بەرهەم ساڵح لەگەڵ شاندنی دانوستانکاری هەرێم تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیان کرد

  2021-03-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێوارەی ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، لەگەڵ شاندنی دانوستانکاری هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆبۆوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کۆمار، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق.

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بودجە، پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بەغدا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکایەتی شاندەکەی هەرێم دەکات لە تویتێکدا بڵاویکردەوە،  "لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەربەرزم جارێكیتر سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتی هەرێم دەكەمەوە بۆ بەغدا".

بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە، پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت، تاوەکو ئێستا شاندی هەرێم نزیکەی 15 جار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام ماونەتەوە.



ڕیکلام