بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سلێمانی: داهاتی فڕۆکەخانە ٥٠٪ کەمیکردووە

  2020-08-01  | 
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
هۆشمەند فەلاح
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی لەفرۆكەخانەی سلێمانییەوە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانەوە داهاتی فڕۆکەخانە بەڕێژەی لە ٥٠٪ کەمیکردووە .

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی فایرۆسی كۆرۆناوە، فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش وەك هەر فڕۆكەخانەكانی دیكەی عێراق و ناوچەكە و جیهان، پابەندی ڕێنماییەكانی وەستاندنی گەشتەكان بوو كە لەسەرانسەری جیهاندا پەیرەوكرا .

ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی عێراق  رۆژی 27ی مانگی حەوت بڕیاریدا بە كردنەوەی گەشتەكان و ئەمڕۆش بە فەرمی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستبە گەشتەكان دەكرێتەوە .

ڕوونیشیكردەوە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە ئاگاداری هەموو كۆمپانیاكانی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەكان كردووە پابەندی ڕینمانییە تەندروستیەكان بن كە هەركەسێك لای ئەوانەوە گەشتی دەرەوە دەكات .

دەربارەی ڕێنماییە نوێیەكانی گەشتی ئێستای فڕۆكەخانە سلێمانی، تاهیر عەبدوڵا وتی "ئەبێ ئەو كەسانەی كە گەشت دەكەن،  چوار كاتژمێر بەر لە گەشتەكەی بێتە فرۆكەخانە، چونكە لە ئیًستادا ڕێشوێنی تەندروستی پێویست و تایبەت بۆ گەشتیان دەگیرێتە بەر ".

جەختیشكردەوە دەبێت هەموو كەسێك بەدەمامكەوە بێتە فرۆكەخانە ئەگەرنا ڕێگەی هاتنە ناوەوەی پێ نادرێت و ناتوانێت گەشتەكەی بكات .

داواشی لەهاوڵاتیان و گەشتیاریان كردهاوكایان بن بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزارییان پێشكەشبكرێت .

ڕینماییەكی دیكەی گرنگ كە دەبێت هەموو گەشتیارێك پێوەی پابەند بێت ئەوەیە، پێویستە گەشیتیار 48 كاتژمێر پیِش گەشتەكەی پشكنینی (PCR) ی بۆ كۆرۆنا كردبێت، بۆ ئەوەی گەشتەكەی هەڵوەنەوەشێتەوە، چونكە بەبێ ئەو پشكنینە ئەگەر ڕێگەی گەشتی پێ نادرێت .

سەبارەت بەو زیانانەی كە بەرفرۆكەخانەی سلێمانی كەوتووە بەهۆی راگرتنی گەشتەكانەوە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرایكرد، لیژنەیەكی تایبەت دیاریكراوە بۆ خەمڵاندنەكانی زیانی فرۆكەخانە و كۆمپانیاكانی گواستنەوە .

لەوڕووەوە وتی "بەبەراودكردن بە ساڵی 2017 داهاتی فڕۆكەخانە لە سەدا 40 بۆ 50 كەمیكردووە، چونكە دەبێت بەراورددە بەو ماوەی پێش ڕیفراندۆم بكرێت، بە تایبەت لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم داهاتی فرۆكەخانەكان زۆر كەمیكرد و توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆمكەخانەی سلێمانی ڕاگرت ".

ئاشكراشی كرد یەكەم گەشتی هاتن بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی لە كاتژمیر 11 شەو دەبێت، كە توركیاوە دێت .

داواشی لە هاوڵاتیان و گەشتیاران كرد دان بەخۆیاندا بگرن و ئەوانەی  دێتە فرۆكە تەنها یەك كەسی لەگەڵدا بێت ئەویش لە پێناو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و بەریەككەتون .

داواشی لەوكەسانەش كرد كە لەئەوروپاوە دەگەڕینەوە بۆ هەرێمی كوردستان دانبەخۆیاندا بگرن و كارمەندەكان بیّزار نەكەن، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەنەوە ناو كەسوكاریان، چونكە بەهۆی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانەوە ناتوانرێت وەك لەوەبەر پەلە بكرێت لە تێپەڕینی گەشتیاران و دەبێت سەرجەمی گەشتیاران پشكنین بۆ خۆیان و كەلوپەلەكانیان بكرێت .



ڕیکلام