زمـانی کـوردی لە قوتابخانە ناحکومییەکان

ئالان حەمە سەعید

وەزیری پەروەردە
  13/05/2023  |    694 جار خوێندراوەتەوە

 گلەیی و ڕەخنە هەبوو لەبارەی لاوازی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکومییەکان ، هەرچەندە بەشێکی زۆر لە ڕەخنەکان بەرمەبنای داتایەکی زانستی دروست نەبوون ، بەڵکو خوێندنەوەیەکی کەسی بوون یان لە چوارچێوەی راپۆرتێکی میدیایی دابوون،  بەڵام  لەپاڵ ئەوەشدا توێژینەوەی زانیستیش هەبوون . دواجار ڕەخنەکان پێویستیان بە هەڵوەستەی  پێویست هەبوو ،  پلانمان دانا بۆ ئەوەی کە گرنگی بدەین بە خوێندنی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی ، راسپاردەی پسپۆرانمان وەرگرت و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت چەندین بڕیاری پێویست دران بۆ ئەوەی بە گوێرەی پلانێکی چەند ساڵە بگەینە ئەو ئامانجەی کە قوتابیان لە ئاستێکی بەرز دابن لە زمانی دایک .
 هەنگاومان نا : بۆ زیاد کردنی بەشەوانەی زمانی کوردی.

پێدانی پێگەیەکی شیاو بە مامۆستایانی بابەتی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکومییەکان ، ئەم کارانە لە سەرەتادان هێشتا کاری دیکەمان لە پێشە و ئەم پلانە دەبێت بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی بە ڕێرەوی ڕاستی خۆیدا بڕوات . 

یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەی کە لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درا بریتی بوو لەوەی دەبێت ساڵانە تاقیکردنەوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی قوتابیان لە قوتابخانە ناحکومییەکان ئەنجام بدەین لە قۆناغی بنەڕەتی لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی و پاشتریش بەرنامەمان دەبێت بۆ پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی . 

 لە رێکەوتی  ٣ی ٤ی ٢٠٢٣ ، ئەو تاقیکردنەوەیەمان ئەنجامدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی ئاستی قوتابیان لە زمانی کوردی لە  قۆناغی بنەڕەتی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی ، کە تیایدا ئامانجمان بوو پێوانەی ئاستی خوێندنی زمانی کوردی بکەین لەو قوتابخانانەی ئاماژەمان پێکرد لەبوارەکانی ( خوێندنەوە و تێگەیشتن ) و ( ڕێزمان ) و ( ناسینەوەی وشە) و ( ناسینەوەی بڕگە و پیت ) و ( داڕشتن و جوان نووسین ) ، هەموو قوتابخانە بنەڕەتییەکانی ناحکومی بەهەموو جۆرەکانییەوە (  قوتابخانەی نیودەوڵەتی -  قوتابخانەی بیانی - ئەو قوتابخانەیەی بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت) ، داتا و ئەنجامەکان بەم جۆرە بوون : 

١- ژمارەی ئەو قوتابخانە بنەڕەتییە ناحکومیانەی ئەو تاقیکردنەوەیەیان تێدا ئەنجامدرا ( ١٥١) قوتابخانە بوو. 
٢- ژمارەی قوتابیانی بەشداربوو لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی بریتی بوون لە ( ٧٣٥٩ ) قوتابی.
٣- ژمارەی قوتابیانی دەرچوو لەو تاقیکردنەوەیەی زمانی کوردی بریتی بوون لە ( ٦١٩٦) قوتابی .
٤- ڕێژەی دەرچوون (٨٤،٢٪ ) هەشتاو چوار پۆینت دوو لەسەد بوو. 
٥-پرسیاری تاقیکردنەوەکان سەرتاسەری بوو لە لایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانەوە دانرابوو .
٦-  (١٨) هەژدە مامۆستای پسپۆر  بە سەرپەرشتی  لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان ئەرکی پشکنینی تێنووسی تاقیکردنەوەی قوتابییەکانیان پێسپێردرا. کە بە (١١ ) یازدە رۆژ پشکنینی تێنوسەکانیان تەواو کرد . 
٧- سەرپەرشتیارە بەڕێزەکان سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کرد. 

دوای ئەو تاقیکردنەوەیە چی پێویستە کە ئەنجامی بدەین ؟

بەڕێوەبەرایەتی هەڵسەنگاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکانی  وەزارەت رادەسپێرین کە پاڵپشت بەوردەکاری ئەنجامەکان گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆرانی زمانی کوردی بکەن ؛ بۆ هەر قوتابخانەیەک تەواوی ئەنجامی قوتابیەکانیان بۆ دەنێرینەوە، پاڵپشت بە ڕێنوێنی و راسپاردەی پسپۆرانی مامۆستایانی زمانی کوردی راسپاردەی گشتیی بۆ هەر قوتابخانەیەک و راسپاردەی تایبەت بە دەرنەچوان و راسپاردەی تایبەت بە بەرزکردنەوەی 
زیاتری ئاستی زمانی کوردی قوتابیان دەنێرینەوە بۆیان . 
بە شێوەیەکی گشتیی :ئەنجامەکان باشن  وپلانمان ئەوەیە زیاتر پەرەی پێبدەین .
ئالان حمە سعید ێالح 
وەزیری پەروەردە
١٢ی ٥ی ٢٠٢٣
زیاتر