ئازادی و ئاسایش دوو چەمکی ناکۆک نین

  24/07/2023  |    594 جار خوێندراوەتەوە

ئازادی و ئاسایش دوو چەمکی ناکۆک نین
هەندێ کەس ئاسایش و ئازادی وەکو دوو چەمکی ناکۆک و نەگونجاو بە یەکدی دەبینن. تەنانەت لەوباوەڕەن کە دەبێ ئازادی بکرێتە قوربانی دەستەبەرکردنی ئاسایش.لەبەرئەوەی لەدیدی ئەواندا ، ئازادی دەبێتە مەترسی و هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵات . لەبەرامبەردا روانگەی دیکە ھەن کە پێیان وایە بەناوی چەسپاندن و دەستەبەرکردنی ئاسایش دەسەلات ئازادی هاوولاتی بەرتەسک دەکاتەوە.

لەڕاستیدا ئاسایش و ئازادی ئەوەندەی وەکو دوو چەمکی هاوڕێک و تەواوکار ی دەتوانن لەگەڵ یەکتری دا گونجاو بن، دژ بە یەک نین، ئەگەر ئامانج لە دابین کردنی ئاسایش بە گشتی و لە بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان لە کاتی هەبوونی هەڕەشە بۆ سەر وڵات ، تەنھا پاراستنی ژیان و ئازادی خەلکی بێت نەک پاراستنی دەسەلاتدار.

لەبەر ئەوەی مرۆڤ تەنها لە کەشێکی تەناهی و ئازاددا دەتوانێت چێژی زیاتر لە ژیان وەربگرێت،بەرهەمی زیاتر و باشتر پێشکەشی کۆمەڵگا بکات .

جۆری سیستمی سیاسی و ئەرک و ئامانجی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان،کاریگەری دەخاتە سەر جۆری تێڕوانین و کاردانەوەی هاوولاتییان بۆ چەمکەکانی ئاسایش و ئازادی لە هەر وڵاتێکدا.

جۆناتان ئێڤانس (سەرۆکی ئێم ئای فایڤ واتە دەزگای ئاسایشی ناوخۆی شانشینی یەکگرتوو لە ساڵی ٢٠٠٧ تاکو ٢٠١٣) لەمبارەوە دەڵێت: بەگشتی دەزگا ئەمنییەکان دەکرێت بۆ دوو جۆر پۆلێن بکرێن، یەکەم : ئەو دەزگایانەی گەل دەپارێزن، دووەم: ئەو دەزگایانەی سەرۆک لە گەل دەپارێزن.

دەزگای ئێمە لە جۆری یەکەمە.

دیارە مەبەستی ئێڤانس ئەوە نیە کە پاراستنی سەرکردەکان لای دەزگا ئەمنییەکان گرنگ نەبێت ، بەڵکو دەبینین کە پاراستنی سەرۆکی وڵات وتەنانەت بەرپرسە بالاکانیش ،کە بە کەسە گرنگەکان دەژمێردرێن، لە ئەولەویاتی کاری دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی وڵاتان هەژمار دەکرێت، نەک لەبەر ناو و کەسایەتیان بەڵکو لەبەر ئەو پۆست و پێگە فەرمییەی کە هەیانە .

لەم تێڕوانینەی ئێڤانس ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە لە وڵاتانی خودان سیستمی دامەزراوەیی و دیموکراسی ڕاستەقینە خەڵک و هاووڵاتی ناوەند و میحوەری سیاسەتی ئەمنین، پاراستنی ئاسایش و ئازادی و کەڕامەتی خەڵک ئامانجە،بەڵام لە وڵاتانی نادیموکراسی دا تەنها کەسی یەکەمی وڵات وکەمینەیەکی دەسەڵاتدار ناوەندی سیاسەتی ئەمنین وخەڵک وهاوولاتی دەکەونە پەراوێزەوە .بۆیە دەبینین لە وڵاتانی خودان سیستمی دیموکراسی دا، پاراستنی سەرکردەکان بەشێکە لە پاراستنی گەل، کە ئەمەش هۆکاری کەمبوون یاخود نەهێشتنی مەترسی ئەمنییە لەگەلەوە بۆ سەر سەرۆکەکان.

بەڵام لە وڵاتانی نادیموکراسی دا 

ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە.

ئەزموونەکانی مێژوو سەلماندویانە کە تێچووی پاراستنی سەرکردەکان لە میللەتێکی پەراوێزخراو و توڕە لە دەسەڵات زۆرە بۆ وڵاتێک .هەرچەندە پاراستنی هەمیشەییان لە میللەت زۆر ئەستەمە.

سەبارەت بە گەلی کوردستانیش وەکو ڕۆشەنە هەموو شۆڕشەکان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ئەم میللەتە بەرپاکراون. ئێستاش کە سیستەمێکی خۆبەڕێوەبردنی فەرمی و نیمچە سەربەخۆمان لە هەرێمی کوردستان هەیە پێویستە قەدری بزانین و وەکو چاومان بیپارێزین . دامەزراوە فەرمییەکانی بە نیشتمانی وبەهێز بکەین . بەڵام نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە ئامانجی ئێمە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ ئازادی بووە، بۆیە سەربەخۆیی و حوکمڕانی بەبێ ئازادی مانای خۆی لە دەست دەدات،دابین کردنی ئاسایش و ئارامی ئازادیمان مسۆگەر دەکات،.

هیوادارم ئەو کەسایەتی و ئەو هێزە سیاسیەی لە خولی داهاتودا حوکمڕانی کوردستانی بەدەستەوە دەبێت ، بەبایەخی زیاترەوە لەم بارەیەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و لەسەر بنەمای ئەوەی هاوولاتییان ناوەندی سیاسەتی ئەمنی بن ، بەشێوەی تیوری و کرداری جۆرە هاوسەنگی و تەباییەک لە نێوان چەمکەکانی ئازادی و ئاسایش لە کوردستان بەرقەرار بکات.

لەبەر ئەوەی ئاسایش تەنیا پاراستنی گەل نیە لە هەرەشەی تیرۆر و هەڕەشە دەرەکییەکان بەڵکو مانای قوڵتر و فراوانتر هەڵدەگرێت . 

لەناو چوارچێوەی وڵاتدا ئاسایش یەک پاکێجە و بەداخەوە وەکو ئەوەی لە کوردستان دەبینرێت بەسەر زۆن و ناوچە و شارەکاندا دابەش ناکرێت ،بەڵکو وەکو پاکێجێک پێویستە یەک سیاسەت و ستراتیژی ئەمنی هاوبەشی هەبێت . بەم شێوەیە ئەگەر دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان نیشتمانی بوون ، هاوولاتی بووبە سەنتەر، مەودای نێوان دەسەڵات و هاوولاتی زۆر کەم دەبێتەوە ، و متمانەی نێوانیان زیاتر دەبێت. ئاسایشی نیشتمان و گەل بە هێزتر و پارێزراوتر دەبێت.

زیاتر