هەر ڕاستی دەیباتەوە

  08/01/2023  |    758 جار خوێندراوەتەوە

پەند بە کوردی و عەرەبی لە ئیختیاری بەندەکانی خودایە. جا کورد بن یان عەجەم. عەرەب بن یان ئەمازیغ. خەڵکی ئێران بن، یان توران. پەند دەرسی ئیقلیمگیرە بۆ ئەوەی تێبفکرێت و تێبفکرین.

دەڵێن زەمانی سەرهەڵدانی ئاینەکان کابرایەک هەبوو ناوی (حەنون) بوو. ئەمە مەسیحییەکی بەدەعیە بوو. حەزی لە ھەیلەمان و تاجی سەرشان بوو. رێک پێچەوانەی پەیامی مەسیح و پەیامی گشت ئاینەکان کە پەیامی یەکسانییە.

 جا حەنون هیچی بە ھیچ نەکرد. بیستبووی ئاینێکی تازە پەیدا بووە ناوی ئیسلامە و خەڵکی دەبێ تەڤلی ببێت تا ببێتە موسڵمان و شەئن و ناو پەیدا بکا و شایەتمان بێنێ. حەنون بوو بە موسڵمان. وایزانی تاج و نەجمەی گەورەتری دەدەنێ.

لە میانی مامەڵەدا بۆی دەرکەوت ئیسلامی حەزرەتی موحەمەد، درودی خوای لەسەر بێ، وەک یەک سەیری بەندەکانی خوا دەکات. عەرەبی و ئەعجەمی، رەش و سپی، بیلال و عومەر، لای فەرقی نییە، مەگەر بە تەقەوای خوا نەبێ. دەی ئاخر حەنون ئیشی بەو دونیا نەبوو، ئیشی بەم دونیا بوو.

 بۆیە کە زانی ئاینی تازە دادی نادا، بڕیاری دا بۆ دووەم جار سەنگەر بگوازێتەوە و جارێکی دی بووە شوێنکەوتووی حەزرەتی عیسا. لەم کەینوبەینەدا بوو شاعیرێکی عەرەب گوتبووی: (مازاد حنون فی الاسلام خردلە ولا النێاری لهم شغل بحنون).

یانی کاکی سەنگەر گواستۆوە زۆر ئەرزشی نییە، نە بوونی بە موسڵمان دەسکەوت و هێز و قوەتە، نەچوونیشی بۆ سەنگەری تر زیان و زەرەرە. گشتی تۆز و بایە، یانی (خەردەلە)یە. 

لێرە بە پەندی شاعیرێکی نەناسراوێکی کەلتوری عەرەبی دەستمان پێکرد، خراپ نییە بە پەندێکی جوانی کوردەواری کۆتایی پێ بێنین کە هی شاعیرێکی ناسراوی کوردە، حەمدی، و بۆ ئەم زەمانە شپرزەیە دەست دەدات:
(ئەم برینانە زەمانە هەر دەبێ سارێژی کا           
  
حەمدی، ئەمما بۆ ئەمەش پێویستە سەعی و حەوسەلە). 

پەیامەکە روونە، پەندیش بە کوردی و عەرەبی جوانە. حەیف دوای ئەم کەلتور و خەزینە دەوڵەمەندە،هەبن خۆیان بکەن بە (پەن).

ئەم شپرزەییەش تێدەپەڕێ و (ڕاستی رێرەوی) خۆی وەردەگرێتەوە.
زیاتر