یونسکۆ هۆشداریدا لە کارەساتێکی گەورە لە بواری فێرکردن

  2021-03-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زانست و پەروەردە و کلتور ناسراو بە (یونسکۆ) هۆشداری دا لە کارەساتێک لە پرۆسەی فێرکردن لە جیهاندا، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی کۆرۆناو و کەرەنتینەوە، ڕێژەی لاوازی لە خوێندەواریدا بە ڕێژەی لە ٢٠% بەرزبووەتەوە.

لە ڕاپۆرتێکدا ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی داخستن و ڕێوشوێنەکانی کۆرۆناوە، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن منداڵ لەسەر ئاستی جیهان، نەتوانراوە نزمترین ئاستی خزمەتگوزاری فێرکردن و خوێندەواریان بۆ دابین بکرێت.

یونسکۆ  لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، ژمارەی ئەو قوتابیانەی بەهۆی کۆرۆناوە نەتوانراوە نزمترین ئاستی خزمەتگوزاری فێرکردنیان بۆ دابین بکرێت، بەزبووەتەوە بۆ ٤٦٠ ملیۆن منداڵ لە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێوشوێنە پەیڕەوکراوەکانی پەتاکە وایکردووە، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن لە ساڵی ڕابردوودا بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە ٥٨٤ ملیۆن منداڵ.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە هۆشداری داوە لەوەی ئەو هەوڵانەی کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا دراون لە کەرتی پەروەردەو  فێرکردن لەسەر ئاستی جیهان، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆرۆناوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و بەڕێژەی لە ٢٠% دووچاری پاشەکشە بووەتەوە، یونسکۆ ئەو دۆخەی بە (کارەساتی نەوەکان) ناوبردووە.

ڕێکخراوەکە پێوەری فێرکردن لە پۆلەکانی دوو سێی سەرەتاییەوە سەیر دەکات، چونکە هەر زیانێک لەو قۆناغەدا کە بە قۆناغی بەدەستهێنانی بنەماکانی پەروەردە و فێرکردن دادەنرێت، بۆ هەموو قۆناغەکانی دواتری خوێندن کاریگەریی دەبێت.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یونسکۆ مەترسی ئەوەشی نیشانداوە ئەو تێکچوونە لە کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەیەیەک بخایەنێت، بۆیە داوای هەوڵی گەورە لە وڵاتان دەکات، قەرەبووی ئەو دۆخە بکەنەوە بە وانەی زیاتر و دانانی پلانی ستراتیژی بۆ تێگەیاندنی نەوەی داهاتوو.

ئاودری ئازولای بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، قەیرانەکە بە هەرشێوەیەک بێت، فێرکردن بە سودێکی گشتی جیهانی دادەنرێت، بەو هۆیەشەوە داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد ئامادەکاری بۆ بکەن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی یونسکۆ لە ٦٥%ی حکومەتەکانی جیهان کە خاوەنی داهاتی کەمن، کۆمەککردنیان بۆ بواری فێرکردن کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا ڕێژەکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێژەکە لە ٣٥%.

ڕاپۆرتەکە پێی وایە ئەو ناوچانەی کە گەورەترین زیانیان لە کەرتی پەروەردە بەرکەوتووە، ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی و ئاسیای ناوەڕاست و باشوری ئاسیایە.

یونسکۆ ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستاش لە ٣٠ وڵات قوتابخانەکان داخراون، لەوانەش وەک وڵاتەکانی مەکسیک و مەجەڕ و سعودیە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نزیکەی نیوەی وڵاتانی جیهان کە ١٠٧ وڵاتە قوتابخانەکان بە کراوەیی ماونەتەوە، بە تایبەت لە وڵاتەکانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا.

 



ڕیکلام