بۆردومانەکانی ڕوسیا لە سوریا زیانی گیانی تۆقێنەری خستووتەوە

  2020-09-30  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیاوە لەناوخۆی سوریا، ٨ هەزار و ٦٥٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، لەو ژمارەیە هەزار و ٣٠٠ کەسیان ژن و منداڵن.

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەکەیدا ئاشکرایکرد، لەسەرەتای دەستوەردانی سەربازی ڕوسیا لە جەنگی ناوخۆیی سوریا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥وە، سوپای ڕوسیا ١١ هەزار چەکداری کوشتووە، کە لەناویاندا ٥٥٠٤ چەکداری داعش بوون و ٦١٢٨ کوژراویشیان لە گروپە چەکدارە جیاجیاکانی دیکە بوون.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی ڕوانگەی سوریا کە لەماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، ڕوسیا لە بۆردومانە ئاسمانییەکاندا مادەی (سرامیت)ی بەکارهێناوە، کە پێکهاتەکەی لە هاڕاوەی فافۆن و ئۆکسیدی ئاسن دروستکراوە و دەبێتە هۆی سوتانێکی مەترسیدار و بکوژ لەسەر جەستەی قوربانییەکان، کە لە دوای تەقینەوەشی تا ماوەی ١٨٠ چرکە گڕی سوتانەکەی هەر بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، فڕۆکە جەنگیەکانی ڕوسیا بۆمبی هێشووی ٥٠٠ کیلۆییان بەسەر هاوڵاتیانی سوریادا بەرداوەتەوە، کە هەریەکەیان سەدان بۆمبی دژە کەس و ئوتۆمبێلیان تێدایە، هەر بۆمبێک لەو سەدان بۆمبە تا دووری ٢٠ بۆ ٣٠ مەتر کاریگەریی هەیە بە دەوروی خۆیدا.

بۆدورمانە ئاسمانییەکانی ڕوسیا کە هەر لەگەڵ دەستوەردانە ڕاستەوخۆکەی مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠١٥ وە دەستی پێکرد، بووە هۆی گۆڕینی هاوکێشەی جەنگەکە لەسەر زەوی لە بەرژەوەندیی ڕژێمی سوریا.

دوای ئەوەش بە هەزاران سەربازی ڕوسیا لەسەر خاکی سوریا بڵاوکرانەوە، شان بەشانی هێزە سەربازییەکانی بەشار ئەسەد دەستیانکرد بە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی سوریا، کە بەشێکی هەرەزۆری بەدەستی گروپە چەکدارەکانەوە بوو لەو کاتەدا.

چەند گروپ و ڕێکخراوی بواری بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، هیزی ئاسمانی ڕوسیایان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەناوخۆیی سوریا، ئەویش دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بەشێوەیەکی کوێرانە، کەوتنە بۆمبارانکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت، کە دەتوانرێت بەراورد بکرێت بەو هێرشانەی دوو دەیەی لەمەوبەر سوپای ڕوسیا لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی (گرۆزنی) پایتەختی چیچان پەیڕەوی کرد.

سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی (CSAS ) لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بەناوی "جەنگی مۆسکۆ لە سوریا" کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات ڕوسیا وانەی زۆری وەرگرتووە لە میانی تێوەگلانی لە جەنگی ناوخۆیی سوریادا، دیاترینیان مانەوەی هێزێکی کەمی سەربازیی لەسەر زەوی، ئەوەش گۆڕانکارییەکی دەگمەنە لە ستراتیژیەتی سەربازی ڕوسیادا.

ڕاپۆرتەکە لە ١١٦ لاپەڕەدا، شیکارییەکی وردی کردووە بۆ ئاراستەی دەستوەردانی ڕوسیا لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٥وە، کە دواتر ڤلادیمێر پوتین جەختیکردبۆوە، روسیا لە مەودایەکی کورتدا ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی پێکاوە، لە دیارترینیان توانی ڕێگری بکات لە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد و شکستپێهێنانی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ لەسەر کارلابردنی.

هەرچەندە پێشتر مۆسکۆ وا ڕاهاتبوو کە لەجەنگەکاندا جبەخانە و کەلوپەلێکی زۆری سەربازیی ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ بکات، بەڵام لە جەنگی ناوخۆیی سوریادا زیاتر پشتی بە هێزی ئاسمانی و بە دیاریکراویش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و یەکەی سەربازیی مەدەنی و بەشیکی کەمی هێزە تایبەتەکانی ڕوسیا بەستبوو.

راپۆرتەکە باس لەوەشکردووە، ئامانجی کۆتایی مۆسکۆ لە سوریا تا ئێستاش ڕوون نییە، بەڵام ئەو ئاراستە تاکتیکیەی کە پەیڕەوی دەکات، وای دەردەخات نایەوێت باجی گەورە بدات.

ئەوەش لە جەنگەکانی ئەم دواییەی ناوچە جیاجیاکانی سوریا بەتەواوی رەنگی دایەوە، کە زیاتر بۆ جەنگە مەیدانییەکان پشتی بەستووە بە ئەندامان و هێزی سەربازی مەدەنیی کە گرێبەستیانە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕوسیا هەیە، لە دیارترینیشیان "گروپی فاگنەر"ی تایبەتی ڕوسیا و گروپە چەکدارەکانی ناسراو بە "پڵگەکانی هێزەکانی سوریا" و "جزبوڵا"ی لوبنانی و میلیشیا چەکدارە عێراقی و پاکستانی و ئەفغانییەکان و چەند دەوڵەتێکی تر، ئەوانەش هەموویان پێکەوە ستراتیژییەتێکی وای بۆ ڕوسیا بەرجەستە کرد، هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا دووچاری زیانی گیانی قورس نەبنەوە.