چەرخ و فەلەک.. تەرزێکی جیاواز لە درامای کوردیدا

  2021-04-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەمەسوار عەزیز

بەشی چوارەم و کۆتایی

ئاریشەکانی درامای چەرخ و فەلەک :

پێش ئەوەی لەم بەشەی کۆتایی بە ھەندێ سەرنج باسی ئاریشەکانی ئەو درامایە بکەم، دەمەوێت باسی دوو خاڵی گرنگ بکەم کە لە بەشەکانی تر باسم نەکردووە، یەکەم ئەو گۆرانییە جوانەی تایتڵی کۆتایی دراماکە چێژێکی زۆر تایبەتی ھەیەو زۆر جوان گوزارشت لە ناوەڕۆکی دراماکە دەکات، وەک ئەوەی نوسەرەکە ھەر خۆشی ئەو شیعرو ئاوازەی بۆ ئەو گۆرانییە نایابە دانابێت و زۆر تەبا و کۆکە لەگەل ناوەڕۆکی دراماکە، بۆیە جێگەی خۆیەتی کە دەسخۆشی لە سەرکەوت رەسوڵی شاعیری جواننوس بکەم بۆ ئەو شیعرە جوان و سەنگینە، ھەروەھا دەشخۆشی تایبەتیش بۆ ئاوازدانەری ئەم گۆرانییە ئارش عوسمان، جێگەی داخە ئەم گۆرانییە وەک پێویست لەنێو دراماکە سوودی باشی لێوەرنەگیراوەو دەکرا لە زۆر دیمەنی ئەم درامایە سوود لە کۆپڵە جوانەکانی ئەم گۆرانییە وەربگیرایە لە جێگەی مۆسیقای دراماکە.

خاڵێکی تر کە بە مەبەست خستمە دوابەشی نوسینەکەم، باسکردنی بارستایی ھەردوو کارەکتەری (ساینا و رائید نەقیب) بوو لەم درامایە، بوونی کارەکتەری (ساینا-مەھا بێتسیلۆت) کە پێموایە کچێکی ئەسیوپییە بایەخێکی یەکجار گەورەی لەنێو ئەو درامایە ھەیە، بایەخی یەکەمی بوونی ساینا لەم درامایە ھەبوونی کارەکتەرێکی جیاوازە کە دەتوانێت دەوڵەمەندی زیاتر بە دراماکە ببەخشێت لە ڕووی کۆمیدیاوەو ھەندێجار وایدەکرد فۆرمی دراماکە بچێتەوە سەر دراما کۆمەڵایەتی و کۆمیدییەکانی کوێتییەکان کە بینەری یەکجار زۆریان ھەیە لە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام بەداخەوە سیناریۆی کارەکە نەیتوانی زۆر یارمەتی ئەو کارەکتەرە بدات و دیالۆگەکانی ئەوەندە دووبارەو چاوەڕواننکراو نەبێت، دەبوو سینارێست و دەرھێنەر لە بونیادی ئەم کارەکتەرە بە تایبەت لە ڕووی دیالۆگەوە بایەخی باشتری پێبدەن و لەنێو گێژاوی ھەندێ دیالۆگی دووبارە و چاوەڕوانکراو دەربازی بکەن، ئەو کاتە بارستایی کۆمیدی کارەکتەری ساینا زۆر زیاتر بەدراماکەوە دیار دەبوو و خزمەتێکی باشتری دراماکەی دەکرد، ئەدای خاتوو مەھاش زۆر ھاوکار بوو لەم بوارەو توانی رەگەزێکی گرنگی جیاواز بێت و فۆرمێکی جیاواز بە دراماکە ببەخشێت.

کارەکتەری دووەم کە دەمەوێ باسی بکەم و بەلای منەوە زۆر گرنگ بوو لەنێو دراماکە، کارەکتەری (رائید نەقیب- ئیدریس رەواندزی) بوو، بونیادی درامی و کۆمیدی ئەم کارەکتەرە بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی بە دراماکە بەخشیبوو، سینارێست و دەرھێنەر زۆر زیرەکانە کاریان لە فۆرمی ئەم کارەکتەرە کردبوو بەشێوەیەک کە تەریب بە فۆرمی گشتی دراماکەو ریتمی بەرەوپێشچوونی کردارەکانی نێو دراماکە بێت، ئەدای ئیدریس رەواندوزی بەم شێوە تایبەت و ناوازەیە جوانیەکی زۆری بە فۆرمی کارەکتەرو ەسیاقی گشتی دراماکە بەخشیبوو، بەلای منەوە ئەگەر دەرھێنەر کاری لەسەر بونیادی جیاواز بکردبایە و ئەو کارەکتەرە توندتر ڕەفتاری بکردبایە، دراماکەو لەڕووی ریتمەوە تووشی کێشە دەبوو، ئەو کاتە کارەکتەری رائید نەقیب وەک تەنێکی نامۆ لەنێو دراماکە دەردەکەوت.

یەکێک لە ئاریشەکانی ئەم درامایە بەلای منەوە، ئەو رووبەرە بوو کە تیاییدا دراماکە دەخزایە نێو دروشمی گەورەو زەبەلاح و ڕاستەوخۆ وەک ئەوەی لەسەر زمانی پاشا دەوترا، گوایە ئاسۆ دەبێ کۆمەڵگا بگۆرێت، دەبوو دەرھێنەر ئەم ئامانجە درامییە لەنێو رووبەری ئەم شیعاراتە دەربکات و ئەو بارە قوڕسەش لە کارەکتەری ئاسۆ بار نەکات، چونکە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بگۆرێت و کاریگەری ئەرێنیشی بەسەر دەوربەر ھەبێت، بەڵام ھەوڵی گۆڕینی کۆمەڵگا پڕۆسەیەکی مەعریفی و عەقڵی جیاوازەو پێویستی بە ھزرو دەزگاو دەولەتداری ھەیە تا بتوانی جێبەجێی بکەیت، دواتریش ئاریشەی گەورەتر لەم درامایە کارکردنە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا لە رێگەی توندوتیژی و زۆرەملێ، ئەمە کارێکی یەکجار خراپ و قێزەوەنەو نەدەبوو ئاسۆ بەو شێوە ناتەندروست و عەنتەرییە  ھەوڵی گۆڕانکاری بدات، بۆ نمونە لە ئەڵقەیەکا ھێرش دەکەنە سەر پیاوێک و دەچنە نێو ماڵەکەی و لێی دەدەن چونکە ئامادە نییە ئاوی تاکیەکەی سەربان بگرێتەوە، لەم دیمەنە کورد گوتەنی (عوزر لە قەباحەت خراپترە)، شکاندنی حورمەتی ماڵێک و لێدانی مرۆڤێک لەنێو ماڵی خۆی، تاوانەکەی زۆر لەوە گەورەترە کە ئەوپیاوە لە بەفیڕۆدانی ئاو دەیکات، دواتر نەدەبوو دەرھێنەر و سینارێست بەھیچ شێوەیەک بچنە ژێر باری ئەوەی کە کۆمەڵێک مناڵ یاسا بەدەستی خۆیان جێبەجێبکەن و رۆلی پۆلیس و دادگا ببینن، چاکتر وابوو لەو دیمەنانە ئەو مناڵانە کارە راستەکەیان ئەنجام بدابا و بچن لە جێگەی پیاوەکە ئاوەکە بگرنەوە، یا لەنێو پاڕکەکە خۆیان تویکڵەکان کۆبکەنەوە تا گەورەکان ناچار بکەن شەرم لە خۆیان بکەنەوەو ئیتر کاری نا تەندروست نەکەن و ژینگە پیس نەکەن، ھەستت دەکرد ئاسۆو مناَلەکان زیاتر وەک چەتە دەردەکەوتن و ئیڕھابی خەڵکیان دەکرد.

سەرنجی دووەمم لەسەر ھەژاری دیالۆگە لە ھەندێ شوێن، وەک دیمەنەکانی پاشا و مناَلەکان کە ھەمیشە باس لە پلان دەکەن و ھیچ پلانێکیش لە ئارادا نییەو دەرھێنەر ناچارە  بە کۆبوونەوەی مناڵەکان بەدەوری پاشاوە دیمەنەکە بەجێ بێلێت ، چونکە لە بنەڕەتتدا ھیچ پلانێک لە ئارادا نییە و ئەمە فێلکردن بوو لە بینەر، دوایش  ئەم دیمەنە پێویستی بە جیددیەتی زیاتر بوو لە بیناکردن و زۆر بە سادەیی کاری تیاکرابوو، وەک ئەوەی ئەوان ھەر لە سەرتاوە بزانن کە ئاسۆ دەدۆزنەوەو ھەموو شتێک بە ئاسایی و سەرکەوتن کۆتایی دێت.

لەڕووی بونیادی درامییەوە ھەندێ چیڕۆکی نێو دراماکە بونیادی لاواز بوو، بۆ نمونە دوژمنکارییەکەی نێوان ھەردوو بنەماڵەکە، دیار نەبوو ئەم دوژمنکارییە لە کوێ وەستاوە، ئایا سولح کراوەو تەواو بووە، ئەگەر تەواو نەبووە ئەی چۆن ھەمیشە ھەردوولا بەبەرچاوی یەکترەوە دەجولێنەوە، مەعلومە خەڵکی دوژمندار ناتوانێت بەوشێوەیە بە بەردەم دوژمنەکەی ھاتووچۆ بکات، دواتر دەرکەوت ڕفاندنی ئاسۆ پەیوەندی بە دوژمنکارییەکەوە نییەو بۆ مەبەستی پارەیە، کەچی سەیر بوو لە دیمەنێکا نەمانبینی رەنجە داوای پارە لە خێزانی ئاسۆ بکات، ئەو شوێنەش کە ئاسۆی تیا بەندکرابوو کۆنە پڕۆژەیەکی پەلەوەڕ بوو، کەچی بە ماڵی برادەرێک ناوزەد دەکرا.

لە بەشێک لە  دیمەنەکانی ئەڵقەکانی سەرەتایی تا ئەڵقەی شەش، ریتمی دراماکە زیاد لە پێویست خاو بوو، پێویستی بە جولەو درامای زیاتر ھەبوو، ھەندێجاریش بەڕوونی دەبینرا کە دراماکە زیاد لە پێویست درێژ دەکرێتەوە بە نیشاندانی سلایدەکانی ھەولێرو ھەندێ دیمەن و دیالۆگی دووبارەی وەک ئەوەی سایناو باپیرە گەورەو چاوڕەش.

لەڕووی مۆنتاژیشەوە ھەندێ ھەڵە ھەبوو، بۆ نمونە لە دیمەنێکا ھاوار تەلیفۆن بۆ شەماڵ دەکات و مژدەی ئەوەی پێ دەدات کە ئاسۆ دۆزراوەتەوە، کەچی دەبینین لە دیمەنی دواتر ھیچ باس نییە تا نازەنین و ساینا دێن ھەواڵی دۆزرانەوەی ئاسۆ بە ھاوارو خونچە دەدەن.

لە دیمەنێکی ترا کە ئاسۆ داوای جلوبەرگی جومونگ دەکات و ئەو جلەی بۆ دێنن بەڵام بەھیچ شێوەیەک جلەکان ناچێتەوە سەر جلی جومونگ، کەچی لە دیمەنەکانی دواتر پۆلیسەکە بە ئەفسەرەکە رادەگەنێت کە پیاوێک بە جل وبەرگی جومونگەوە لەنێو شار دەسوڕێتەوەو ھێرش دەکاتە سەرخەڵک، من نازانم چۆن پۆلیسەکە ئەم جلوبەرگە بە ھی جومونگ دەچوێنێت لە کاتێکا ھیچی لەوە ناچێت.

دوا سەرنجم لەسەر ناونیشانی دراماکەیە کە تا ئەڵقەی کۆتایی زۆر ناگونجاو بوو بۆ تەرزی دراماکە، تەرزی ئەم جۆرە درامایانە ناونیشانی تەقلیدی ھەرس ناکات و پێویستی بە ناونیشانی تایبەتە وەک درامای میسری (رجل و ست ستات) یا درامای سعودی (تاش ما تاش)، پێدەچوو سینارێست و دەرھێنەر بیلال شاکریش ھەستی بەو ئاریشەیەی ناونیشان کرد بوو بۆیە لە ئەڵقەی کۆتایی بە بەکاربردنی چەرخ و فەلەک لەنێو دراماکە ھەوڵدەدات ئەو کۆنتاکتە لەنێوان ناونیشان و بابەتی دراماکە دروست بکات.

*کاریکاتۆر وەک لە یوکیپیدیا ھاتووە"ھونەرێکی تەنزئامێزە لە ھونەرەکانی وێنە کێشان، وێنەیەکە زیادەڕۆیی دەکات لە شێواندنی سیمای سروشتی و تایبەتمەندی و جیاکارییەکانی کەسێک یا جەستەیەک، بە مەبەستی تەنز یا ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ھەندێ کات توانایەکی بەھێزی ھەیە لە ڕەخنەگرتن کە دەکەوێتە سەرووی کاریگەری وتارو راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان و لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە لە ئیتالیا سەریھەڵداوە".


ڕیکلام