شێروان گووتی “من نەشکاوم”

  20/07/2023  |    1213 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووەمین دادگاییکردنی شێروان ئەمین شێروانی بەڕێوەچوو.

شێروان بە ساختەکردنی پەنجەمۆری “گوهدار زێباری” تۆمەتبارکرابوو، کە گوایە لە ٢٨ی٨ی ٢٠٢٢دا، داوایەکی ئاراستەی دادگا و داواکاری گشتی کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی داخوازینامەی “ئیفراج شەرتی” بۆ خۆی و هاوڕێکانی کردووە.
گوهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شایەتیدا و گوتی من و هاوڕێکانمان لە زیندان، شێروانمان کردووە بە وەکیلی خۆمان کە لە هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەیسەکەمان ئیمزا و پەنجەمۆر بکات. وە کۆکردنەوەی ئیمزا و پەنجەمۆری بە کۆمەڵ و پێشکەشکردنی داخوازینامە لە بری یەکتر کلتوری ناو چاکسازییەکانە و هەموو ئەوانەی لە یەک کەیسدا حکومدراون، بۆ یەک و لە بری یەکتر داخوازی پێشکەش دەکەن.

لە دوای ٣ کاتژمێر و نیو لە دادگاییکردن، دادوەر بە پێی ماددەی ٢٩٥ لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاریدا بە سزادانی شێروان  شێروانی بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ٢ ساڵ و شەش مانگ و بە پێی ماددەی ٢٩٨ لە یاسای سزادانی عێراقی، زیندانیکردنی بۆ ماوەی ١ ساڵ و شەش مانگ. کە بە کۆی گشتی دەکاتە ٤ ساڵ زیندانیکردن.
ماوەی سێ ساڵە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان، لە ڕێگەی بەکارهێنانی یاسا و دادگا لە دژیان بە ئامانجگیراون. بە تایبەتی شێروان شێروانی کە سەرباری هەبوونی لێخۆشبوونی تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆی، لەئێستادا حوکمەکەی درێژکراوەتەوە.

بڕیاروابوو کە لە ٩ی٩ی ٢٠٢٣دا شێروان شێروانی ئازادبکرێت بەڵام بەگوێرەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگا، ناوبراو بۆ ماوەی ٤ ساڵی تر لە زینداندا دەبێت.

لە ماوەی ٢ ساڵ و پێنج مانگی ڕابردوودا و لە دوو کەیسی جیادا، ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن حکومدراوە. بەڵام ئەمڕۆ شێروان بە دەنگی بەرز و ورەیەکی پۆڵاینەوە گوتی “من نەشکاوم.! ئەوە ئێوەن لەبەرامبەر وزە و ئیرادەی مندا شکاون و لە پەلەقاژێدان. ساختەکار من نیم، ساختەکار ئێوەن کە بە هەڵبژاردنی ساختە و پارە و دەسەڵاتی ساختە لە حکومداماون.”
کامەران عوسمان

زیاتر