بیناکردنی نەتەوە و جینۆساید وەکو بەشارستانیکردن و شکستی بە شارستانیکرد

  2021-05-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیبراهیم سادق مەلازادە نووسەری کتێبی (ڕەگوڕیشەکانی جینۆسایدی کورد) کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە، تایبەت بە ژیان دەدوێت .

سازدانی: داستان

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم ناساندنی پڕۆسەی جینۆسایدی گەلی کورد، نەبوونی سەرچاوەی پێویستە بە زمانەکانی دیکەی دونیا، بۆیە کاتێک هەر کوردێک بیەوێت کەیسی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە نەتەوەکەی کراون، بە گەلانی دیکەی بناسێنێت، دەستەوسان دەوەستێت، چونکە سەرچاوەی پێویست لەو بوارانە زۆر بە کەمی دەست دەکەون. هۆکارەکەشی نەبوونی کتێب یاخود هەر چەشنێکی دیکەی دۆکومێنتە، لەپەیوەندی بە تاوانی جینۆساید و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دەرحەق بە نەتەوەی کورد کراون، بەپێچەوانەی نەتەوەکانی دیکەی دونیا کە خاوەنی ئەرشیفێکی گەورەن لە کتێب و سەرچاوەی جیاواز لەبارەی مێژوو، یا هەر تاوانێکی دەرحەقییان کرابێت، نموونەش زۆرن، لەوانە جوو و ئەرمەنییەکان کە خاوەنی بەهێزترین لۆبی و ئەرشیفێکی زەبەلاحن لەو بارەیەوە، کە تا ئەمڕۆش، ڕۆژ نیە توێژینەوەیەك یا نوسینێك دەربارەی هۆلۆکۆست بەزمانە جیاوازەکانی دونیا، بڵاو نەبێتەوە .

کتێبی (ڕەگوڕیشەکانی جینۆسایدی کورد)یش کە لەلایەن نووسەر (ئیبراهیم سادق مەلازادە) نوسراوە، یەکێکە لەو هەوڵانە، بەمەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد. بۆیە لەو دەرفەتەدا، بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی، لە ڕێگای (تۆڕی هەواڵی ژیان)، هەوڵمان داوە نووسەری کتێبەکە بەو شێوەی خوارەوە بدوێنین :

ژیان: بیرۆکەی نووسینی کتێبێک سەبارەت بە جیۆسایدی کورد لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

ئیبراهیم سادق: بیرکردنەوە لە نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکان و جەنجاڵی ناو ڕووداوەکان، کە بۆخۆشم بەشێکم لەو نەهامەتییانە بینیوە. بۆیە، لە 1991 بەدواوە، خولیای نوسینی ڕۆمانێك لەمێشکی دام و بەردەوام بیرم لێدەکردەوە تا لەدوای 1996 کۆچم کرد بۆ ئەوروپا. دوای گیرسانەوەم لە هۆڵەندا وردە وردە دەستم بە نوسینی ڕۆمانەکە کرد. ڕۆمانەکە زیاتر نزیکە سروشتێکی فەنتازی هەیە، بەو مانایەی وێناکردنی ڕووداوەکانی ئەنفالەکانە بەشێوەیەکی فەنتازی و لەچەند ناوچەیەکی جیاواز و گرێدانی بە زمەنی جیاوازەوە بەڕێوە دەچێت. دوایی بۆ ماوەی چەند ساڵێك لەگەڵ ناوەندی چاك لە هۆڵەندا کەوتمە ناو هەندێك چالاکی و ناساندنی جینۆساید بە خەڵکی ئەوروپا. پاشان، کە کۆچم کرد بۆ بەریتانیا، بەجیددی کەوتمە ناو پڕۆسەی خوێندن و هەر لەسەرەتاوە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا وێڵ بووم داخۆ جینۆساید بۆ ڕوودەدات؟ خەڵكی کوردستان بۆ وای بەسەر دێت؟ لە 2009 کتێبەکەم بەناوی (لەو دیو شەپۆڵی ڕەشەباکانەوە)، لەڕێگای هاوڕێم دکتۆر موسلیح ئێروانی، دایە دەزگای موکریانی و ئەوان چاپییان کرد. دوای تەواوکردنی خوێندنی ماستەر، نەوەستام تا دکتۆراشم تەواو کرد. هەم خوێندنی ماستەر و هەمیش دکتۆراکەم هەر تایبەتبوون بە جینۆساید .

ناوی ماستەرنامەکەم (چۆنییەتی مۆبیلیزەکردنی دین لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا) بوو، کە کارکردنە لەسەر هەر سێ ڕۆژنامەی سەورە (الثورة)، جمهورییە (الجمهوریة) و عێراق (العراق)، لەگەڵ گۆڤاری ئەلیف بای عێراقی

تێزی دکتۆراکەشم (بەناوی بیناکردنی نەتەوە و جینۆساید لەعێراق، بەشارستانیکردن و شکستی بە شارستانیکردن ).

لە 2019 لەپڕۆسەی خوێندنی پۆست دکتۆرا، تێزی دکتۆراکەم هەمووار کردەوە و کردم بە کتێب، بەو ناوەی ئێستا .

ژیان: بە گشتی ناوەڕۆکی کتێبەکەت چۆن دابەش دەبێت و بەشەکان چۆن باس لە جینۆساید دەکەن؟

ئیبراهیم سادق: هەموو هەوڵی کتێبەکە گەیشتنە بە وەڵامی پرسیارێك داخۆ جینۆساید بەگشتی و جینۆسایدی کوردیش بەتایبەتی بۆ ڕوو دەدات. گەیشتن بە وەڵامێکی گونجاو کارێکی ئاسان نیە، ئەو وەڵامەی کە هەشە، هەمیشە بە ڕێژەیی دەمێنێتەوە، بەڵام گرنگە لەڕاستی وەڵامەکە نزك بینەوە. بۆیە، بۆ وەها توێژینەوەیەك میتۆدۆلۆژی زۆر گرنگە. هەموومان دەتوانین قسە بکەین، هەرچەندە قسەکردن لەخودی خۆیدا گرنگە، بەڵام بۆ ئەوەی قسەکانمان متمانەدار و باوەڕپێکراو بن، گرنگە بە بەڵگەی گونجاو پشتڕاستییان بکەینەوە .

کتێبەکە، وێڕای پێشەکی، بەشی یەکەمی تیۆریزەکردنە، لەچوارچێوەی تیۆری کۆمەڵناسێکی گەورەی ئەڵمان بەناوی نۆربێرت ئەلیاس. هەڵبەت لێرەدا تێبینییەك گرنگە، زۆرجار بەشێك لە ئەکادیمییەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە هەمیشە پشت بە تیۆریسازە ئەوروپییەکان دەبەستین، لە کاتێکدا کە کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی لەگەڵ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی جیاوازن. ئەو دەربڕینە لەوانەیە هەندێك ڕاستی تێدابێت، بێگومان بەپێی جۆری ئاریشەکە، بەڵام تاوان لەهەر پانتاییەکی سەر ئەو زەوییەدا بێت، هەرچ رەهەندێکیشی هەبێت، هەر تاوانە. لێرەشدا، ئێمە لەبەردەم پرسێك داین دەتوانم لەچەند خالێکدا کورتی بکەمەوە :

یەکەم: تاوانەکە نێودەوڵەتییە، بەو مانایەی سیفەتێکی جیهانی هەیە. لەهەرکوێی جیهان هەر تاوانێك کەوتە ناو پێوەرەکانی جینۆساید، ئەوە سیفەتی نێودەوڵەتی وەردەگرێت و دەکرێت بەراورد بکرێن. هەموو جیۆسایدەکان خەسڵەتی تایبەت بە خۆیان هەن، لەتاقانەیی نزیکییان دەکەنەوە، بەڵام هەمووشییان هەندێك خاڵی هاوبەشییان هەن، لەسەروەی هەموویانەوە دەوڵەت وەکو بکەری سەرەکی یان ناڕاستەوخۆی تاوانەکە .

دووەم: پڕۆسەی بەشارستانیکردن پەیوەندی بە وڵاتێك و کیشوەرێك و ناوچەیەکی دیاریکراوەوە نیە. ئەوپڕۆسەیە لەهەموو شوێنێك ڕەهەندی خۆی هەن و بەکۆمەڵێك ئاستەنگ و ئاریشەشدا تێدەپەڕێت. بەو مانایەی پڕۆسەکە مەرج نیە یەك ئاڕاستەی هەبێت، بەڵکو چۆن دەکرێت بەردەوام بێت، ئاواش دەکرێت شکست بێنێت. هەرگیزیش کۆتایی نایەت. نموونەی ئەڵمانیا و پڕۆسەی بیناکردنی نەتەوەی ئەڵمان و پاشانیش پڕۆسەی جینۆساید لەبەرگی هۆلۆکۆستدا. لێرەشدا پڕۆسەی بیناکردنی نەتەوە لە عێراق و ڕۆڵی دەوڵەت و دەستەبژێری سیاسی عەرەبی عێراق بەوردی باسی لێوە کراوە. پڕۆسەیەکە هەر لەسەرەتاوە بەهەردوو دیوە پان عەرەبی و پان سووننییەوە، لەچوارچێوەی (عەرەب سەنتریزم) بەمانای بەسەنتەرکردنی عەرەب لە عێراق، بەڕێوە چوو. تیایدا کورد دوو بژاردەی دەخرێنە بەردەم، یان چوونە ناو ئەو بە سەنتراڵکردنە، یاخود فڕێدانە دەرەوەی ئەو بازنەیە. زۆرخەڵك هەن ڕوانگەیەکی پۆزەتیڤییان بۆ شا فەیسەڵ (یەکەم شای عێراق) هەیە، بەڵام ئەو پیاوە بۆخۆی بە هاوکاری تیمە پان عەرەبییەکەی خۆی و ژمارەیەك لە ئەفسەری عەرەبی سونی عوسمانی، ئەندازیاری بە سەنتەرکردنی عەرەبن لە عێراق. ئیدی لەوێوە، کۆمەڵێك فاکتەری دەرەکی و ناوەکی ناوخۆی خودی کورد هەن، کە دەخرێتە دەرەوەی بازنەی دەستەڵات و گەشەکردن لە عێراقدا .

پڕۆسەی بەشارستانی کردن لە عێراق، خۆی لە پڕۆسەی دەوڵەتداریدا دەبینێتەوە، پڕۆسەیەك بە مۆنۆپۆلکردنی هێزە ئەمنییەکان لەلایەك و وەرگرتنی باج و سامان و داهاتەکانی دەوڵەت لەلایەکی دیکەوە، دەست پێدەکات. ئەو پڕۆسەیە وابەستەیە بە پڕۆسەی بیناکردنی نەتەوە بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونییەوە، هەڵبەت لەبەر ڕۆشنایی مۆدێرنە، چونکە خودی دەولەت یەکێکە لە دیاردەکانی مۆدێرنە. بیناکردنی نەتەوەش وابەستەیە بە کۆمەڵێك ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و پەروەردەیییەوە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پشتبەستنی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بە یەکدییەوە، لەسەر ئاستی تاك و گروپەوە، دابەشبوونی کار و ماڵیکردن و تاد. ئەو بیناکردنە لە عێراق سەرەتا زۆر سنووردار دەبێت و زیاتر شارەکان دەگرێتەوە، بەڵام بیناکردنەکە وابەستەیە بە پڕۆسەی بە سەنتراڵکردنی عەرەب. لەگەڵ کودەتای عەبدولکەریم قاسم لە 1958 لە عێراق و هەڵتۆقینی بەعسیزمیش بە هێزەوە، بەسەنتراڵکردنی عەرەب پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێکی وابەستە بە توندوتیژی. لێرەدا، شکستی بەشارستانیکردنیش پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ و دەتوانین بڵێین تا ئەوکاتە (ماڵیکردن) کە بریتییە لە بەناوخۆییکردنی کورد و هەوڵدان بۆ تاواندنەوەی لەناو بۆتەی عێراقدا، عێراقێك کە بەتوندی پڕۆسەی بە سەنتراڵکردنی عەرەبی تێدا بەڕێوە دەچوو. لێرەدا لەگەڵ هاتنی بەعسییەکان بۆ دەستەڵات، ماڵیکردن (بەعێراقیکردن) وابەستە دەکرێت بە توندوتیژی. بۆیە یەکەم کوتەكی توندوتیژی، دروستکردنی (حەرەس قەومی)یە .

حەرەس قەومییەکان بەتوندی پەلاماری گوندەواری باشووری کوردستان دەدەن، بەتایبەتیش لە دەشت و پێدەشتەکانی کەرکوك و دیالە و هەولێر و موسڵ. بەسەدان خێزانی کورد لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان وەدەردەنێن و ژمارەیەك خەڵکیش دەکوژن. بەو جۆرە، دوای گەڕانەوەی بەعسییەکان لە 1968 پلانی لەباریەکهەڵوەشاندنی ستراکتۆری کۆمەڵگەی کوردی دەست پێدەکات. بەو مانایەی پڕۆسەی بە سەنتراڵکردنی عەرەب لە عێراق پاشەکشەی بۆ نەبوو، کورد شەڕی چەکدارییان بکردبا یان نەکردبا. ڕازی بووبان یان نا. عەرەب لە عێراق هەر لەسەرەتاوە پرسییان بە هیچ غەیرە عەرەبێك نەکردبوو بۆ ئەو پڕۆسەیە. هێنانی ساطع حوسەری (کە بە پێغەمبەری ناسیۆنالیزمی عەرەب دادەندرێت) لەلایەن شافەیسەڵەوە بۆ عێراق و چاندنی لە ناو وەزارەتی پەروەردە، بەشێکە لەو بەسەنتراڵکردنە لەچوارچێوەی بیناکردنی نەتەوەدا .

ئینجا بەشەکانی دیکەی کتێبەکە قسەکردنە لەسەر پڕۆسەی هەڵتەکاندنی کورد لە عێراق لەچوارچێوەی سیاسەتێکی جێگیری حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق، کە ئەویش سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە) بووە. سەرەتا لە 1969/1970 پەلاماری کوردە فەیلییەکان دەدرێت، دوایی لە ساڵانی کۆتایی حەفتا وەکو بەشێك لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر، پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندەکان بەدرێژایی سنوورەکانی عێراق/ ئێران، عێراق/ تورکیا، عێراق/ سوریا، دەست پێدەکات. لە 1980 پەلاماری کوردە فەیلییەکان دەدرێتەوە، پاشان لە 1983 پەلاماری بارزانییەکان دەدرێت، ئینجا لە دوای 1985 پلانێکی تۆکمە بۆ هەڵتەکاندنی یەکجارەکی کورد کە خۆی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا دەبینێتەوە، دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە .

کتێبەکە بریتییە لە پێشەکییەکی کەمێك درێژ، شەش بەش (چاپتەر) و پوختەی کۆتایی و لیستی سەرچاوەکان. دووبەشی کۆتایی کتێبەکە بریتیین لە شڕۆڤەکردنی ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ کۆمەڵێك شارەزا و شایەدحاڵ لە کورد و بەعسی و خەڵکی بێلایەن ئەنجام دراون .

ژیان: کتێبەکەتان لە ڕووی چۆنێتی نووسینەوە واتە ئەو شێوازەی پێتان نووسیووە دەچێتە چ خانەیەکەوە؟

ئیبراهیم سادق: هەڵبەت شێوازی نوسینی کتێب لەگەڵ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی جیاوازە. بەڵام لێرەدا، چونکە کتێبەکە لەبنەڕەتدا کارێکی ئەکادیمییە، هەوڵم داوە سروشتە ئەکادیمییەکەی تێك نەچێت بەڵام بێگومان لەکۆتاییدا بە شێواز و ستایلی کتێب داڕێژراوەتەوە، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر بنەما ئەکادیمییەکەی هەبێت. لە کۆتاییدا ئەمە بەتەنها کتێبێکی مێژوویی نیە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە، بەڵکو شڕۆڤەکردن و توێژینەوەیە لە هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکان. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕووداوانەش پێوستمان بە سەرچاوەی باوەڕ پێکراوە. بۆ نموونە خەڵك بەردەوام، بەباشی باس لە قۆناغی پاشایەتی دەکەن لە عێراق، بێ ئاگا لەوەی ئەوە خودی شافەیسەڵە کە قوڕەکەی گرتۆتەوە و بناغەی ئەو عێراقە یەك ڕەهەندەی دامەزراندووە. یاخود بەباشی باس لە عەبدولکەریم قاسم دەکرێت، بێ ئاگا لەوەی کە لەسەردەمی قاسمدا بۆ یەکەم جار پارێزگاری هەولێر و کەرکوك و قائیمقامی مەخمور دەکرێن بە عەرەب. ئەمە و چەندین کاری دیکەی تایبەت بە سەنتڕاڵکردنی عەرەب لە عێراق .

ژیان: ئەو ناوەندەی کتێبەکەتان بۆ چاپ و پەخش دەکات کوێیە؟  

ئیبراهیم سادق: ناوەندەکە چاپ و پەخشی لێگزینگتۆنە (Lexington Books)  لە ئەمریکا. ئەوە دوو ساڵێکە دەستی بە زنجیرە چاپکردنێکی توێژینەوەی تایبەت بە کورد کردووە. کتێبەکەی منیش لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە کتێبانە دایە .

ژیان: ئەوەندەی کتێبەکەت گەیشۆتە خوێنەرانی ئینگلیزی زمان کاردانەوەکان چۆنن؟

ئیبراهیم سادق: کتێبەکە تا ئێستا بۆ چەند کەسێك نێردراوە و هێشتا نەکەوتۆتە بازاڕ. لە ئەمەزۆن  دیاریکراوە کە 15/5 دەکەوێتە بەردەستی خونێەران و ئەوانەی کڕیویانە لە 15/5 بەدەستییان دەگات. بۆیە هێشتا نازاندرێت ڕوانگەکان لەسەر ککتێبەکە چی دەبن. بەدەر لەوەش کتێبەکە بەرهەمێکی ئەکادیمییە، ناوەندە ئەکادیمییەکان و کتێبخانەکان و خەڵكێکی ئەکادیمی زیاتر پڕکێشی ئەو کتێبە دەکەن. بۆ نموونە لە ئەوروپا خەڵك دەتوانن داوا لە کتێبخانەی ناوچەی خۆیان بکەن کتێبەکە بۆ کتێبخانەکە بکڕن و دانەیان هەبێت بۆ خوێندنەوە .

ژیان: پێتان وایە بوونی کتێبکی لەم جۆرە هۆکارێک بێت بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد؟

ئیبراهیم سادق: ناساندنی جینۆساید، پڕۆسەیە. بەشەو و ڕۆژێك بە کتێبێك و دەیان کتێبیش بەکۆتایی نایەت. بەڵام ئەو  کتێبە یەکێكە لەو کتێبانەی کە ئومێدەوارم ڕۆڵێکی کارای هەبێت لە بناغەدانانی ئەو پڕۆسەیە. لەبەرەوپێشبردنی ناساندن بە ناوەندە ئەکادیمییەکان، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کتێبەکان بە ئاڕاستەی ناساندن لە کێشی پەنجەکان دەرناچن .

ژیان: پڕۆژەی دیکەتان لەم بوارەدا چییە؟

ئیبراهیم سادق: وێڕای بڵاوبوونەوەی چەد توێژینەوەیەكم، کە یەکێکییان تایبەتە بە ڕاگواستن، توێژینەوەی دیکەشمان لەبەردەستدا هەن لەو بارەیەوە. ئێستا بێجگە لە ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێك بەهاوکاری زانکۆی سۆران و زانکۆی

کۆڤێنتری لە بەریتانیا، خەریکی دوو کارم، یەکێکییان وەرگێڕانی ئینسکلۆپیدیای جینۆسایدە بۆ زمانی کوردی، کە دەبوایە زووتر تەواوبووایە و کەمێکی ماوە. دووەمیشییان خەریکی کارکردنم لەسەر کتێبێك هەر تایبەت بە جینۆساید، بەڵام ئەمجارەیان باس لە پەیوەندی نێوان دین و جینۆسایدە. لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندی دین بە شاڵاوەکانی ئەنفال، بەشێکی گرنگ دەبێت لە کتێبەکەدا. هەروەها جینۆسایدی دێرسیم و جینۆسایدی ئێزیدییەکان و تاد بەشێك دەبن لە کتێبەکە .

ئیبراهیم سادق مەلازادە لە چەند دێڕێکدا :                              

* خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە کۆمەڵناسی، توێژەر و ئەکادیمی لە کۆمەلناسی سیاسی و جینۆساید، دانیشتووی لەندەن، بەریتانیا .

* مامۆستای کۆمەڵناسی تاوان و جینۆساید لە زانکۆی سۆران، هەولێر، هەرێمی کوردستان .

* توێژەری میوان لە (CTPSR) لە زانکۆی کۆڤێنتری، بەریتانیا. هەروەها توێژەری بەشدار لە سەنتەری توێژینەوەی ئێرێمۆ (iReMMo) لە پاریس .

* بەشێوەیەکی بەرفراوان لەبواری میدیا و ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە. بابەتەکانی لەچەندین ڕۆژنامەی جیاواز لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بڵاوکردونەتەوە .

* تاکو ئێستاش چەندین بابەتی ئەکادیمی بەتایبەتیش چاپتەری کتێبی بڵاوکردوونەتەوە .

* زەمیلی دامەزراوەی نۆربێرت ئەلیاسە لە ئەمستەردام .

* زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، هۆڵەندی و کوردی بە تایبەتمەندییەوە دەزانێت و شارەزاییەکی سنوورداریشی لەزمانی فارسیدا هەیە .



ڕیکلام