پارتی لە قەزیە گەورەکەوە بۆ قەزیە وردەکە

  26/03/2023  |    1568 جار خوێندراوەتەوە
سەرنجبدەن ناوبانگی ئەم حزبە لە کوێوە بۆ کوێ؟!

ڕێبەری ڕەوانشاد مەلا مستەفا؛ لە بارزانەوە و لە سەرۆکایەتی خێڵێکی بچوکەوە هات و بو بە بەبازوی بەهێزی کۆماری مهاباد، لە ئەیلولدا؛ وێڕای ململانێکانیش بو بە باوکی ڕۆحی پارتی و شۆڕش، هەر لەو سەردەمەوە تا ڕاپەڕین، لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەگمەن ماڵێک هەبو وێنەیەکی مەلا مستەفای لێ نەبێت، لە باکور، نزیکەی هەمو کەس ئەو وەختانە خۆی بە پێشمەرگەی بارزانی دەزانی، ئەدی ئێستا؟! 

لە باشور گیرۆدەی بردنەوە و دۆڕانە و لە ژێر ڕەحمەتی کورسیەکانی دهۆک دایە، خۆئەگەر دەرفەتی هاوشێوەی قەڵەمڕەوی سەوز لە قەڵەمڕەوی زەرد بۆ نەوەی نوێ هەڵبکەوێت با لەمنی وەربگرن، پارتی توشی شۆکێکی نەبڕاوە دەبێت، لە باکوریش نە قازانج و نە مایە، لە ڕۆژئاڤا بە تەواوەتی چرای بەخت و چاوەڕوانی لەو حزبە کوژاوەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتیش دەمێکە لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی ڕۆژگاردا ناوبانگی خۆی ڕەشەکوژ کردوە!.

هەر بەڕاستی پارتی چۆنی لێکدەداتەوە ئازادە بەڵام ریپۆرتی یەکێتی لەلای کونسوڵ و باڵوێزەکان لە باشترین حاڵەتدا پەرچەکردارە، چونکە لەلایەکەوە ئەوان باش لەوە تێدەگەن شەڕ و نیگەرانیەکە کۆپتەر و سنوربەزاندن نیە و لەلایەکی دیکەشەوە دڕۆنەکان دەمێکە بێئەوەی ڕوخسەت لەکەس وەربگرن دەنگیان دێت.

پارتی ئەگەر دەیەوێت ڕۆڵە مێژوییەکەی خۆی  وەربگرێتەوە باشترە دەسبەرداری ئیرادەشکاندنی حزبەکانی هەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بێت و بەچاوێکی کەمێک واقعیتریش لە هەلومەرجی نوێ بڕوانێت و دەسوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانیان ڕابگرێت بەتایبەت کێشەکانی ناو یەکێتی کە کردویەتی بە خولیا و خویەکی بەردەوام، لەکاتێکدا پریشکی ئەو کێشانە بەر هەمو هەرێمەکە و پارچەکانی دیکەش دەکەون و خودی پارتیش دەگرنەوە، وەک ئەوەی لەئێستادا بەرجەستەیە کە بەهۆیانەوە ئەو حزبە بوە بە براوەیەکی دۆڕاو، بەتایبەت کاتێک دەبینین یەکێتی وێڕای کێشە ناوخۆییەکانی، کەچی توانای هەیەهەنگاوی جدی بهاوێت بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی سەرکردایەتیکردنی دۆزی کورد و خاوەندارێتکردنەوەی قەزیە گەورەکە، ئەوشتەی مامجەلال لەپێناوی گەلەکەیدا بە کاک مەسعودی سپارد، کەچی پارتی پێش حزبەکانی دیکە ئەرکی سەرۆکیان بەلاڕێدا برد.
زیاتر