هێشتا زووە بۆ ئەم هەرایە!

  16/09/2020  |    1883 جار خوێندراوەتەوە
شتێک لە "کاریزما"وە فێر ببن!

زۆرینەمان کە لە شاخ بووین، هاتینەوە و یادەوەرییەکانی خۆمانمان نووسینەوە. ئێمە نووسیمان کە ساڵانێک لەو چیایە، کێ بووین و چیمان کرد!

من "ئەزموون و یاد"م لە چوار بەرگدا نووسیوە و پێنج جاران چاپ و بڵاو کراوەتەوە و بۆ شەشەم چاپیش ئامادەیە!

بەرگی دووەمی یادەوەرییەکانی من، گێڕانەوەی ململانێکانی دەروونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، هەڵویستی دژ بە فەزای نادیموکراتیی کۆمەڵە و ئازارەکانی زیندان، حوکمی ئیعدام و پاکانەپێنووسین و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەکانە! بەکورتی، هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی کۆمەڵە و یەکێتییە، بێ ئەملاولا و داپۆشین و ناوی کەسێک پەڕاندن، بە زمانێکی باڵای ئەدەبی، زوڵم و ستەمێکم وێنە گرتوون، کە تەنیا لە زیندانەکانی بەعسدا ڕوویان داوە!

ئێمە هیچمان نەگوتبوو، هیچ تاوانێکیشمان ئەنجام نەدابوو وەک ئەوەی پاشتر، بەشێک لە سەرکردەکان، هەر لە شاخەوە، لەگەڵ بەعس و بە نهێنی گرێیان دابوو! ئێمە تەنیا خوازیاری ئەوە بووین کە لەگەڵ سیاسەتی دژەدیموکراسی نابین و فەزایەکی ئاواڵەی دوور لە ئیرهابی فیکری و سیاسیمان گەرەکە! ئێمە دەمانەوێت لەگەل فیکر و سیاسەتی خۆمان بین. ئێمە دەمانگوت: "برامان برایی و فیکرمان جیایی!"

من وردینەی فیکر و هەڵسوکەوت و مامەڵەکانی کاک نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتیم، لەو بەرگەی ئەزموون و یاددا، باس کردوون، ئاخر ئەو، لە زەمانی شاخدا، نە فریشتە بوو نە غاندی! ئەو ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی چەکداریی دەکرد کە لە خۆێن هەڵکێشرا بوو! بەڵێ ئەویش، ئەوسات، دەستەکانی خوێناویان لێ دەچۆڕان.

من یەکەم نوسخەی بەرگی دووەمم، بۆ نەوشیروانی ڕەحمەتی نارد و ئەو پاش خوێندەوەی، هیچی نەگوتبوو! ئەو تەنیا گوتبووی:"هەرچییەکی نووسیوە هەقی خۆیەتی، چوونکە زۆرمان ئازار داوە!"

کتێبی ئەزموون و یاد، دەیان هەزار کەس لە کوردستاندا خوێندوویەتییەوە و دەیخوێننەوە، ئەگەر نادروستییەکی لەمەڕ گێڕانەوەی ئەو زوڵمەی لە ئێمەی کرد، تێدابایە، ئەوە ڕەحمەتی، پێش هەر کەسێک، رەتی دەکردەوە و بە جۆرێکی تر، دەینووسی!
ئێمە لە یادەوریی خۆماندا، ئازارە ڕووحی و جەستەییەکانی خۆمان دەنووسینەوە، تا لە ئاییندەدا، دادگای مێژوو، حوکمی خۆی بدات.

مەگەر ئێمە و هەر کەسێکی تر، ئەو مافەی پێ نابڕێت؟

مەگەر پێتان وا نییە، کە مێژووی هەر کەس و سەرکردەیەک، بە نەوشیروان مستەفاشەوە، جێگای تۆژینەوە و شەنوکەوکردن بێت و هیچ کەسێکیش خەرمانەی پیرۆزیی نەیتەنیوە و خوێندنەوەی مێژووەکەی تابوو نییە؟

تکایە مەیکەن بە هەڵا و هەوڵی زەوتکردنی ئازادیی قەڵەم و پەیڤین مەدەن!

فەزای نیمچە ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین، پڕ لە ترس و تۆقین مەکەن!

ئێوە، هەر نەبێ، لە "کاریزما"وە، شتێک لە سیاسەت فێر ببن!

نووسینەوەی یادەوەری، بۆ شکاندن و نابووتکردنی هیچ کەس و سەرکردەیەک نییە، بگرە نیشاندانی وێنە خوێناوییەکانی بزووتنەوەیەکە، کە ئێستا بەم دۆخە قیزەونە گەیشتووە و دەشێ نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، دەرس و پەندی لێ هەڵێنجێنن و ڕێگایەکی تر، دوور لەو ڕێگایەی ئێمە گرتبوومان، بۆ خەباتی مەددەنی و شارستانی، پەیدا بکەن.
زیاتر