ڕاڤیار نەوزاد
کاتێ شاعیری بەناوبانگ (ت.س.ئەلیۆت) شانۆنامەی تاوانی کوشتن لە کاتدرای نوسی، زۆر لەڕەخنەگرەکان شانۆنامەکەیان بە پێوەری شاعیربونی ئەلیۆت خۆی پێوا و ڕەخنەکانیان لەدەوری ئەوە دەسوڕایەوە کە شێعر لەناو ئەم شانۆنامەدا سادەبوەتەوە و ئەو واتاقوڵەی خۆی لەدەست داوە.
بۆ ئەلیۆت نوسینی ئەو شانۆنامەیە و شانۆنامەی ئاهەنگی کۆکتێل ی وەک نمونەیەکی پراکتیکی بۆ ڕەخنەکانی خۆی لە شێعری ڕۆمانسی و پێشنیارەکانی بۆ شێعری درامی خستەڕو، ڕەنگە لەهەردوو شانۆنامەکەدا ئەلیۆت زۆر بەشارەزایانە ئەو وەڵامەی لەڕوانگەی درامیەوە دابێتەوە، بەڵام وەک ڕەخنەگرەکانی دەیان وت (ئەو شێعرەکەی ئەو واتا قوڵەی لەدەست داوە..!)
ئەزمونی کاری ئەدیب و شاعیرە باشەکان لەشانۆدا کەمترین سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لەدنیادا، ڕەنگە شانۆنامە نوسی باش ببێتە شاعیرێکی باش، بەڵام ناتوانێت ببێتە ڕۆمان نوسێکی باش.
جیاوازی لەنێوان ژانری ڕۆمان و ژانری دراما لە سێرڤانتس تا بگاتە بەختیار عەلی زۆر خاڵی جەوهەریە، کەتەنانەت شاعیرێکی مەزنی وەک ئەلیۆت بڕستی ئەو تایبەت مەندیە زۆر وردانەی دنیای شانۆنامە نوسین نەهاتووە.
لەکتێبی (هونەری نوسینی شانۆنامە)ی نوسەر و لێکۆڵەری جیهانی ڕایمۆند هاڵ ڕستەیەکی زۆر جوانی تێدایە دەربارەی شانۆنامە نوسین کەدەڵێت "نوسینی شانۆنامە تێکەڵەیەکە لەنێوان تەختەسازی و وشەسازی" ئەوەی هاڵ مەبەستیەتی لەو ڕستەیە ئەوەیە کە نوسەری شانۆنامە بۆچرکەیەکیش لەکاتی نوسینی شانۆ نابێت ئەوەی لەیادبچێت ئەوو بۆتەختەی شانۆ دەنوسێت و بگرە ئەو تەختەی شانۆ دەنوسێتەوە.
دروست ئەو دوو خاڵەی سەرەوەیە کە بەختیار عەلی لەنوسینی دەقی (بۆدۆزەخ ئەی بێگوناهان) لەیادی کردووە.
ئەگەر ئێمە بەچاوێکی ئەدەبی و لەڕوانگەی ڕۆمان نوسێکەوە لەدەقەکە بڕوانین، ئەوا بێگومان ئێمە واین لەحزوری دەقێکی تەواو واتادار و قوڵدا، دەقێک کەتێیدا نوسەر زۆر بەزیرەکیانە جیهانێکی (کافکا)ی تەواو قوڵی خوڵقاندووە لەڕێگەی سەفەری کارەکتەرێک"مستەفا ناوێک" بەناو خۆیدا بۆگەڕان بەدوای گوناهێکدا کەنەیکردووە و وردە وردە لەم سەفەرەی مستەفاوە تێدەگەین واین لەجیهانێکی وەهادا کە هەمووان دەبێت هەست بەگوناهـ بکەن، ئەگەر نەشیان کردبێت.
فۆڕمی ئەدەبی ئەم دەقەی بەختیار تەواو کافکایە، زیندان و لێپرسینەوە و قوڵبونەوە بەناخی مرۆڤدا و ئازاردانی مرۆڤ بەمرۆڤی دەوروبەری و نامۆبون بەجیهان و ڕوداوەکانی ڕۆحیەتێکی تەواو کافکایان بە فۆڕمی ئەم شانۆنامەیە بەخشیوە"کەدەکرێت بڵێین مستەفا وێنەیەکی تەواو کوردی گریگۆری سامارسایە، بەڵام ئەم نەبوە بەقالۆنچە بەڵکو بوە بەگوناهبار"، هەمان شێواز کارەکتەری کۆمیسیارەکان و جەمیلە و جەلیل و لێپرسینەوەکان تەواو هاوتای ڕۆمانی "دادگای"ی کافکان.
لە ڕۆمانی هەورەکانی دانیاڵەوە بەختیار زۆر لەژێرکاریگەی تێزەکانی "میشێل فۆکۆ"بۆ زیندان بەتایبەت کتێبەناوازەکەی (چاودێری کردن و سزا) کاردەکات، دەکرێت بڵێین بیرۆکەی قوڵی ئەم دەقەش "بۆدۆزەخ ئەی بێگوناهان" لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، لەوێوە کە چۆن فۆکۆ باسی قۆناغەکانی گواستنەوەی زیندان لە دیوارەوە بۆ ناخ دەکات، ئەم لە تاوان لە سزاوە بۆ ناخ"یان دروستر بڵێم بێ گوناهی، کەخۆی گوناهە و وات لێدەکات هەست بکەی جیاوازی لەخەڵکی تر" لەلای میشێل فۆکۆ دەسەڵات مرۆڤ بەچاودێریکردن دیسپلین دەکات و لەم دەقەی بەختیار عەلی دەسەڵات مرۆڤ بەخۆی دیسپلین دەکات (تۆ بڕۆ بۆتاوانێک بگەڕێ بۆخۆت، دڵنیابە دەیدۆزیتەوە ، نزیکە لەو تیۆرە دەرونیەیی کارل یۆنگەوە کەدەیوت لەتاریکیدا ڕابکە خۆت دەترسیت و گوێشت لەدەنگی سەگ دەبێت کە دوات دەکەوێت..)
ئەم دەقە دەیان ئاماژەی سیمبولی زۆر قوڵ و جیاوازی تێدایەوە ئەوەی جێگای دڵخۆشیە بەختیار عەلی جیاواز لەڕۆمانەکانی سیمبولی ئاشکرای (ناوچەی و سیاسی)بەکار نەهێناوە ، هۆکاری ئەمەش ڕون دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فۆڕمە کافکایەی کە دەقەکە وەریگرتووە و وای لێکردووە لە دەقێکی لۆکاڵی دەربچێت کە باس لەکێشەی مرۆڤ لەسلێمانی بکات(چۆن لەزۆربەی ڕۆمانەکانی وایە) بەڵکو باس لەکێشەی مرۆڤ لە هەرجێیەک دەکات لەناو سیستەمێکی تەواو جیاوازدا..!
بەڵام ئەگەر بمانەوێت وەک شانۆنامەیەک ئەم دەقە بخوێنینەوە ئەوا بێگومان دەیان خاڵ هەن کەدەبوو تێیدا نەبێت تا ئەم دەقە ببێتە دەقێکی تەواو درامی.
لەناو دەقەکەدا نوسەر زۆر هەوڵی داوە تەختەی شانۆبنوسێتەوە"تەختەسازی بکات" بەڵام جیا لەو دیمەنەی کە لەناو کتێبە سوتاوەکان دەبێت هیچ جێیەکی تری تەختەی شانۆ نابینیت.
بەختیار عەلی ئەوەی لەیادکردووە کە توانای شانۆ بۆ گۆڕانکاری کردن زۆر دیاری کراوە، بۆنمونە نوسەرێکی وەک چێخۆف لە دەقی نەورەس دا، لەدیمەنی کۆتای دا دروست لە خۆکوشتنی تریبلیف دا، باش زانیویەتی گواستنەوە لە دیمەنی یاری و پێکەنینەکانی دایک و هاوڕێکانی بۆ سەر خۆکوشتنەکە کاری نەکردەیە لەشانۆدا و ئەوگۆڕانکایە ناکرێت، بۆیە تەنها بەدەنگ ئەوکارە دەکات. بەڵام بەختیار عەلی گۆڕانکاری نێوان هەر هەژدە دیمەنەکەی بەجۆرێک کردووە کە هەرگیز بەو تەختە سازیەی ئەو دایناوە ناکرێت و جێی نابێتەوە (لە کتێبی سوتاوەوە بۆ قەروێڵەی زیندان و لەزیندانەوە بۆژوری نوستن و لەنوستنەوە بۆ مێزی لێکۆڵینەوە وهتد..) ئەمە بەدڵنیایەوە لە هەژاری ئاشنای نوسەر بە توانای تەختەی شانۆ سەرچاوەی گرتووە.
(پیتر ڤایس لە مارا ساد بۆ ئەوەی ئەو جیهانە فراوانە جێبکاتەوە میتاتیاترۆ، یان شانۆی دیکۆمێنتاری بەکار هێناوە بەڵام بەختیار علی هەر نوسیویەتی وبۆچرکەیەکیش یادی ئەوەی نەبووە ئەرێ ئەم هەمووە شتە چلۆن لەسەر تەختەی شانۆ جێی دەبێتەوە)
لە شتەوە بۆ کات و کارەکتەر ناساندن هەمان نمونە دەگونجێت، ئێمە کۆمەڵێک کارەکتەرمان هەیە لەناو دەقەکەدا بەناو ناسراون، بەتایبەت لەدیمەنی دوانزە و سیانزە"کە بەلای من جوانترین دیمەنی شانۆنامەکەن" کارەکتەرەکان لەسەر دەقەکە ناسراون"زیندانی یەکەم، زیندانی هاوسێ، زیندانی دووەم و هتد" بەڵام لەکاتی بەشانۆ بونی دیمەنەکە ئەم ناوانە نالکێت بە کراسی ئەو ئەکتەرانەوە کە ڕۆڵەکان دەگێڕن"مەگەر دەرهێنەرێکی بلیمەت فۆڕمێکی تایبەتی پێ ببەخشێت و دواتر دێمە سەر ئەوە"
بەهەمان شێواز کات هەمان کێشەی هەیە و لەدەقدا ڕونە و بە حیوارێک ڕونکراوەتەوە بەڵام بەدڵنیایەوە نوسەر حسابی بۆ ئەوە نەکردووە کە شانۆ بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ و زیندووە و ئەگەر بینەرێک لەو چرکەیە گوێی لەو حیوارە نەبێت کە ئاماژەیە بۆ تێپەڕبونی کات، یان ئەکتەر لەیادی بکات ئەوا دیمەنەکە تەواوی واتای دەمرێت، بەتایبەت ئەودیمەنانەی کەوابەستەن بە تپەڕبونی کات.
ئەوەی کەلێی دەترسام ئەوەبوو کە لەم دەقەدا حیوار و وشە سازی زاڵ ببێت بەسەر درامادا و زۆر بەڕونیش دیارە نوسەر ئەو جەنگەی لەگەڵخۆیدا کردووە بەڵام بەداخەوە کەمترین جوڵەی درامی لەناو دەقەکەدایە و لەچەند حاڵەتێکی کەمدا نەبێت بەتایبەت لە دیمەنەکانی یانزە و دوانزە و دیمەنی پێش کۆتای لەهیچ جێیەکی دیکە تۆ مەنەلۆژێ نابینیت ئاماژەبێت بۆکردار یان وێنەیەک ی درامی هەبێت (بەڵکو تەنها وشەی جوان و ڕستەی جوان لەپێناوی واتا دەبیستی).
دیمەنی دادگایەکی ناو زیندانەکە جوانترین و درامی ترین دیمەنی شانۆنامەکەیە، بەڵام بەداخەوە زۆر بەکورتی و زۆر بەخێرای کۆتای پێدێت.
ئەگەر لەدیمەنی پێش کۆتایدا کە دیمەنی دەرمانخواردکردنی پاڵەوانە،بەختیار عەلی لەبری ئەوەی وەک ئەدیبێک بیری بکردایەتەوە وەک شانۆکارێ بیری بکردایەتەوە دەیتوانی جوانترین داهێنان بکات بەوەی لەبری ئەوەی کارەکتەری دیکە بهێنێتە ناو دەقەکەیەوە تا بەشداربن لە هەستکردن بەگوناهـ بینەرانی بەشداری پێبکردایە و ئەوان لەڕێگەی جەمیلە و سەعیدەوە بەکامێرا و پەرداخێکەوە بگەڕانایە بەناو بینەراندا و داوایان لە بینەران بکردایە حەب بکەنە ناو پەرداخەکەوە (ئەگەر ئەپرسی ئەی حەبیان لەکوێ بهێنایە بینەران، ئەوا من بومایە لەجێی بەختیار لەدیمەنی یەکەم دەمنوسی : کاتێ بینەران دێنە ژورەوە یەکی حەبێکیان پێدەدرێت و لەجێی خۆیان دادەنیشن.) ئەوکات دوو ئامانجی واتای و درامی زۆر قوڵتری دەپێکا لەوەی کەهەیە.
دیمەنی هەژدەیەم دیمەنێکی تەواو دراماکوژە وەک زۆربەی دیمەنەکان (شانۆ دوو بەرکەوتنە بۆ بینەر، سەرەتا و کۆتای لەهەڵبژاردنی دوو دیمەنی زۆر باش و درامی سەرکەوتوبیت بۆ ئەو دوانە ئەوا بەدڵنیایەوە ئیشێکی باش پێشکەش دەکەیت).
بەبڕوای من کارێکی زۆر ئاسایی بوو نوسەر پێش بڵاو کردنەوەی ئەم دەقەی، لەڕێگەی چەند وەرگێڕ و شانۆکار و دەرهێنەرێکەوە کاری لەدەقەکەیدا بکردایە و ئەو لاوازیەی خۆی پڕ بکردایەتەوە، بەڵام تا ئەو جێیە ئاگادار ئەوو کاری خۆی تاپاش بڵاو بونەوە نیشانی کەس نادات، بەڵام دیسانەوە دەڵێم دەبوو ئەمجارە ئەوکارەی بکردایە. (چونکە من بڕوام وایە بەختیار عەلی بۆکورد زۆر گرنگە)
چارەسەر چیە؟
بەدڵنیایەوە مەرج نیە هەموو دەقێکی شانۆی کامڵ بێت و کاری دەرهێنەر و شانۆکار لەکاتی کارکردن لەدەق و شانۆنامەدا تەنها نقڵکردنی وشە نیە بۆسەر شانۆ بەڵکو زۆرجار دەشبێت ئەو بۆشایانەی ناو ئەو دەقە پڕ بکەنەوە و پڕۆڤە بۆ ئەوەدەکرێت کە ڕۆح ببەخشرێت بە شانۆنامە "ئێمە ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەبوبین کە هەموو دەقێک وەک هاملێت یان چاوەروانی گۆدۆ یان باخی گێلاس ، ئامادە و ڕێکبێت".
بەبڕوای من هەرکەس بیەوێت ئیش لەم دەقەی بەختیار علی بکات دەبێت پێش هەموو شتێک ، چەند خاڵی زۆر گرنگ جێبەجێ بکات ئەوانیش کە گرنگترینیان "فۆڕمە" کەدەڵێم فۆڕم مەبەستم لە فۆڕمی شانۆیە، باشترین خاڵی ئەم دەقە لەڕوانگەی شانۆیەوە ئەوەیە کە فۆڕمێکی شانۆی چەق و دیاری نیە.
ڕەنگە زۆرکەس بەخراپە بیبینن،بەڵام من بەخاڵێکی زۆر باشی دەبینم و بڕوام وایە جۆرێ لە ئازادی بەدەرهێنەر و شانۆکار دەدات لە دیاری کردنی فۆڕمی شانۆی بۆی.
(بەنمونە من ئەگەر ڕۆژێ کار لەم دەقە بکەم ئەوا دڵنیام دەتوانم بە پێنج ئەکتەر و کۆمەڵێ قوماش و چەند تەکنیکێکی شانۆی کە وەک فۆڕمێکی درمی لەمێشکمدایە کۆی ئەو خاڵانەی سەرەوە چارەسەر بکەم) ئەمە دەکەوێتەوە سەر بلیمەتی لێهاتوی ئەو دەرهێنەری کە کاری تێدادەکات و ئەوەش بۆمن ئەوپەڕی مایەی خۆشحاڵیە کە دیسانەوە ئەوە دەسەلمێتەوە کە وشەی جوان و ناوی گەورە نابێتە پێوەری شانۆی باش، لێهاتووی و پڕۆڤە خاڵی یەکلا کەرەوەن لەشانۆدا و سوپاسی بەختیار عەلی دەکەم کەئەم بۆچونەمی سەلماندەوە.