نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 10 ملیار دۆلار کۆمەک دەکات بۆ سوریا

  2021-03-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ بە نیازە لە کۆنگرەیەکدا هانی وڵاتانی کۆمەکبەخشیدا بەڵێن بدەن بە کۆکردنەوەی بڕی ١٠ ملیار دۆلار، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاوڵاتییە سورییانەی کە بەهۆی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و لە دۆخێکی زۆر نالەباری مرۆیدا ژیان بەسەر دەبەن.

کۆنگرەکە بۆ پێنجەم ساڵە سازدەکرێت، بە مەبەستی پاراستنی ئاوارەکانی سوریا لە برسێتی و قات و قڕی.

کۆنگرەیەکە لەلایەن رێکخراوی یەکێتی ئەوروپاو میوانداری دەکرێت و داوای ٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ناوخۆیی سوریا و ٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆنیش بۆ ئەو ئاوارانەی کە لە وڵاتانی دراوسێی سوریا نیشتەجێکراون.

بە گوێرەی لێدوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوارەکانی سوریا پێویستیان بە ٢٤ ملیۆن دۆلارە وەک هاوکاریی بنەرەتی، ئەوەش ٤ ملیۆن دۆلاری زیاترە لەچاو ساڵی ڕابردوودا، کە بە بەرزترین ژمارەی هاوکاری بنەڕەتی دادەنرێت، لە دوای بەرپابوونی قەیرانی ناوخۆیی سوریاوە کە لە ساڵی ٢٠١١وە درێژەی هەیە.

مارک لوکوک هەماهەنگکاری کاروباری مرۆیی و کۆمەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاشەکشەی دۆخی ئابوری و گوزەرانی ئاوارە سورییەکان و و کێشەی ئابوری و ڤایرۆسی کۆرۆنا، برسێتی و قات وقری و نەخۆشی زیاتر کردووە لە سوریادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئاستی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەکان کەمتر بووەتەوە، بەڵام ئاشتی تەواوەتی لە سوریادا هێشتا بەدی نەهاتووە.

دوێنێش سێرگی ڤیرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، نالەباری دۆخی مرۆیی لە سوریا، بە تایبەتی لەناوچانە زۆر نالەبارە، کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدایە.

لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردووی جەنگی ناوخۆیی سوریا، بە دەیان هەزار کەس کوژراو نو بێسەروشوێن بوون، جگە لە ئاوارەبوونی میلیۆنان هاوڵاتی سوری بۆ دەرەوە و ناوەوەی ئەو وڵاتە.

جگە لەوەش ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەش بە تەواوی وێران بووە، ئەوەی زیاتر قەیرانەکەی قورستر کردووە، لەدەستدانی بەهای لیرەی سورییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهاکەی لەدەست دەدات، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ هاوڵاتیانی ناوەوەی وڵاتەکە دروستکردووە.



ڕیکلام