هەپەگە: ٣٤ سەرباز و سیخوڕی تورکیامان کوشتووە

  2020-08-09  | 
هەولێر
هەپەگە: ٣٤ سەرباز و سیخوڕی تورکیامان کوشتووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، ٣٤ سەرباز و سیخوڕی تورکیایان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان، کوشتووە.

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی رابردوو لە ناوچەی هەفتانەین، شەڕێکی قوڕس لە نێوان گەریلاکانیان و سوپای تورکیا روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو شەڕەدا هێزەکانیان لە حەوت قۆڵەوە دەوری سەربازان و سوپای تورکیایان داوە و توانیویانە ٢٢ سەرباز و سیخوڕێکی تورکیا بکوژن و هەشت سەرباز و سیخوڕێکی دیکەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش گەریلاکان توانیویانە دەست بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی سەربازی سوپای تورکیادا بگرن.

ئەوەشی خستووتەڕوو، لەو شەڕەدا جگە لە شەهیدبوونی گەریلایەک، هیچ زیانێکی دیکەیان پێنەگەیشتووە.

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە راشیگەیاندووە، شەوی رابردوو لەنێوان گوندی هێشەت و ئوسیانێی ناوچەی بەرواری سێرت، گەریلاکانی هەپەگە چالاکییەکیان لەدژی کاروانێکی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و لە ئاکامدا ئۆتۆمبێڵی زرێپۆشی جۆری کۆبرا تێکشکێنراوە و ١٢ سەربازی تورکیاش کوژراون.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر رۆژی شەممە ٨ی٨ی٢٠٢٠،  فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی سیدان، کوروژارۆ، وەرخاڵێ، ساجات زاپی، بۆردومانکردووە بەڵام بۆردومانەکە هیچ زیانێکی بە گەریلاکانی هەپەگە نەگەیاندووە.

نزیکەی دوو مانگە، سوپای تورکیا بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتە سەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و زەرە و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.



ڕیکلام