه‌گبه‌تی‌‌ و هاته‌ گه‌ردنمانه‌وه‌"

دواجار د.كه‌مال هه‌ڵه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌ راستده‌كاته‌وه‌ کە دەڵێن کورد نەوەی میدیا و کەیخوسرەوە لەوبارەیەوە دەڵێت: به‌وه‌ زوڵمێكی‌ زۆر له‌ مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ده‌كه‌ین چونكه‌ میدییه‌كان ده‌وری‌ دوه‌میان هه‌یه‌ له‌دروستبونی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد

گه‌لانی‌ زاگرۆس‌ و گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ خۆی‌، لۆلۆ و گۆتی‌‌ و سۆباری‌ كه‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌کە بوون‌ و له ‌هیچ شوێنێك بۆی‌ نه‌هاتبوون ده‌وری‌ سه‌ره‌كیان له‌ دروستبونی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورددا هه‌یه.‌

بە پێچەوانەى قسە باوەکانەوە کە زۆرجار دروستنه‌بوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ ده‌خرێتە ئه‌ستۆی‌ ئینگلیزه‌کانەوە د.کەمال مەزهەر پێیوایە به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌ت بووه‌ بۆ كورد

بۆیه‌ سێ‌ بڕگه‌ی‌ په‌یمانی‌ سیڤه‌ر بۆ پرسی‌ كورد دانرابوو به‌ڵام نه‌گبه‌تی‌ كورد بوو کە مسته‌فا كه‌مال ئەتاتورک سه‌ركه‌وت ئه‌گینا ده‌توانرا له‌وكاته‌دا ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ دابمه‌زرایه‌.

پرۆفیسۆر کەمال مەزهەر زۆرجار لەلایەن سەرۆک و بەرپرسانى گەورەوە پرسى پێکراوە بە بەڵگە و دیکۆمێنتە مێژووییەکان راستییەکانى لەژێر خۆڵەمێشى کوژاوەى نەتەوە سەردەستەکانى ناوچەکەدا دەرهێناوە

کەمال مەزهەر دەڵێت:

جارێکیان سەرجەم پسپۆڕانی بواری مێژووییان کۆکردەوە و بردینیان بۆ لای سەدام حسێن و پێیان وتین سەرۆک دەیەوێت لە گەڵتانا هەندێک بیروڕا بگۆڕێتەوە.

سەدام حسێن پرسیارێکی ئاڕاستەی هەموومان کرد و وتی: بۆچی هەرچی سەرۆک هەیە لەم ناوچەیەدا، لە کۆتاییدا بەبێ بەرگری دەڕووخێت؟ دەمەوێت رای ئێوە لەم بارەیەوە بزانم.

هەریەکە و بەشێوەیەک وه‌ڵامی بۆ ئەم پرسیارە هەبوو، یه‌كێ دەیوت خیانەتی ناوخۆییە، یەکێ تر دەیوت پلانگێڕی وڵاتانی دراوسێکانە، یەکێكی تر دەیوت ژمارە و ئازایەتی سەربازەکان دەور دەبینێت.

نۆرەی قسە گەیشتە سه‌ر من، منیش وتم جه‌نابی سەرۆک من دەمەوێت باسی رووداوێکی مێژوویی بکەم وتم، کاتی خۆی مەغۆلەکان کە هاتن بۆ داگیرکردنی عێراق، زۆر بە ئاسانی تا بەغدا رۆیشتن و ئەوەیان کرد کە مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە، بەڵام مەبەستی من لابردن و رووخانی دەسەڵاتی عەباسییەکان نییە، بەڵکو هۆکاری ئەو رووخانە باس دەکەم .

وتم دەزانی ئەو کاتەی مەغۆلەکان هاتنە بەغدا و چوونە ناو قەسر و ماڵی دەسەڵاتدارانەوە، بەکیلۆ زێڕ و زیو و ئاڵتوونیان بارکرد ئەمە جگە لە پارەیەکی زۆر .

سەدام زۆر بە جوانی گوێی بۆ گرتبووم و سەرسام بوونی پێوە دیاربوو، بۆیه‌ وتم ئەو کاتەی فەرماندەی هێزەکەی مەغۆل کە چووە بەغدا و ئەو هەموو خشڵ و ئاڵتوون و پارەیەی لە حەشارگە و کۆگای بەرپرس و دەسەڵاتدارە پایە بەرزەکانی ئەوێدا بینی، لەوێدا قسەیەکی مێژوویی کرد و وتی، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ئەم سەروەت و سامانانەی کە کۆیان کردووه‌تەوە بۆ خەڵکەکەی خۆیان سەرف بکردایە زۆر ئەستەم بوو ئەم وڵاتەمان بۆ داگیر بکرایە.

به‌ سه‌دام حسێن-م وت، مەبەستی من لەم بەسەرهاتە مێژووییە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە هەر خەریکی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بوون و میللەتەکەی خۆیان لەبیرکردبوو، خەڵکیش کە برسی بوو بیری لای بەرگریکردن نییە و تەنانەت ناتوانێت بەرگریش بکات، بۆیە ئیتر داگیرکەر بە ئارەزووی خۆی چی بوێت دەتوانێت بیکات .

سەدام حسێن وتی، تا ئێستا شتی وەهام نەبیستووەو ئەمە زانیارییەکی تازە و باشبوو.

د.کەمال مەزهەر لە دواى راپەرینى بەهارى ساڵى 1991، نەگەڕایەوە بۆ کوردستانى ئازادکرا و هەر لە بەغدا مایەوە، بەڵام پەیوەندییەکى توندوتۆڵى لەگەڵ سەرکردەکانى کورد بە تایبەتى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى هەبوو.

لە بەرەنجامى ئەو دۆستایەتى و پەیوەندییە یەکێک لە گرنگترین و پڕبایەخترین کتێبەکانى لەدایکبوو ئەویش "كركوك وتوابعها … حكم التأريخ والضمير"

کە یەکێکە لە بەڵگەنامە گرنگ و مێژووییەکان و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانى كوردی، ئینگلیزی و توركی.

لەبارەى چیرۆکى نووسینى ئەو کتێبە د.کەمال مەزهەر دەڵێت: بەرگی یەكەمی ئەو كتێبە 230 لاپەڕەیییەم بەنهێنی لە بەغدا نووسی و لە ڕێگەی كوردەكانی ئێرانەوە بەتایبەتی عەبدوڵا حەسەنزادە كە دەستنووسەكانی بۆ دەبردمە شاری سلێمانی و لە ڕێگەی مام جەلال و بەسەرپەرشتی مستەفا ساڵح كەریم چاپ دەكرا

هەر لەبارەى پەیوەندییەکانى خۆى و تاڵەبانى د.کەمال مەزهەر لە دیدارێکى رۆژنامەنووسیدا دەڵێت: لە مێژ بوو جەنابی مام جەلال داوای لێ كردبووم بچمە بەریتانیا و لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی حكومەتی بەریتانیا كار بكەم

ئەو وەختە ڕۆژگاری سەدام بوو، نەمدەوێرا ئەو كارە بكەم سەدام گاڵتەی پێ نەدەكرا، ئەو كاتە من هەر گەشتێكی دەرەوەم بكردایە دەبوو هاوسەرەكەم لە بەغدا بەجێ بێڵم واتە ئەگەر نەگەڕامایەتەوە وەك بارمتە مامەڵەى لەگەڵ دەكرا

بەهەمان شێوە ئەگەر هاوسەرەكەم گەشتی دەرەوەی بكردایە ئەوا دەبوایە من لە بەغدا بمێنمەوە و ڕێگەیان نەدەداین بەیەكەوە گەشت بكەین

بەڵام دوای ئەوەی بۆ ماوەی 7 مانگ نەخۆش كەوتم و لە شاری مانچستەری بەریتانیادا مامەوە مام جەلال داوای لێ كردم دەرمانەكانم لە مانچستەرەوە بۆ لەندەن بگوازمەوە و لەوێ لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی حكومەتی بەریتانیا كار بكەم

پێشتر دەمزانی كە ئەو بەڵگەنامانە بایەخدارن بەڵام نەمدەزانی بەو ڕادەیە و وەك دەریایەكی بێ بن هەموو شتێكی تێدایە پێشتر چەند جارێك وتوومە كە مێژووی ڕاستەقینەی نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی تر لە بەڵگەنامەكانی ئەو ئەرشیفەدایە

د.کەمال مەزهەر لە کۆتاییەکانى ساڵى 2018ەوە بەهۆى نەخۆشییەوە رەوانەى وڵاتى ئەڵمانیا کرا، زیاتر لە دوو ساڵ گیرۆدەى نەخۆشییەکی درێژخایەن بوو

تا دواجار لە رۆژى 16ى ئازارى 2021، لە نەخۆشخانەیەکی شاری (بۆن)ی ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.

د.کەمال مەزهەر هەرچەندە بە جەستە دوورکەوتەوە بەڵام کتێبەکانى بۆ هەمیشە وەک سەرچاوەى زانستى مێژوو بە زیندوویی دەمێننەوە



ڕیکلام