ھاوڕێ کچەکەی کریس!

ماجد خەلیل

مامۆستای زانکۆ
  06/01/2023  |    314 جار خوێندراوەتەوە

 ئەو دێڕو نیوە، پێمان دەڵێ:

 لێرە شەرەف و شەھوەت و شەڕی قوتدانی ھەموو پێناسە و پێناوێکی ژن، گەرمەیەتی. 

ئەو دێڕو نیوە پێمان دەڵێ: خۆشەویستی، ھاوسەرگیریی، ھاوڕێیەتی، ھەموو ڕادەستبونێکی ژن بۆ پیاو، پیاھەڵدانی پیاوە و ئەتکی ئەسراری ژنبوونە. 

تۆسەیری، چ دەرکێکی دنیابینییە خێڵەکییەکە خەریکە دڵخۆشی خۆی پێدەداتەوە:

- مادام ژنەکەی کریس ئەرژەنتینییە، کەواتە کریس براوەیە و میسی ئەرژەنتینی ئەتککراوە!

دوێ شەو، سعودییە، بە ستران و سیمایەکی گەشەوە، لە گۆڕەپانێکی گەورەوە، پێشوازی لە کریس و جۆرجینا و زاڕۆکانی کرد. 
بە ھەزاران ھەواداری یانەی نەسر، بە چەپڵە و سێڵفی و ستران و ھەڵدانی ماچەوە کریسیان کڕاندەوە. 

بە خەیاڵی کەسدا نەدەھات، نۆرەی دووا مەنزڵی ھەڵۆیەکی ھار و سەرکەشی تۆپی پێ، پێبخاتە خاکی خادیمەکانی حەرەمەینەوە. 
ئەوەتا ئێستا، لە پاش مۆندیالەوە، پێکەنین پێی نایەوە سەر لێوەکانی کریسیانۆ.

ھەرچەند مەشکوک بووم، جۆرجینا جۆرێک بوو، نازانم ناز بوو یان کیبری کن کریس، ھەستمدەکرد بۆڵەیەکی پەنھان، چەشنی چەکوشێ دەکێشێ بە ڕۆحی ڕۆناڵدۆدا.

ئاخر ئاخۆ چەندجار پێی وتبێ

: بڕۆ ھەی یەدەک! ئاخر تۆ و کاسی جیھانی! رەفیقی تۆ لەگەڵ کاسەکەدا دەخەون! 

ڕەنگە واش نەبێ، کێ ھەیە ھەڵوێستی ھیومانیستانە بخاتە بەر بەرژەوەندی و ماددەوە؟ 

کێ ئەو بوێرییەی تێدایە، براندێکی وەک کۆکا کۆلا توڕداتە تەنەکەی سەرمایەدارییەوە؟

 ھەڵوێستێکی وا، مەگەر مرۆڤگەلی گرفتاری سەر تەختی قەرەوێڵەکان، مەگەر ئەوانەی دوچاری بڕینەوەی قاچێکیانن بە قەند و فشاری باڵای خوێنیانەوە گرفتارن.

 مەگەر ئەوانەی جەوانێکیان، جەڵدەیەکی ناگەھان مەرگی پیشاندابێ.

 بەڵێ، ئەرکی مێژوویی، بەرپرسیارییەتی قۆناغەکە، لە گەردنی گەمەکەرێکی گەورەی وەکو کریس و میسی و لە ئەستۆی ڕاپەر و گۆرانی بێژێکی باڵای جیھانی و لە دەستی ئەدیب و ئامۆژگار و زانا و داھێنەرەکاندایە.

 چون ئەمڕۆ، جڵەوی جیھانیان، لە تەقلیدێکی تاقەتپڕۆکێندا خۆی دەبینێتەوە. 

ئێستاش، ئەم تەقلیدە، توانای گۆڕینی گەلێ ھاوکێشەی ھەیە.

 کێ دەڵێ پاش پێنج ساڵی تر، خولی یانەکانی عەرەبسان و مەغریب و کووەیت، بەڕەی ژێر پێیانی کلاسیکۆ و کێبرکێی یانەکانی ئینگلیز و ئەڵمان ناکێشێتە دەرێ.

 ئەدی ھەموو شتێ موڵک و ملکەچی پارە نییە؟

ئەدی کێ ھەیە ھێندەی عەرەب عەشقی ئیسراف و سەخاوەت بن؟

ھیچکات ئینگلیزێکی لەندەن و عەرەبێکی خەلیج چێژ و نەوس و سێکس و سەرمایە و خەوتن و خەیاڵیان لە تای تەرازویەکدایە؟
 ورگی خەلیجییەک و ئەوروپییەک وەک یەکن؟

خەمی پێش و دووای ئەوانە، خەمێکی بەراوردکراوە؟ بێگومان نەخێر. 

ئەو سعودیەیەی، لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی ھێندەی درێژترین میترۆی ڕیاز دوور و درێژە.

 ئەو سعودیەی، ھێشتاش زۆرترین بڕوانامە باڵاکانی لەسەر تەیموم و تەشکیلەی بای پێش و پاشە.

ئەو سودیەی ئاخوندەکانی بۆیان بکرایە بۆنی عەتر و عەورەتی میوەو مۆزیان لە مێشکی کیژاندا کەپتدەکرد. ئێستاکە ئەڵێی ئەژدیھایەکی حەوت سەرە و لە ھەر لایەکی کیشوەرەکەوە گازی گەندەڵی و گەڕانەوەکان دەکات.

 بەڵێ سعودیە، لە ئاستانەی ئەیامێکی نوێدا، جیھان توشی شۆک دەکات، ڕەنگە ڕوانگەی ٢٠٣٠ تەنھا یەکێک بێ لەو شۆک و سەدان سوپرایزانەی سعودیە. 

لەو ڕوانگەیەوە....
 لە لێواری دەریای سورەوە، لە سنورەکانی میسر و ئەردەنەوە، زیاد لە ھەشتا پرۆژەی خەیاڵی، کیشوەرێ غەرقی غەرغەرەی چاوەڕوانی چێژ و چڵێسی دەکات. 

لەو ڕوانگەیەدا، یەکپارچە یانەکانی شەوانە، ڕێگەو بان، باڕ و بەزمی ھونەر و گۆرانی، دەستی کار و پرۆژەی نیشتەجێ بوون، دابڕان لە نەوت و نەریتی بەکاربردن، مۆسیقا و مۆزەخانە و بایەخی سەد دەر سەد بە ژنان، کە تا ئەمڕۆ ٢٢٪ بازاڕی کار ژنن، دەیانەوێ ئەو ڕێژەیە بگاتە لوتکە. 

ئەی ئەگەر ئەمە سوپرایز نەبێ چی سوپرایزە؟ 

دەیانەوێ میوانانی حەج و عەمرە، بیست ھێندە ببەنە پێشەوە، دەیانەوێ گەشت و گەڕانی حەفتا لەسەدی وڵاتانی جیھان، تەنھا لە ھەشت کاتژمێردا لەو کیشوەرەدا بەبێ فیزا و فەوزای دیژبانی بێ. 
ئێستا بن سەلمان....

 گەنجێکی ھەڵتۆقیو، تف لە ڕابردووی ڕەسەنەکانی ناکا، ئەو زاڕۆیەکی بەناوی سەلمانی بابیەتی و یەکێکیشیان بەناوی شوھرەی خەزوری، ئەو تەواوی خوێندن و خەسڵەتی خاکی بوونی خۆی لە ئال سودەوەیە.

 ھێشتا نەبووەتە چل ساڵ، وەلێ وەحییەکی وەھا لە کەللەیدا توشی تای تەکنەلۆژیاو تەمەدونی کردووە، کە مەحاڵە مرۆڤ توشی شۆک نەکا. 

بەڵێ بن سەلمان

 دەیەوێ، سێ لە شارەکانی بکاتە ڕیزی سەد شارە شانازییەکەی جیھانەوە.

 دەیەوێ سەحرای روبعولخالی تژی بکات لە دەنگی دەیان و سەدان بولبول و باڵندەی کوێستانی.

 دەیەوێ دەریا بەکامی ئەو شەپۆل بدات.

 دەیەوێ ھیچ خانەوادەیەکی خاکەکەی نەمێنێ، خودانی گرانبەھاترین ئوتێلەکانی ئەوروپا و جیھان نەبێ، بەمەرجێ لە قاتی سەری سەرەوەی ئوتێلەکاندا، ھەر بە دیزداشەکەیانەوە تا سەر ئەژنۆیان لە ئاوی شلەتێنی مەلەوانگەیەکدا مەست مەستێ سەیری عەقڵی ئێمەومانای جیھانی ئیسلامی بکەن!

ماجد خەلیل
زیاتر