وەزیری دارایی هەرێم: ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا یارمەتیدەری سیاسەتی نەوتی هەرێم دەبێت

  2021-04-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا یارمەتیدەری سیاسەتی نەوتی هەرێم دەبێت بۆ رێکخستنەوە و شەفاف بوون و جەختیشدەکاتەوە حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبێت.

ئاوات شێخ جەناب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەرووى سیاسیەتى نەوتییەوە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسى چاوخشاندنەوە بە گرێبەستى نەوتى و گرێبەستى کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەى نەوت و بە تێچونى نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانى سکیورتیش لەژێر پێداچونەوەدان، ئەوەش هەمووى لە بەرژەوەندى شەفافییەتە لە نەوتى هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەى ئەو چاکسازییەى حکومەتى هەرێم دەستى پێکردووە .

ئاماژەی بەوەشكردووە،  هەروەها ڕێککەوتنەکە پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا ئاسایى دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەى لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دەربارەى هەرێم هەبوو کە کورد سەرچاوەى کێشەکانى ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکى دیکە پەیوەندییەکانى کورد لەگەڵ شیعە و سوننە ئاسایى دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی دیکە بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنى یاساى نەوت و گاز و یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو.

سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت، جێبەجێکردنەکەى پەیوەندى بە هەردوولاوە هەیە، بەڵام لای خۆیانەوە دەتوانێت ئەوە بڵێت کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەوە.

سەبارەت بە قاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان ئاوات شێخ جەناب جەختدەکاتەوە کە  بەڕێژەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەکان کراوە و داهاتی گومرگ زیادی کردووە.

لەسەر پێدانی موچەی موچەخۆران وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت، پێدانی موچەی مانگانە بە فەرمانبەرانی هەرێم جێگیر بووە و ئەگەر بەغدا بەپێی رێککەوتنەکە بودجە رەوانەی هەرێم بکات دۆخی موچە باش دەبێت.



ڕیکلام