ئەقڵییەتی میدیای زۆن

رەحمان غەریب

رێکجەری سەنتەری میترۆ
  05/01/2023  |    493 جار خوێندراوەتەوە

ئەو روداوەی لە (پێنجوێن) بەهای هەواڵیان هەیە، بۆ (ئامێدی)یش هەر راستە، ئەو میدیایەی چاو لە هەواڵێکی توندوتیژی (سەید سادق) و (شەقلاوە)، دەپۆشێت، و بەهای هەواڵییان پێنابەخشێت بگەڕێ بە دوای سەرچاوەی پارەکەی، ئیتر خۆت ماندوو مەکە بە پەیوەندی نێوان میدیا و ئەخلاقی پیشەیی، چونکە بەسادەیی: ئەخلاق لە دۆڵیکەو پارەیش لەسەر گردو شاخ و دۆڵی حزبەکانە. 

هاوڵاتیانی دهۆک وەک هاوڵاتیانی  هەڵەبجە وەک یەک مافیانە زانیارییان لەسەر ناوچەکانیان هەبێت، مافیانە بزانن و درۆیان لەگەڵ نەکرێت، کە تۆ باسی روداوێک دەکەیت ٣٠٠ کم لێت دوورە، هەقە لەسەر روداوی شەقامی بەردەم ئۆفیسەکەیشت ئاگادار بیت، کە ئەمەت نەکرد، تۆ بەشێکیت لە ئەقڵییەتی میدیای زۆن، بە هەموو وردەکاری و ئیلیتزاماتێکی سیاسی و حزبی.
 
باسم لەو میدیایە نییە، کە کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش، بڕیاریان داوە پەیجێک، سایتک بۆ ناوەچەیەکی دیاریکراو دروستبکەنو هەواڵی شاریک گوندێک، روماڵبکەن و بڵاویبکەنەوە، بەڵکو بە دیاریکراوی ئەو بەناو رۆژنامەنوس بەناو دامەزراوانەی میدیایە کە کاریان قوڵکردنەوەی رۆحی ناوچەگەرییە کە ویستی یەکێتی و پارتییە.  

بچن گوزەرێکی خێرا بە ناو روداوی توندوتیژی سەری ساڵی نوێی ٢٠٢٣ هەندێ شاری گەورەی جیھان بکەن: هەندێ رووداوی توندوتیژی بوەبە مۆرکی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.

لە ئەڵمانیا هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و پەکخستنی خزمەتگوزاری فریاکەوتن لە بەرلینی پایتەخت، حکومەت و خەڵکی وڵاتەکەی توڕەکرد و تەنانەت بە " هێرشی وەحشی" وەسفیانکرا. 

لە پاریس هێزە ئەمنییەکان، ٦٩٠ ئۆتۆمبێل سوتێنراوە کە هێشتا کەمتر لەوەی سەری ساڵی پَشوو  کە ٨٧٠ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر بوون.

لە ئیتالیا، ٦٤٦ روداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، ١٨٠ کەس بە ھۆی یاری ئاگرین بریندار بوون لە ناویاندا نزیکەی ٥٠ کەسییان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

 ئەم هەواڵانە بە حزبی و سیاسی و ناوچەیی ناکرێت، رووداوی دڵتەزێنن و نەخوازراوی ناوچەیەک دڵخۆشکەر نیین بۆ ناوچەکانی تریان، لە ئاستی نیشتیمانیدا سەرکۆنە دەکرێت و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، پلان بۆ کەمکردنەوەی دادەنرێت.

میدیای زۆنەکان، دەستتان ئاشکرایە، کەی پشوویەک دەدەن؟ کەی تێدەگەین درۆ، روماڵ و فۆکسی هەواڵەکانتان بێ بەھان؟ ئەرێ ئەم هەموو ماندووکردن و ئازاردانی هەستی بەرامبەر بەس نییە؟.
زیاتر