ئەمریکا دەستی گرت بەسەر دوو پێگەی ئەلکترۆنی حزبوڵای عێراقدا

  2021-03-26  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دەستی بەسەر دوو پێگەی ئەلکترۆنیدا گرتووە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە لایەن کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقدا بەکارهاتووە، کە پێشتر ئەو ڕێکخراوە خراوەتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرایکرد، هەردوو پێگەیەک بریتی بوون لە  "r-m-n.net " و "ئەلمەعلومە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت ئینتەرنێت وەک هۆکارێک لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بەکاربهێنرێت بۆ هێنانی خەڵک بۆ ڕیزکانی ڕێکخراوەکە و هاندان بۆ توندرەوی و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕقلێبوونەوەی تایبەت بە خۆیان.

لەو بارەیەوە (ڕاج باریک) ڕێکخەری کاروباری داواکاری گشتی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ویلایەتی ڤرجینای ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوبەشەکانیان دەوەستنەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەسەر سەرجەم ئەو بابەت و هۆکارانەی بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر دەستبەر دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پەکخستنی کاری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک کەتیبەکانی حزبوڵا و هەوڵەکانیان کە بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی تەشویش و زیان گەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.

پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ناوزەد کردبوو، بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی کۆنترۆلی ماڵپەڕی کەناڵی  (ئەلئیتیجاه)ی تەلەفزیۆنی کرد، کە یەکێک بووە لە میدیاکانی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق.

پیشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کەتیبەکانی حزبوڵا و میدیکانی زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە سەبارەت بە فایرۆسی کۆرۆنا، بەشێوەیەکی ئەنقەست بۆ ئەوەی زیان بگەیەنن بە وێنەی ویلایەتە  یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بیری عێراقییەکان و دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی ئێران.



ڕیکلام