بارزانی و کێشەی میراتی سیاسی

  30/12/2020  |    10331 جار خوێندراوەتەوە
کێشەی میراتگری سیاسی لەناو ماڵی بارزانی دا چیدی بەداخراوی نەماوەتەوە . بەتایبەتی لەپاش دەستبەکاربوونی هەردوو ئامۆزا نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت و دانیشتنی سەرگەورەکەیان مەسعود بارزانی
ئەو ناکۆکیە لە دەزگا حکومیەکان و پەیوەندیە سیاسیەکانی حزبەکەشدا رەنگدانەوەی هەیە و رۆژانە هاوڵاتی ئاسایی هەستی پێدەکات .
بۆ جێگرتنەوەی بارزانی باوک ، هەردوو ئامۆزا خەریکی خۆ ئامادەکردنن . ئەو کێشەیە لەناو ماڵە سیاسیەکەیاندا لەژێر ڕکێفی سەرگەورەکەشیاندا نەماوە .
لە ساڵانی نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دوایی مام جەلالیشدا هەمان کێشە لەناو یەکێتیشدا هەبوو بۆ جێگرتنەوەی تاڵەبانی .لە دوا کۆنگرەی ئەو حیزبەدا چارەسەری ئەو گرفتەیان کرد ، بەشێک لە مەترسیەکانیان لە گۆنگرەکەیاندا تێپەڕاند . دانانی دوو هاوسەرۆک وەک جێگرەوەی تاڵەبانی ، مۆدێلێکە نەبارزانی باوک و نە هەردوو میراتگرەکەی ئامادەی دووبارەکردنەوەیین . چونکە سەرسەختانە هەر یەکێک لەو جێگرەوانەی خۆی بەشایستەتر لەوی دیکەیان دەزانێت . باوکیش زیاتر بەلای کوڕەکەیدا دەیشکێنێتەوە نەک برازاکەی .
بۆیە بارزانی بە ڕاستوچەپ ئەو مۆدێلی جێگرتنەوە یەکێتیانەی نە بۆحیزبەکەی ( پارتی ) قبوڵە و نەبۆ ماڵە سیاسیەکەشی . هەر لەسەرەتاشەوە دژ بە مۆدێلە یەکێتیەکەبوو و پیرۆزبایی دوای کۆنگرەی لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکەکانی نەکرد . چونکە ئەگەر بارزانی شێوازە یەکێتیەکە قبوڵ بکات ، وەک دابەشکردنی دەستەڵاتەکانی سەرەگەورەکە بەسەر دوو هاوسەرۆکدا ، ئەوا دەبێت لە حیزبەکەی خۆشیدا ، لەداهاتوودا دەستەڵاتەکانی دابەشبکرێتەوە بەسەر نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا .
لێرەوە هەموو هەوڵێک ئەدەن بۆ سەرنەکەوتنی مۆدێلە یەکێتیانەکە . دابڕینی هاوسەرۆکێکیان ( لاهوری شێخ جەنگی ) و بەردەوام پێکانی تا شەکەت کردنی . بۆئەوەی نێچیرڤان بارزانی لێوە بێ هیوابکەن . بۆی بسەلمێنن کە دەستەڵاتەکانی بارزانی باوک بایلۆجیانە بۆ کوڕی گەورە دەمێنێتەوە ، نەک برازا . لەیەکێتیشدا بەو ئاڕاستەیە پەیوەندی و ئیشە سیاسیەکانیان ڕێکدەخەن . لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکدا دۆستایەتی لەگەڵ کوڕی تاڵەبانیدا ( وەک وەریسی بایلۆجی ) دەبەستن و لەهەمان کاتدا دژ بە برازاکەی تاڵەبانی دەوەستنەوە . بۆ ئەوەی ئەو چارەسەرەیە یەکێتیانە لە داهاتوودا نە گوێزرێتەوە بۆ ناو پارتی .
زیاتر