ماوەی داخستنی سنورەکانی ئێران و عێراق بەڕووی گەشتیاران درێژکرایەوە

  2021-03-25  | 
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماوەی داخستنی سنورەکانی نێوان ئێران و عێراق بەڕووی گەشتیاراندا، تاوەکو 10 رۆژی تر درێژکرایەوە.

میدیای ئێران لەزاری حسێن قاسمی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری سنوور لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، پاش بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای خوزستان و داواکاری وەزیری تەندروستی،  ماوەی داخستنی سنورەکانی ئێران و عێراق بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاران تاوەکو 15ی خاکەلێوە واتە ١٠ رۆژی تر درێژکراوەتەوە.

حسێن قاسمی راشیگەیاندووە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنورەکان بەردەوام دەبێت و بازرگانانیش دەتوانن بە پێشكەشكردنی بەڵگەنامەی پێویست و ئەنجامدانی پشكنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنووریەكان بپەڕنەوە، بەڵام رێگە بە هاتووچۆی گەشتیاران نادرێت.

بەڕێوەبەری گشتی كاروباری سنوور لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران راشیگەیاندووە، ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی لە ئێران ماونەتەوە، یاخود بەپێچەوانەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

کۆتایی مانگی رابردوو و پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕاو لە ئێران، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیایدا بە داخستنی سنورەکانی لەگەڵ عێراق بەڕووی هاتووچۆی گەشتیارندا و تاوەکو ئێستاش چەندین جار ماوەکەی درێژکراوەتەوە.



ڕیکلام