ئیدارەی بایدن 4 کاری لە پێشینەی خۆی لە عێراق ئاشکرا دەکات

  2021-03-26  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چوار کاری لەپێشینەی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە لە عێراق ئاشکراکرد، یەکێکیان ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بە گۆڕانی ئیدارەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت.

باڵیۆزی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی ئیدارەی وڵاتەکەی لە عێراق، بریتیە لەوەی سەرباری گۆڕانی ئیدارەکان لە ئەمریکا بە ماوەی ٤ ساڵ یان ٨ ساڵ، بەڵام ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بە جێگیری دەمێنەوە، بەڵام سەیرکردنی ڕێگری و بەربەستەکان بە چاوێکی جیاوازتر سەیر دەکرێن.

تولەر سەبارەت بە ئەرکی دووەمی ئەمریکا لە عێراق وتی "ئیدارەی نوێ و چاوی نوێ چاویلکەی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهینێت بۆ سەیرکردنی ڕێگری و بەربەستەکان کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەرکەکان بەردەوامیان دەبێت، چونکە بایەخی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە زیندووەدا بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت".

باڵیۆزی ئەمریکا سەبارەت بە ئەرکی سێهەمی ئیدارەی بایدن لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش بە ئەرکێکی ئەمنی سەرەکی و کاری لە پێشینەی ئەمریکا دەمێنێتەوە لە عێراق، چونکە سەربای شکستی مادیانەی ڕێکخراوەکە، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی ماوە، جگە لەوەش بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سەر بنەمای داوای حکومەتی ئەو وڵاتەیە، کە ئەرکی دیاریکراو ئەنجام دەدات و پێشنیاز و ڕاوێژ و هاوکاری پێشکەش دەکات بە هێزەکانی دژەتیرۆر و پێشمەرگە بۆ ڕێگریکردن لە زیندووبوونەوەی داعش.

ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە میانی کۆڕەکەدا سەبارەت بە ئەرکی چوارەمی ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە سەر پاراستنی مانەوەی خۆیانە لە عێراق، تا ئەو کاتەی ئەو مانەوەیە پێویست بێت بۆ حکومەتی عێراق و ڕێگریکردنت لە گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان، کە هەڕەشە لە گەلی عێراق و ئاسایشی هەرێمایەتی بکەن.

 



ڕیکلام