سلێمانی.. لە ماڵێکدا دەستبەسەر 500 کلیۆ گۆشتی هیندی قەدەغەکراودا گیرا

  2021-03-30  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 گۆران عەبدوڵا
لیژنە هاوبەشەکانی سەر بە قایمقامیەتی سلێمانی بە هاوکاری هێزەکانی پۆلیس، لە شاری سلێمانی دەستیانگرت بەسەر بڕی ٥٠٠ کیلۆ گۆشتی هیندی قەدەغەکراودا.

لەو بارەیەوە لەشکر حەمید سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى لە لێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانی سەر بە قامیقامیەتی سلێمانی بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی ئازادی، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، لە ماڵکدا لە گەرەکی ئازادی شاری سلێمانی دەستیان گرت بەسەر ٥٠٠ کلیۆ گۆشتی هیندی قەدەغە کراودا.

لەشکر حەمید ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆشتە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردن و بەکارهێنانی قەدەغە کراوە، چونکە کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلیمانی روونیشکردەوە، ئەو گۆشتە هیندییە بڕێکی زۆر مادەی نتراتی تێدایە بە مەبەستی مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆرتر، ئەو مادەیەش بە هۆکارێکی سەرەکیی دادەنرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

جەختیشیکردەوە، خاوەنی گۆشتەکە بە فەرمانی دادوەر لە بنکەی پۆلیسی ئازادی دەستبەسەر کراوە و بڕێک لە گۆشتەکەی بۆ یەکێک لە گۆشتفڕۆکەکانی بازاڕ لە بەر بەلەدێک بردووە، بە مەبەستی ساغکردنەوە، بۆیە ئەمڕۆ دوکانی گۆشتفرۆشەکەش دادەخرێت و ڕێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.



ڕیکلام