بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە سێ ئافرەت کردبوو دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئاگاداركردنەوەی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر/ نووسینگەی رۆژهەڵات، لە رووداوێكی تەقەكردن لە شەقامی سەرەكیی هەولێر - كەسنەزان، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەركەوتووە كە تەقە لە سێ ئافرەت كراوە لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری (نیسان ئاڵتیما) و زامدار بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، توانراوە بە ماوەی (72 كاتژمێر) تەقەكەرەكە بە ناوی (ا.ا.ع) بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، تۆمەتبارەکە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆیۆتا كرۆلا تەکسی) تاوانەكەی ئەنجامدابوو و دانیشیناوە بە تاوانەكەیدا، بۆیە بەپێی ماددەی (31/405) لە یاسای سزادان، بەند كراوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێل و كڵاشینكۆفی تۆمەتبارەكەدا گیراوە.