سنورێک بۆ خۆمان سنورێک بۆ پارتی و یەکێتی و موعارەزە

دانا مەنمی

نوسەر
  10/01/2023  |    385 جار خوێندراوەتەوە

 سەردەشت و سۆران و کاوەو وەداد ئەستێرەی درەوشاوەی قوربانی و گیانبازیین کە شۆڕشی بادینانی بە دوای خۆیاندا هێنا ، شۆڕشێک کە عەرشی ستەمکاری هەژاندو دەبابەی تورکی لە دڵی بادیناندا سوتاند بێ ئەوەی لە غەزەبی پارتیش بترسن! ئەمانە موعارەزەی راستەقینە بوون ، چونکە ڕاستەوخۆ بەرامبەر ستەم و فەساد وەستانەوە، شیروان شێروانی و هاوڕێکانی لەپاڵ هەبوونی ئیرادەو بوێریدا ڕاستگۆبوون لەگەڵ خۆیان و کۆمەڵگادا ، لەودیوی سەنگەری “دێگەڵە” وە تەقەیان لە پارتی نەدەکرد و چاو لە یەکێتی بپۆشن !

هاوشێوەی سەردەشت لە هەولێرەوە و سۆران لە کەرکوک و کاوەش لە گەرمیانەوە سەنگەری ویژدان و ئیرادەو بانگی هەقبێژی خۆیان چۆڵ نەکرد و جێنەهێشت .

 ئاشکرایە پارتی و یەکێتی گەندەڵ و ستەمکارن و نوقتە. بەڵام کاتێک ئەمانەوێت سنورێک بۆ پارتی و یەکێتی و حکومەتەکەشیان دابنێین نابێ خۆمان بێ سنور بین و دۆخەکە خراپتر بکەین ،کاتێک ئەمانەوێ حیزب و حکومەت بخەینەوە سەر ڕێڕەوی خۆی دەبێ خۆمان لە ڕێڕەوەکەدا بین نەک دەرچوبێتین لە ڕێڕەوەکە ، ئاخر مەفهومی چاکەی گشتی هەبوونی ئەم سنورەیە کە حیزب و حکومەت و موعارەزەو تاک و کۆمەڵگای لە ژێر چەترێکدا کۆکردووەتەوە ، خۆ ئەگەر پارتی و یەکێتی چوونە دەرەوەی سنورەکان و بازیاندا بەسەر ئەخلاق و سنورەکانی چاکەی گشتیدا نابێ هەمان ئەو قوڕەی کە پارتی و یەکێتی شێلاویانە نوسەران و ڕۆژنامەنوسان بیشێلێتەوە و وەکو پارتی و یەکێتی بازێکی تر بدات بۆ ئەودیووی ئەخلاق و سنورەکان ببەزێنێت !

 ئیستا لەگەڵ پارتی و یەکێتی و گۆراندا موعارەزەش بارە بەسەر شانی کۆمەلگاوە ، وەکچۆن پارتی و یەکێتی باج لە سەر کرداریان نییە موعارەزەیش باج لە سەر وتنیان نییە ! پارتی و یەکێتی هەرچی لە دەستیان هاتبێت دریغیان نەکردووە ئێ موعارەزەیش هەرچی بە دەمیا هاتبێت وتوویەتی و رەقەمی خەیاڵی لێ ئەدات !

ئالێرەدا ئەخلاقی سیاسی نامێنێت و موعارەزەیش وەکو پارتی و یەکێتی دەبێتە فاسدو سنوروکان دەبەزێنێت ، بۆیە نەک نەیانتوانی لە خەمی چاککردنی دۆخەکەدا بن بەڵکو نەشیانتوانی جیاواز بن لە پارتی و یەکێتی و ڕووی ئەوانیشیان سپیکردەوە وهەڵگری هەمان ئەخلاق و هەمان عەقڵیەتی یەکێتی و پارتین
زیاتر