کێ جێگای پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان دەگرێتەوە؟

ئیسماعیل خورماڵی

بڕیاردەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان
  01/03/2023  |    775 جار خوێندراوەتەوە

لەو بارەیەوە هەندێ بەڕێز پرسیاریان ئاراستە کردووم یان پەیوەندییان کردووە، بۆ بەرچاوڕوونی لەخوارەوە بابەتەکە لەڕوی یاسایی و هونەرییەوە ڕوون دەکەمەوە.

پاش پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوە، پەرلەمان بە فەرمی داوا لە کۆمسیۆن دەکات کە ناوی ئەو کاندیدە یان ئەو کاندیدانە بنێرێت کە دەبنە جێگرەوە. کۆمسیۆنیش لە کۆبونەوەی ئەنجومەندا ئەو ناوانە دیاری دەکات.

ئەگەر کورسیە بەتاڵەکە تایبەت بوو بە ئافرەت، ئەوا بەپێی بڕگەی (دووەم) مادەی شەست و یەکەمی یاسای هەڵبژاردن مەرج نیە ئافرەتێکی دیکە جێی بگرێتەوە، مەگەر لەو بارەدا کە کاریگەری لەسەر ڕیژەی نوێنەرایەتی ئافرەتان هەبێ. واتە ئەگەر ڕێژەی ئافرەت لە پەرلەمان تەواو بوو کە (٣٧) ئافرەتە، ئەوا جێگرەوەکە بەزنجیرەی زۆرترین دەنگ دەڕوات و ئەگەری هەیە پیاو بێت.

پاش ئەوەی کۆمسیۆن ناوەکانی نارد بۆ پەرلەمان و پەرلەمان بە فەرمی ناوەکانی ڕاگەیەند و کەسە جێگرەوەکان ئاگادار کرانەوە، ئەوا پێویستە لەماوەی (٩٠) ڕۆژدا سوێندی یاسایی بخۆن، بەپێی بڕگەی (سێھەم) مادەی شەست و یەکەمی یاسای هەڵبژاردن: (لە حاڵەتی سوێند نەخواردنی پاڵێوراوی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان لە ماوەی (٩٠) ڕۆژ لە مێژووی ناوبراو مافی  ئەندامیەتی نامێنێ و، پاڵێوراوێکی دیکە بەپێی یاسا شوێنی دەگرێتەوە)

تێبینی/ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان (٣٠) ڕۆژ دیاریکراوە، بەڵام ئەنجومەنی شورای هەرێم ئەو بابەتەی یەکلایی کردۆتەوە کە یاسا باڵاترەو کار بە (٩٠) ڕۆژەکە دەکرێت.

واتە پاڵێوراوە جێگرەوەکان لەو بەروارەی پێیان ڕادەگەیەنرێت بۆیان هەیە تا (٩٠) ڕۆژ سوێندی یاسایی بخۆن و پێویستە پەرلەمان چاوەڕێیان بکات. لە پاش (٩٠) ڕۆژ ئەگەر سوێندی یاساییان نەخوارد ئەوکات پەرلەمان بەهەمان شێوە داوا لە کۆمسیۆن دەکات ناوی تری جێگرەوەی لە پاش ئەو ناوانە بۆ بنێرێت.

سەبارەت بە جێگرەوەکانی لیستی بەرەو ئیێلاح
لە ئێستادا یەکگرتوو ئەو (٥) ئەندامەی کشاندۆتەوە، بەڵام لیستەکە هاوپەیمانی بوو لە نێوان یەکگرتوو و بزوتنەوە دەشێت کاندیدی سەربەخۆی تێدا بوو بێت، یان ئێستا پەیوەست نەبن بەو پارتانەوە. ئایا کێ دەبێتە جێگرەوەیان؟
بەپێی لیستی دەنگەکان لە کۆمسیۆن ئەگەر ڕەچاوی کۆتای ئافرەتان نەکرێت ئەوا ئەم (٥) پاڵێوراوانە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە:
١- مەلا حسین گردەچالی
٢- ئیسلام کەشانی
٣- د. عبداللە وەرتێ
٤- عوسمان کاروانی
٥- جلال گاھر
ئەگەر ئافرەتێک داوا بکرێت ئەوا (لیلی علی عبدالعزیز) دەبێت، ئەگەر دوو ئافرەتیش داوا بکرێت ئەوا (بێریوان فقی اسماعیل) دەبێت، واتە ئەوان دەبنە چوارەم و پێنجەم.

ئەم ناوانە ماوەی (٩٠) ڕۆژیان لەبەردەستدایە تا سوێندی یاسایی بخۆن. ئەگەر کەسێک لەوان یان چەند کەسێکیان سوێندی نەخوارد و نوسراوی فەرمییان پێشکەش نەکرد، ئەوا پاش (٩٠) ڕۆژ پەرلەمان جارێکی تر داوای ناوی نوێ دەکات و پرۆسەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا هەموو کورسیە بەتاڵەکان پڕ دەکرێنەوە. 

واتە هەموو پرۆسەیەکی پڕ کردنەوە لانیکەم (١٠٠) ڕۆژی پێویستە، لە کاتێکدا پەرلەمان خۆی کەمتر لە (😎 مانگ تەمەنی درێژکراوەی ماوە.
زیاتر