نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی خانمەی قۆڵی دەیان کوردی بڕی و فێڵباز دەرچوو

  23/02/2023  |    2405 جار خوێندراوەتەوە
روجا ئیگنەتوڤا، ئەو کچە بەڕەگەز بولگاریەی گەورەترین ساختەکاری سەدەی لێ دەرچوو لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، دوێنێ لەتازەترین هەواڵدا ئاماژە بەوەکرا کە لەساڵی 2018 وە کوژراوە.

ڕوجا لە 30ی مەی 1980 لەشاری روس لەولاتی بولگاریا لەدایک بوە لەتەمەنی 10 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بڕوانامەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بەدەستهێناوەو دواتر لەساڵی 2005دا دکتۆرای لەیاسای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە لەزانکۆی کۆنستانسی ئەڵمانیا.

لەساڵی 2014 لەگەڵ سەرەتای ئاشنابونی جیهان بە دراوە دیجیتاڵیەکان Cryptocurrency ئەم خانمە کۆمپانیایەکی هەڕەمی پۆنزی وەبەرهێنانی دامەزراند لەشاری سۆفیای پایتەختی بولگاریا بەناوی (وەن کۆین) OneCoin زیاتر لە سێ ملیۆن بەشداربوو لەسەرانسەری جیهاندا بەشداریان لەپاکێجە جۆراوجۆرەکانی ئەم کۆمپانیایەدا کرد (کە ژمارەیەک لە کوردەکانی باشووریش بەشداری ئەم کۆمپانیایە بون)، بڕی سەرمایەی بەشداربوەکان لەسەرانسەری جیهاندا بەزیاتر لە چوار ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەپێی وتەی شارەزایانی ئەمنی و دراوە دیجیتاڵیەکان ئەم کۆمپانیایە گەورەترین کۆمپانیای Scam ساختەکاری سەدە بوە!.

لە 25ی تشرینی یەکەمی 2017ەوە ڕوجا  دیارنەماو لە ئینتەرپوڵ و دەزگا جۆراوجۆرەکانی سەپاندنی یاسای نێودەوڵەتی وێنەو ناوی وەک تاوانباری سەدە بڵاوکرایەوە. لەسەرەتای ساڵی 2019دا ئەو بە غیابی لەلایەن دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکاوە بەفێڵ و دزین و سپیکردنەوەی پارەو ساختەکاری تاوانبارکرا، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا FBI بە 10 گەورەترین تاوانباری سەدە ناوزەندی کردو بڕی 100,000$ سەد هەزار دۆلاری وەک بەخشی کردە دیاری بۆ ئەو کەسەی زانیاری بدات دەربارەی ڕوجای خاوەنی وەن کۆین.

دوێنێ لەتازەترین هەواڵدا پۆلیسی بولگاریا ئاماژەیان بەوەدا کە ڕوجای خاوەنی کۆمپانیای وەن کۆین، لەنۆڤەمبەری ساڵی 2018 بەفەرمانی گەورە مافیای ماددە هۆشبەرەکانی بولگاریا هریستۆفۆرس ئاماناتیدیس کە بە "تاکی" ناسراوە کوژراوە. لەئێستادا ئەو مافیا بولگاریە بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانێکی هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕوجا لەناو یەختێکدا لە دەریای ئایۆنی یۆنان کوژراوەو تەرمەکەی پارچە پارچە کراوەو فڕێدراوەتە دەریاوە. کوشتنەکەی بۆ شاردنەوەی تێوەگلانی خاوەن ماددە هۆشبەرەکان بووە لە فێڵەکەی کۆمپانیای وەن کۆین کەپێشتر ڕوجا کاری لەگەڵدا کردون.

هەرچەنده‌ تا ئێستا بەشێک لەهەواڵەکان ئاماژە بەوەدەکەن کەڕوجا نەکوژراوەو پێدەچێت لەیەکێک لەم وڵاتانە خۆی شاردبێتەوە (بولگاریا، پانەما، مەکسیک، یۆنان، ئیمارات) هاوکات (وەن کۆین) ئەو کۆمپانیایەی کە ڕوجا خاوەندارێتی دەکرد تائێستا دانەخراوەو بەردەوامە لە وەبەرهێنان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمە نوێترین هەواڵە کەدوێنێ لەسەر ڕوجا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام تائێستا بەڕێوه‌بەرانی وەن کۆین هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

هاوكات لەدوای وەن کۆین چەندین پلاتفۆرمی دیکەی ساختە Scam لەلایەن دزەکانی ئینتەرنێت و گروپە مافیاکانەوە دروستبون بەناوی وەبەرهێنانی ئۆنلاین لەژێر پەردەی (بازاڕە دارایەکان)دا، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە خەڵکانی وڵاتانی دیکە وەن کۆین بوە وانەیەک و ئەزمونێکی گەورە بۆیان، بەڵام بەداخەوە خەڵکی کوردستان ئەم هەڵەیان دە بارە کردەوە لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی (پام ـ پی.جی.ئای ـ وایزلینگ ـ ئیمپرۆ سوڵیشن ـ مۆرۆلێکس،...هتد) کە بەپێی زانیاریەکان نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری خەڵکی کوردستان لەلایەن ئەم پلاتفۆرمانەوە خوراوە و چەندین دۆسیە لە دادگاکانی هەرێمدا تۆمار کراون
زیاتر