جیاوازییه‌كانی كۆرۆنا تازه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆنه‌كه‌ چیه‌؟

د.زانا دزەیی

پزیشکی پسپۆڕی هەناو
  22/02/2021  |    4283 جار خوێندراوەتەوە

ئایا ئەم زنجیرە (شریتە نوێیە) جیاوازیی چییە لەگەڵ زنجیرە کۆنەکە؟
ئایا کوشندەترە؟
ئایا نیشانەکانی جیاوازترن؟
ڤایرەسەکە هەر هەمان ڤایرەسە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی کۆڤید-١٩؟
ڕاستە دەڵێن لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە؟
ئایا ئەو ڤاکسینانەی ئێستا بەردەستن دەتوانن هەمان کاریگەرییان لەسەر ئەم زنجیرە نوێیە هەبێت؟
ئایا چۆن خۆمان لە زنجیرە نوێیەکە بپارێزین؟

وەڵامەکان :

1-جیاوازیی تەنها لە گۆڕانی شریتەکەیەتی و بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی بکات پێش ئەوەی بەرەو نەمان بچێت، واتا هەمان ڤایرەسی ساڕس-کۆڤ٢ ە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی کۆڤید-١٩، شتێکمان نییە بەناوی کۆڤید٢٠ !

2-کوشندە تر نییە، تا ئێستا بەشێکی کەمی زانیارییەکان بەردەستن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی، لە شریتە کۆنەکە کوشندەتر نییە، ئەوەی باس دەکرێت کە شریتە نوێیەکە توانای بڵاو بوونەوەی زیاتر و خێراترە لە شریتە کۆنەکە .

3-نیشانەکانی بە شێوەیەکی گشتیی هەمان نیشانەی شریتە کۆنەکەیە، بەڵام هەندێ زانیاری لە ئەوروپا باسی ئەوە دەکەن کە سکچوون و ڕشانەوە لە شریتە نوێیەکە زیاترە، ئەمما بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەمان نیشانەی کۆنەکەیە .

4-بەڵێ ڤایرەسەکە هەر هەمان ڤایرەسی ساڕس-کۆڤ٢ ە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی کۆڤید١٩ و هەمان هۆکاری گواستنەوەی هەیە .

5-بەڵێ لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە تا ئەوساتەی زانیارییەکان وا نیشان دەدەن، بە ڕێژەیەکی کەم لەوانەیە منداڵ نەخۆشییەکە بە تووندی بگرێت .

6-ڤاکسینەکان بۆ شریتە نوێیەکەی بەڕیتانیا کاریگەریی هەمان شریتە کۆنەکەیان هەیە، بەڵام بۆ شریتە نوێیکەی ئەفریقا، تا ئێستا زانیاریی تەواو بەردەست نییە .

7-ڕێکارەکانی خۆپارێزیی هەمان ڕێکارەکانی شریتە کۆنەکەیە، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیی، ماسک بەستن و دەست شتن بە ئاو و سابوون لە کاتی پێویستدا .

تێبینیی :

دەشێ ئەم زانیارییانە لە داهاتوودا گۆڕانکارییان بەسەربێت، تا ئێستا ئەوەی بەردەستە ئەوەندەی لەبارەوە زاندراوە .

خودا هەموو لایەک بپارێزێت و کوردستانمان پارێزراو بێت.

زیاتر