لابردنی كۆتو بەندەكانی سەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا گفتوگۆی لەسەرکرا

د. ئامانج رەحیم

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
  09/05/2023  |    599 جار خوێندراوەتەوە
لە كۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران كۆدەنگیەك هەبووە بۆ داڕشتنەوە وهەمواركردنەوەی ماددەی ١٢  کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی هەرێم و سەرۆک وەزیران لیژنەیەكی وەزاریی و فەرمانگەی قانونی ڕاسپاردووە بۆ هەموارکردنەوەی ئەو ماددەیە لەبەر ڕۆشنایی استحقاقی هەرێم بە پێی ڕێکەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لەو توێژینەوەیەی كە بڵاوم كردەوە و چەندین دیداری تەلەفزیۆنیم دەربارەی ئەنجامدا پێشنیاری هەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەم كردبوو و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانم كردبوو لە بەغدا، كە بە پێی داڕشتنی ئێستای كێشەی جددی دروست دەکات بۆ ناردنی شایستەی مانگانەی هەرێم بە پێی خشتەكانی هاوپێچ. 

سوپاس بۆ خوا بە هیمەتی دڵسۆزان خەریکە ئەو هەوڵانە جێی خۆیان دەگرن، وپێزانین بۆ بەڕێزان وەزیرە کوردەکانمان لە بەغدا بۆ گەیاندنی پەیامەکە بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وداکۆکیان لە پێشنیارەکە.

هیوادارم ئەم هەوڵانە بە تەواوی بگەنە ئەنجام و كۆت وبەند و ڕێکاری جیاكاری لەسەر هەرێم نەمێنێت وهاوشێوەی ساڵی ٢٠١٣ و بە هەمان میکانیزمی پەیرەوکراو بۆ بەشە بوودجەی باقی عێراق هەرێمیش مامەڵە بكرێت، بە تایبەتیش كە بەهانەی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ نەماوە ولێرە بەدواوە سۆمۆ نەوتەكە ئەفرۆشێ و داهاتی نەوتی هەرێمیش خراوەتەوە ناو داهاتی خەزێنەی گشتی عێراق و سەرەڕای ئەوەش نیوەی داهاتی دەروازە سنووریەكانی هەرێمیش دەچێتەوە خەزێنەی گشتی عێراق.

زیاتر