سۆرانی  |  بادینی  |  English      

بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەرزبووەوە

  2021-03-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش بەرزبوونەوەی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکان لە دوو مانگی رابردوودا، جارێکی تر بەهای ئەو دراوە ئێرانییە دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی٣ی٢٠٢١، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەخت، هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە نزیکەی ٢٥ هەزار و ٧٣٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە نرخی هەر ١٠٠ دۆلارییەک بۆ دوو ملیۆن و ٥٧٣ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە .

لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا ئەوە بۆ یەکەم جارە، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەو ڕێژەیە دادەبەزێت.

ساڵی رابردوو و بە چڕکردنەوەی گەمارۆکان و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە، بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە سی هەزار و ٢٠٠ تمەن، بەڵام بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و سەرکەوتنی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکە و هیوای شەقامی ئێرانی بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، رۆژ لە دوای رۆژ بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک کە کۆتایی کانونی دووەمی ئەمساڵ، لە بازاڕەکانی ئێران، هەر دۆلارێکی ئەمریکی  بۆ نزیکەی ٢٢ هەزار تمەن دابەزی .

دوای ئەوەش ئەمیر حسێن قازی زادە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، حکومەت بەنیازە بە دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، دۆلار بخاتە بازاڕەوە و بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی تا ١٠ بۆ ١١ هەزار تمەن دابەزێنێت .

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کارە بە دەستەبەرکردنی بارودۆخی گونجاو بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، جێبەجێ دەکرێت.