سێ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕی

  2021-03-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

سێ ساڵ لەمەوبەر دواى بەرخودانێکى 58 رۆژە، هێزەکانى دەوڵەتى تورکیا و گروپە توندڕەوەکانى سەر بە ئەنقەرە چوونە ناوەندى شارى عەفرینەوە.

یەکەم کارى ئەو هێزانە رووخاندنى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر بوو، هەموو رق و قینى خۆیان بەرامبەر بە کورد بەسەر پەیکەرەکەى کاوەدا رژاندیان، دواتر دەستیان کرد بە دەرکردنى هاوڵاتیان کورد لەزێدى باب و باپیرانیان

سوپاى تورکیا پێشکەوتووترین فڕۆکە و چەکى مۆدێرنى لە شەڕى عەفریندا بەکارهێنا، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لە بەرامبەر هێرشى تورکیا بێدەنگ بوون.

تورکیا بە زیاتر لە 50 فڕۆکەى جەنگى و هەزاران چەکدار هێرشى بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد

خەڵکى عەفرین و شەڕڤانانى کورد 58 رۆژ بەرخودانێکى مەزنیان پیشاندا و شەڕى عەفرین لەناو کوردان وەک بەرخودانى سەردەم ناسرا.

لە ئەنجامى شەڕى عەفرین سەدان هاوڵاتى مەدەنى شەهید بوون و سەدانى دیکەش برینداربوون هەروەها نزیکەى 350 هەزار هاوڵاتى لە ترسى گروپە چەکدارییەکان و سوپاى تورکیا و پاراستنى گیانى خۆیان لە عەفرین ئاوارەبوون و لە کەمپەکانى ناوچەى شەهبا لە نێوان کۆبانێ و عەفرین نیشتەجێبوون.

بەگوێرەى ئامارەکان، ئێستا تەنیا 15%ى هاوڵاتیان کورد لە عەفرین ماون، ماڵ و موڵکى ئەو کوردانەى کە ئاوارە بوون کە بەسەر عەرەب و تورکمانەکانى حەلەب و ئیدلیب دابەشکرا، بەوەش بە تەواوى دەستیان کرد بە گۆڕینى دیمۆگرافیاى عەفرین.

هەر بەگوێرەى ئەو ئامارانەى لە رۆژئاواى کوردستان بڵاوکراونەتەوە، هەزاران عەرەبى غوتە، دەرعا، جندرێس، مابەتا و بلبلێ لەسەر ماڵ و حاڵى کوردان جێگیرکراون.

رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لە رۆژئاواى کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ماوەى ئەم سێ ساڵەدا زیاتر لە 600 هاوڵاتى لە عەفرین کوژراون و زیاتر لە 700 کەسى دیکە برینداربوون کە لەناو ئەوانەدا سەدان ژن و منداڵ هەن.

ئەوە سەربارى ئەوەى لەو ماوەیەدا زیاتر لە حەوت هەزار کەس دەستگیرکراون کە سێ هەزار و 500 کەسیان بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، هەروەها بە سەدان ژن فڕێندراون و کوژراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 گروپە چەکدارەکانى عەفرین لەژێر چەترى تورکیا و پێشێلکاریی گەورەیان لە عەفرین ئەنجامداوە و دەستیان کردووە بە گۆڕینى ناوى شوێنەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ زمانى تورکى وەک گۆڕینى ناوى گۆڕەپانى نەورۆز بۆ سەڵاحەدین و گۆڕینى ناوى گۆڕەپانى کاوەى ئاسنگەر بۆ چڵە زەیتوون کە ناوى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى تورکیا بوو بۆ داگیرکردنى عەفرین.

هەروەها زمانى تورکى کراوەتە زمانى خوێندن و هەر زووش دراوى تورکى لە شارەکە کرایە پارەى فەرمى.

لەو سێ ساڵەدا سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکان زیاتر لە 20 شوێنى سەردامى میتانى، ماد، ئاشورى و سەردەمى ترى کۆنیان تەقاندووەتەوە و لەناویان بردووە.

هەروەها چەندین شوێنى ئاینى پێکهاتەکانى ترى عەفرینیان تێکداوە لەوانەش مەزار و شوێنى پیرۆزى ئێزدییەکان کە زیاتر لە 20 گوندى عەفرین پێکدەهێنن

جگە لە زیانى گیانى و تاڵان و دزینى ماڵ و موڵکى هاوڵاتیان هەزاران دارى زەیتوون لەناوبراون و سوتێننراون، دەستیان بەسەر نزیکەى 300 هەزار تەن بەرهەمى زەیتووندا گرتووە.

دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر ئەم رووداوانەدا هیچ لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەو هەموو پێشێلکاریانەى تورکیا کە لە عەفرین ئەنجامى داوە پێکنەهێنراوە.

کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش هەر وەک یەکەم رۆژى دەستپێکردنى هێرش و داگیرکارییەکە، بێ دەنگن و چاوى خۆیان نوقاندووە و هیچ شتێکیان بۆ خەڵکى عەفرین نەکردووە کە لە ئاوارەیی و لەژێر زوڵم و ستەمدا دەژین.

هەروەها هیچیانە نەکردووە تا عەفرین و زەیتوون و رەسەنایەتى ئەو شارە لە گۆڕینى دیمۆگرافى بپارێزن و جارێکى تر بۆ باوەشى خاوەنە راستەقینەکەى بگەڕێننەوە



ڕیکلام