قەیران یاخود بان قەیران

  23/01/2023  |    515 جار خوێندراوەتەوە

قەیرانە سیاسیەکانی کوردستان لە ژێر سێ کاریگەریدا دروستدەبن: (ناوخۆییەکان، ئیقلیمییەکان، نێودەوڵەتی ). ئەگەر ناوخۆ بەهێزبێت ئەوا دەتوانێ بەرامبەر هۆکارە ئیقلیمی  و نێودەوڵەتیەکان خۆڕاگربین. قەیرانە ناوخۆییەکان لە ئەنجامی ململانێی نێوان حزبەکان و ناکۆکی فراکسیۆنەکانی ناو حکومەت دروستدەبێت. سروشتی ئەو قەیرانانەی ڕوبەڕوی هەرێمی کوردستان و کورد بە گشتی دەبێتەوە، جگە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان هۆکارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیش کاریگەری تەواویان ھەیە. 

ئەگەر سەیری کۆمەڵگەی کوردی بکەین جۆرێک لە قەیران هەیە کورد ناتوانێ تێپەڕی بکات، یاخود هەر لەناویدایە یان کەمێک لێی دورکەوێتەوە لە کورترین ماوەدا بۆی دەگەڕێتەوە، ئەویش قەیرانی ترازان و قەیرانی بیرکردنەوەیە. بۆیە چەندە دوژمن ئینکاری بوونی کورد دەکات هێندەش خۆمان ئینکاری بوونی یەک و عینادی ڕای جیاوازی یەکتر دەکەین. بۆیە ناتوانی زیادەیەک بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاد بکەین. ئیتر ئەمە قەیرانە یان جینات، ئەوە جێدەهێڵم بۆ خوێنەری بە ئاگا.

 قەیرانەکانی نێو جڤاتی کوردی قەیرانی مێژووین و ستراکچەری فرە ڕەهەندی هەیە  و لە بنەڕەتدا هەڵگری کۆمەڵێک نەخۆشی و دژبەیەکی (پارادۆکس)ە لەهەناوی تاکی کورددا، ئەگەر بە تێگەشتنەوە (شەرەفنامە و گەشتنامەکەی ڕیچ بۆ کوردستان ) بخوێنینەوە لەوێوە بیرکردنەوەی ئێستای پێبخوێنیتەوە، هەمان گەمەی ئەو سەردەمە دەکەینەوە. کەواتە لە ڕووی سیاسییەوە لە هەمان قەیرانداین، کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە مەگەر بە دەست و خەتی دەرەوەی خۆمان چیرۆکێکمان بۆ داڕێژنەوە. بۆیە دەبێ ددانی پێدابنێین کە ڕۆحی گشتی (دەستە جەمعی) کورد لە دروستکردنی دۆخێکی تازەدا بۆ چارەسەرو جێهێشتنی دۆخی دوێنێی پڕ قەیرانی مێژووی، ڕۆحێکی ماندوو شەکەتمان هەیە یاخود ئەوەی پێویستە کاری لەسەر بکەین پێچەوانەکەی دەکەین. 

چارەسەرنەکردن و تێنەپەڕاندنی ئەم قەیرانە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گوتارێکی سیاسی ڕوون و لۆژیکی، کە ناتوانێ لەتەک گۆڕانکارییەکانی جیهاندا گۆڕان لە بیرکردنەوەو جۆری بەرژەوەندیدا بکات. خۆ ئەگەر ئەم جۆرە لە قەیران لە یەکتر شکاندن بەردەوامبێت ئەوا دەبێتە بان قەیران ئەوکات هەر لەدەرەوەی مێژوو دەمێنینەوە بەم گۆڕانکارییە نوێیانەی جیهاندا پێڕانا گەین .
زیاتر