دڵۆپێک لە دەریای ئازاری ساڵێک

د.بەهار مەحمود

پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
  28/03/2023  |    2710 جار خوێندراوەتەوە
فاذا مرضت فهو يشفين
ساڵێک پێش ئێستا لە بەرواری 10/3/2022 تووشی ڕوداوێکی سووتان بووم بەهۆی گڕگرتنی زۆپای ماڵەوە .
 هەرچەندە ڕوبەری سوتاویەکەم تەنها ٢٠٪ بوو بەڵام بەشی هەرەزۆری پلە سێ بوو ، لەو کاتەوە تا ئێستاش من چارەسەر وەردەگرم لە هەریەکە لە نەخۆشخانەکانی ئیمێرجێنسی سلێمانی و شاری پزیشکی فاروق و نەخۆشخانەی سانا لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا . 
دوای گەڕانەوەشم لە ئەڵمانیا بەردەوامم لە وەرگرتنی چارەسەری ڕێککاری و تەواوکاری لەلای هەریەک لە کلینیکی د. محمد محمود و د. فەرمان فەریق لەشاری پزیشکی فاروق وە کلینیکی هەریەک لە د. محمد یوسف و د. شاخەوان محمد  .
نامەوێت لێرەدا باسی ڕۆژانەی بەسەربردنی ئەو 
ساڵە قورسە بکەم ، ئەوە بۆخۆمم ئەرشیف کردووە و هەڵمگرتوە، بەڵام هیوادارم لە ناوونیشانی ئەم پۆستەم تێبگەن کە چ ساڵێکی قورس و پڕ ئازارم بەسەر بردووە لە ڕووی جەستەیی و دەروونیەوە .ئازاری سووتان قورسترین جۆرەکانی ئازارە هەر بۆیە پەروەردگار بەسوتان سزای سەرپێچیکاران دەدات .
دەتوانم بڵێم ئەم ڕووداوە  ژیانمی کردووە بە دوو قۆناغ ، قۆناغی پێش سووتان و قۆناغی دوای سووتان .
لێرەدا دەمەوێت تەنها ئاماژە بۆ چەند خاڵێکی پێویست بکەم :
خاڵی یەکەم / سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ خوای گەورە کە سەبرو بەرگەگرتن و شیفای پێ بەخشیم ، وە هەروەها سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ هەریەکە لە : 
١- خێزانە خۆشەویستەکەم هەریەک لە هاوسەری ئازیزم ، خوشک و براکانم ، برازاو خوشکەزاکانم ، هاوسەری براکانم و هاوسەری خوشکەکانم ، وە خوشک و براکانی هاوسەرم ، کە زۆر پێمەوە هیلاک بوون وە نەیانهێشت هەست بە تەنهایی بکەم وە 
بەجۆرێک لەگەڵم بوون کە ناتوانم وەسفی بکەم  داواکارم لە خوای گەورە فرسەتم بداتێ لە خۆشیەکانیاندا چاکەیان بدەمەوە .
٢- هەردوو هاوڕێ و برای بەڕێزم د. محمد محمود قادر وە د. فەرمان فەریق لە نەخۆشخانەی فاروق ، ئەوان هەردووکیان دکتۆرم بوون بە تامی برا لە وانەوە ئاشنا بووم بە لایەنە مرۆڤایەتیەکەی پیشەی پزیشکی وە ئەوان توانیان وام لێبکەن هەموو پزیشکێکم خۆش بوێت ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە هاوکاری د. هادی و د. دیلمان و ستافی تایبەتمەند لە نەخۆشخانەی فاروق لەمردنی حەتمی ڕزگاریان کردم دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسی خوێن بووم
ولەئەنجامدا سست بوونی گورچیلەو جەڵدەی سی لێکەوتەوە ، تا ئێستاش لای ئەوان عیلاجی ڕێککاری وەردەگرم  ،خودی خۆیان بە مرۆڤ دۆستی و میهرەبانیان بەشێکی گەورەن لە عیلاجەکەم .
٣- هەریەکە لە نەخۆشخانەی فاروق و ئیمێرجێنسی (سووتاوی) سلێمانی و نەخۆشخانەی سانا لە ئەڵمانیاو کلینیکی د.محمد یوسف و کلینیکی د.شاخەوان محمد کە ڕۆڵیان هەبوو لە عیلاج کردنم
٤- گشت خزم و کەس و کارو هاوڕێ و هاوپیشەکانم 
، ڕۆژنامەنووسان وبەرپرسان ، کە درێغیان نەکرد لە سەردان و هەواڵپرسین و نزا کردن بۆم .
خاڵی دووەم / لە دوای ئەم کارەساتەی بەسەرم هات تێڕوانینم بۆ ژیان گۆڕاوە بە جۆرێک هەست دەکەم دوای ناخۆشیەکی پێناسە نەکراو جارێکی تر لە دایک بوومەوە ، وە پێم  وایە سێ شت لە ژیاندا تێڕوانینی مرۆڤ دەگۆڕن : نەخۆشی ، تاراوگە ، لەدەستدانی ئازیز ، وە ئەم سێ شتە گەر مرۆڤ نەکوژن بەهێزتری ئەکەن .وە پێم وایە هێزی گەورەو یەکلاکەرەوە مرۆڤ خۆیەتی لە کەوتن و هەستانەوە ، ئەوانەی چواردەورت ڕۆڵی گەورەیان هەیە بەڵام لە دوا جاردا خۆت دەبێ بڕیاری هەڵسانەوە بدەیت ، بۆیە دەبێ بەهێز بین بۆ مواجەهەی کەوتنەکانی ژیانمان ، وەلایەنی دەروونی و ئارامگرتن یەکەم هەنگاوی شیفایە .
خاڵی سێیەم / دەمەوێت لێرەوە بە ئازیزانم ڕابگەیەنم ، کە لە ئێستادا دەتوانم بڵێم من ئەو کارەساتەم دوای قورسیەکی زۆر تێپەڕاندووە و ممارسەی ئاسایی ژیان دەکەم .
 خاڵی چوارەم /یەکێک لە دەرئەنجامە باشەکانی 
ئەم ڕووداوەی بەسەرم هات ئەوەیە کە بڕیارم داوە ببمە باڵا پۆش .
لەگەڵ ڕێزو هیوای تەندروستی بۆ هەموان .
زیاتر