رۆژهەڵاتی کوردستان.. کۆڵبەرێکی دیکە گیانی لەدەستدا

  2021-04-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخ لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێکی دیکە گیانی لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دوێنێ شەممە ١٧ی٤ی٢٠٢١، لە سنورەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەناوی هیوا قادری لە کاتی کۆڵبەریدا لە شاخ هەڵدێریاوە و گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوا قادری لەکاتێکدا لە سنورەکانی ناوچەی سارداو-ی سەر بە شاری بانە خەریکی کۆڵبەری بووە، بە مەبەستی دەستگیرکردنی، ئەفسەرێکی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی ئێران شوێنی کەوتووە و ئەویش هەڵاتووە، بەوهۆیەشەوە لە شاخ هەڵدێریاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە .

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوای رووداوەکە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی هەینی رابردوو، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی بورهان سلێمانی لە کاتی کۆڵبەری لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باکوری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەرکرا و لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانەدا گیانی لەدەستدا.

ساڵانە دەیان کۆڵبەری کورد لە رێگا سەخت و پڕمەترسییەکانی سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن و برینداردەبن کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج.



ڕیکلام