وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، حکومەتی هەرێم زیاتر لە ١٠ ملیار دیناری بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کۆیە تەرخانکردووە.
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی١٠ی٢٠٢٠، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە-کەلکەسماق و ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردەوە  .
لەمیانی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکاندا، کە قائیمقامی کۆیە و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی ھەولێر و بەڕێوەبەری رێگاوبانی کۆیە یاوەرییان دەکرد، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ ھاتین بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنێتی بەڕێوەچونی پڕۆژەکان لە سنوری کۆیە، ئەوەش لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان  . 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٣ پێگە و شوێن کە قیرتاو و تێکەڵەڕێژکردن دەکرێن و بڕی زیاتر لە ١٠ ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ خەرجدەکرێت، بەمەبەستی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی سنورەکە  .
 
لای خۆشیەوە یوسف حەسەن، قائیمقامی کۆیە سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح و کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد بۆ خزمەتکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە سنورەکە، جەختی لەوەشکردەوە کردەوە، کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەم کابینەیەی حکومەت، ھاوکاری باشی سنورەکەی کردووە و کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ ئەنجامدراون  .
 
پرۆژەکە ئەم بڕگانە لەخۆدەگرێت  :
-چاککردنەوەی رێگای تەق تەق. 
-چاککردنەوەی رێگای لۆفەکانی کەلکەسماق. 
-چاککردنەوەی رێگای سێگردکان. 
-قیرتاوکردنی رێگای گوندی قۆریتان. 
-قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی کڵێسا و بۆگد و تێکەڵەڕێژکردنی چەند رێگایەک و کۆمەڵێک پڕۆژەی تر. 
-رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکان نزیکەی ٥٠٪و پێش وەرزی سەختی زستان تەواودەکرێن.