هەڵمەت دژی کچەکانی سۆشیال میدیا(مۆدێلەکان)

توانا عوسمان

رۆژنامەنووس
  09/02/2021  |    71141 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە لەسۆشیال میدیا، هەڵمەتێک ئەگوزەرێ دژ بە کچەکانی سۆشیال میدیا "مۆدێلەکان ".

ئەم هەڵمەتە کەهەندێک نێوەندی ڕەجعی و ڵایکخواز و کۆنخواز دەفعی ئەکەن و سەدان کەسی جیاجیای تێکەوتوە هەر لەخەڵکی سادە و دڵپاکەوە تا جوانناس و قین لەدڵ و تاریکبین، تەنها مەبەست لێی داپڵۆسینی ئەو کچانە نیە کەدیارن، بەڵکو سەرکوتینەوەی ئەوانەیە کەدەیانەوێت دەرکەون .

من بەشەخسی هیچ یەکێک لەو مۆدێلانە ناناسم، ناشمەوێت بیانناسم، پێشموایە جوانی ئافرەت لەو شکڵانەدا نیە کەئەوان بەرجەستەی ئەکەن، ئەشزانم تیایاندایە حەوت فرسەخ لەمۆدێلبوون و ئایدڵ بونەوە دوورە، بەڵام ئەوان هەموو وەک یەک نین، کچی خاوەن کاراکتەر و هونەرمەندو سەرکەوتوی تیایە، سەرکوتکردنیشیان لێدانە لەپرۆسەی کرانەوەی کۆمەڵگـا .

ئەوەی ئەم هەڵمەتە ئەبات بەڕێوە، ئەجندەکەی تەنها لێدان نیە لەم کچانە، بەڵکو لێدانە لەمەیلی کرانەوەی کۆمەڵگە و ئامادەگی کۆی ئافرەت لەبوار و مەیدانی گشتیدا .

ئێمە نابێت دژی بەئەستێرەبوونی ئافرەت بین، ئەبێت، ئەبێت شەڕ لەسەر جۆری ئەستێرەبونەکە بکەین، جارێ با ئەوانیش وەک پیاوان بێنە مەیدانەکەوە و چەندێتیان زیاد ببێت، پاشان فشارەکە بۆ چیەتیان بکرێت .

ئەوەی ئێستا دژی مۆدێلەکان ئەکرێ، فشارێکە بۆ گێڕانەوەی ئافرەت بۆ بەرتەباخ، بۆ ناو موبەق و بۆنی قیمە و فاستی فێری.. ئەم هەڵمەتەش کەبەناوی ئەخلاق و ئادابی گشتیەوە بەڕێوەئەبرێت، لە هەڵەکەی هێلین ئاواتەوە دژ بەمامۆستا کەریم کابان وە دەستیپێکرد و "بەیۆ" ش بێ قەزابێت، بیانویەکی بەهێزی دایە و تەقاندیەوە .

ئەگەر ڕەخنەکە جدی و بێ ئەجندەیە، با لەسەر کەیس و هەڵسوکەوتەکە بێت بەدیاریکراوی، نەک لەسەر کچانی مۆدێل بەگشتی، چونکە کچانی "مۆدێل و سۆشیال میدیا" ڕەوتن، دیاردەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەن وبەشێکن لەسروشتی کرانەوەی خێزانەکانمان .

ئەگەرنا مەعنای نیە، گوێ لەهەیفا وەهبی بگریت، حەزت لەکارداشیان بێت و پاریس هڵتن بەسەرکەوتوو بزانیت و کایڵی جینر بەبەهرەمەند دابنێت و بەدزیەوە سەیری گرتەی سایە کەریم بکەیت و لەفەیسبووکیش جنێو بەکچە دەرکەوتوەکانی سوشیالمیدیا بڵێیت!


زیاتر