گردی یارە، لەنێوان دڵسۆزی خەڵک و بێخەمی حکومەت

  15/04/2021  |    276 جار خوێندراوەتەوە
سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ ٢٠٢١ بوو، لەڕێگای تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، ھاشتاگی (دەبێت گردی یارە سەوز بکەینەوە)، م - راگەیاند، ئەم ھاشتاگە دەورێکی باش و پەرچەکردارێکی باشی ھەبوو، دژ بەو سەرمایەدارانەی کەگەرەکیانبوو، گردی یارە داگیر بکەن و بیکەن بەشوقەو بەڤێلاو بیفرۆشنەوە بەخەڵکی ھەژار، پاش راگەیاندنی ھاشتاگی  (دەبێت گردی یارە سەوز بکەینەوە)، ھەرسێ رۆژی ٢٩ و ٣٠ و ٣١ ی ئازارمان وەک رۆژەکانی سەوزکردنەوەی گردی یارە دەستنیشانکرد، لەو سێ رۆژەدا ٢٩ کۆمەڵە و رێکخراوو گروپی شاخەوانی و دەستە و کەسایەتی بەشداربون، کۆی گشتی ئەندامە خۆبەخشەکانی بەشداربوو، پێکھاتبون لە ٤٠٠ ھاونیشتیمانی، کە توانرا بەھێزی ماندوبونی ئەو ژمارەیە لەبەشداربوان، ھەزارو ٣٨٣ نەمام لەگردی یارە بڕوێندرێت، لەھەمانکاتدا، توانرا راگر بۆ زۆربەی نەمامەکان دابنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەئامێری تایبەت، چاڵ بۆ نەمامەکان لێدران و لەپاش ڕوواندن بەتەنکەر ئاو بۆ نەمامەکان ھێنران و تێر ئاوکران، لەپاشاندا گردی یارە لە خۆڵ و خاشاک و پیسبونی خاک و ژینگەکەی خاوینکرایەوەو پاشماوەی پیسبونی ژینگەکەی خرایە شوێنی تایبەت، ھەتا ئێرە دڵسۆزی بێ ووێنەی خەڵک و ھاووڵاتی و ھاونیشتیمانی بوو، بەڵام خەمساردی و بێ خەمی دەسەڵات و حکومەتیش نائومێدو نیگەرانی نەکردین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوانیش روو لەگەرمی بنێن و بێنە نێو پایانی ئەم گۆڕەپانی کار کردنەو ببنە جێبەجێکاری داواکارییەکانمان، کە خۆی دەبینێتەوە لە 
یەکەم: چاککردن و بوژاندنەوەی کارێزی وەستا شەریف، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەم کارێزە ئاوەکەی کراوە بە سێ بەشەوە، ھەندیکی بەفیڕۆ دەڕوات، ھەندێکی دیکەی لەڕێگای تەنکەرەوە دەفرۆشرێت، ھەندێکی دیکەی دراوە بەگۆڕەپانێکی وەرزشی نزیک گردی یارە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئاو بدرێت بەدارەکان و دەبێت چالاکوانان لەڕێگای خێر خوازییەوە کۆمەک بۆ کڕینی ئاو بکەن بۆ ئەو دارانە، ئەمە جێگای نیگەرانییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم ھەڵەیە چاک بکەنەوەو ئاوی دارەکان لەڕێگای قەتراندن دابین بکەن، چونکە ئەگەر وا نەکەن، ئەوکات ھەموو ئەو ھەوڵانەی کە بۆ بوژاندنەوەی ئەو گردە دراوە بەزایە دەچێت.
دووھەم: گردی مامەیارە بۆ ماوەی ساڵێک بخرێتە ژێر چاودێری راستەوخۆی پارێزگاری سلێمانی و لیژنەیەکی پێکھاتووی ژێر چاودێری پارێزگار و شارەوانی و قائیمقامییەت، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئەو گردە لەڕووی ژینگەییەوە ببوژێتەوە، چونکە ئێستا ئەو گردە بێخاوەنە، من بەدواداچونم بۆ کردووەو ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دارستان دەڵێن لەلای ئێمە نییە، ئەی کەواتە ئەو گردە لەلای کێیە و سەر بەکێیە؟!، ھەر بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە لیژنەیەکی تایبەت سەرپەرشتی ئەو شوێنە بکات وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.
سێھەم: پاش وەرگرتنەوەی ئەو گردەو دارستانەکەی، دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە کەمتر نەبێت لە ساڵێک، تەلبەند بکرێت، بەمەبەستی ئەوەی کە نەھێڵدرێت خەڵکانێکی نا بەرپرس، زیان بەو نەمامە تازانە بگەیەنن، وەک چۆن پاش سەوزکردنەوەو ڕوواندنەوەی نەمامەکان لەم رۆژانەی دوایدا، زیاتر لە ٣٠ نەمام زیانی پێگەیشتووەو ھەندیکی ھەڵکێشراوەو دزراوە.
چوارھەم: دابینکردنی کارگوزار بۆ گردی یارە و سەرپەرشتیار و ئەندازیاری کشتوکاڵی، پێشترو زیاتر لە ٣٠ کارگوزار لەسەر دارستانی گردی یارە دامەزراوە، بەڵام بەھۆی ھەڵکشانی تەمەنی زۆرێک لەوانە، خانەنشین بوون و کەس نەخراوەتەوە جێگای ئەوان.
پێنچھەم: خزمەتکردنی نەمام و زەوی ئەو ناوچەیە وەک پارکێکی میللی رەسەنی جوان و دانانی کورسی  و دروستکردنی پەرژینی جوان بەدەوری ئەو گردە ھاوشێوەی پەرژینە شارستانییەکان، ھەرچۆن بۆ پارکی ئازادی و شوێنەکانی دیکە کراوە.
شەشھەم: دانانی نەخشەیەک بۆ جوانکردنی گردی یارە لەڕووی ھونەری، وەک دروستکردنی شانۆی کراوەی ھاوینەی شێوە رۆمانی و چاککردن و بوژاندنەوەی مەلەوانگەکە و گۆڕینی بۆ فۆڕمێکی دیکەی ھونەری، بەنمونە ئەگەر بڕیار وایە ئەو مەلەوانگەیە چاکنەکرێتەوە، بکرێت بە شوێنێکی ھونەری و نمایشی جیاوازی کارە ھونەرییەکانی تیادا بکرێت.
حەوتھەم خاڵ و کۆتایی: دانانی روناکی لەنێو پارکەکە و تەنەکەخۆڵ بۆ شوشە و بۆ پلاستیک و بۆ پیل و پێکھاتە کارەبایی و ئەلەکترۆنییەکان بەجیا، لەگەڵ جێبەجێکردنی مافی کەسانی کەمئەندام لەنێو پارکی یارە و کارێزی وەستا شەریف لەپاش دروستکردنی 

ئەمانە چەند خاڵ و تێڕوانێکی کەمی ئێمەیە، کە بەئاسانترین شێوەو کەمترین بودجە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو جۆرە لەجێبەجێکردن، بەتەنھا ھێزی بیرکردنەوەو ھێزی بڕیاردان و ھێزی سەپاندنی دەوێت، ئەمانەش کاتێک دێنە بەرھەم، کەحکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەری خۆ جێی سلێمانی و پارێزگارو قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و ھەریەکە لەبەڕێوەبەرایەتییەکانیان، دڵسۆزی بنوێنن و لەو بێخەمییەی نێو پرخەی خەویان، رابپەڕێن و کاری مەیدانی و مەدەنی و یاسایی بۆ بکەن، ئەگەر وانەکەن ئەوا، گردی یارە و مێژوویەکی دێرینی ئەم شارەو پارێزگای سلێمانی، بۆ خۆمان خۆش و دەبێت بەژێر پێی سەرمایەدارانەوە.


زمناکۆ ئیسماعیل

زیاتر